خەبات: ڕۆشنا عەلی:- دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ یەكمجارە دەنگ دەدەن و ئەزموونی دەنگدان تاقیدەكەنەوە، كە تا ئێستا تەمەنییان ڕێگای پێنەداون بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكەن و ئێستاش ئەو مافەیان هەیە كە دەنگ بە لیست وكاندیدەكانی هەركام لەو حزبانە بدەن، كە خۆیان پێیان باشەو بە شایستەی دەزانن. لە ڕاپۆرتێكی مەیدانی ڕۆژنامەی خەبات چەند قوتابییەكمان دوواند و پرسیاری ئەوەمان لێكردن دەنگ بەكێ دەدەن..؟
قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12دەنگ لە لیستی 190 ی پارتی دەدەن بەگشتی ئارامی و ئاسایشی كوردستانییان بەلاوە گرنگ بووە و لایان پێوەری سەرەكییە:
قوتابی ڕەزوان سیروان دەرچووی پۆلی 12یەو بەنیازە بچێتە زانكۆ، یەكەمجارە دەنگ دەدات دەربارەی ئەوەی كە ئایا چ هەستێكی هەیە كاتێك بۆ یەكەمجار دەنگدان تاقیدەكاتەوە؟ ئەو بۆ خەبات گوتی:هەستێكی خۆشە كاتێك كارتەكەم وەرگرتەوە دڵم پێی خۆش بوو، ئێستاش دەنگ دەدەم بە لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە ئەوەی لە توانایدابووبێت بۆ كوردستان كردوویەتی، نمونەیەكی زۆر سادە ئەوەیە تەماشای شارەكانی تری كوردستان یان عێراق دەكەم و تەماشای هەولێریش دەكەم و بەراوردی دەكەم، دەبینم جیاوازییەكە یەكجار زۆرە، چونكە پارتی دەستكراوەیە لە هەولێر و دهۆك، بۆیە ئەمنییەت و ئارامییەكی بێ وێنەی دابینكردووە، هەرسەیری شەقامەكان و ئارامیی هەولێر بكەی تێدەگەیت بۆچی دەنگ بە لیستی پارتی دەدەم.
*دەربارەی ئەوەشی كەئایا پارتی چی بۆ گەنج و قوتابی كردووە كە شایستەی دەنگی ئەوان بێت؟ ڕەزوان سیروان گوتی: من وەك خۆم تادرەنگ دەچمە دەرەوە بەبێ ئەوەی ترسم لە هیچ هەبێت، دوور نەڕۆین لای پردێ و ئەو ناوچانەی تر كە كەس ناوێرێت بۆی بڕوات، ئارامیی و ئەمنیەتی تیانییە، ئاسایشی هاووڵاتیان زۆر گرنگە بۆ گەنج كە دەبێت لە كاتی دەنگدان حیسابی ئەوە بكرێت.

ڕووناك خان ئاودەل زكری قوتابییە و بۆ یەكەمجارە دەنگ دەدات و بەنیازیشە دەنگ بە لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بدات، پرسیمان بۆچی دەنگ بە لیستی 190 پارتی دەدەیت؟ ئەو گوتی: چونكە لیستی پێكەوە ژیان و ڕێبازی بارزانییە، خەبات و مێژووی ئەم میللەتەیەو خاوەنی ئەزموونی كوردایەتییە، پارتی دەزانێت چۆن حوكمڕانی بكات و چی بكات.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا پارتی چی بۆ گەنج و قوتابی كردووە كە شایستەی دەنگی تۆ بێت؟ ڕوناك خان گوتی: هەر ئەمسال 1700 هەلی كاریان ڕەخساندووە بۆ گەنجان و دەرچووان لە هەموو كوردستان، من بڕوام بەوەش نییە كە زۆرێك لە گەنجان دەڵێن كار نییە، ئەگەر مرۆڤ دەرفەت بەخۆی بدات ئیش هەیە و دەتوانێت بیكات.
ڕەیان لەتیف قوتابییەكی دیكەی دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەییە و یەكەمجارە بەشداری دەنگدان و هەڵبژاردن دەكات، ئەو دەڵێت: دەنگ بە لیستی ژمارە 190ـی پارتی و كاندیدەكانی دەدەم، ئەوەشی وادەكات دەنگ بەو لیستە بدەم ئەوەیە كە تا ئەوپەڕی ئارامیی و ئاسایش لە هەولێر و دهۆك هەیە و خەڵك هەركات بیەوێت بۆ هەر شوێنێك دەتوانێت بڕوات بەبێ ئەوەی ترسی لەهیچ هەبێت، دواتریش هەست دەكەم پارتی بۆ قوتابییان لەلایەنەكانی تر زۆر باشترە، گرنگی بە قوتابی دەدات لە هەموو ڕوویەكەوە، ئێمە كارو خزمەتكردنی خەڵكیش دەبینین كە حكوومەت لەژێر سایەی حوكمڕانی پارتیدا كردوویەتی.
ئالان شەفیق مزوری قوتابییەو یەكەمجارە دەنگ دەدات، ئەو لەبارەی ئەو لیستەی دەنگی پێدەدات، گوتی: لیستی ئێمە دیارە، لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانییە، من ئارامیی و ئاسایشم دەوێت و لەژێر سایەی حوكمڕانی پارتیدا ئەو ئارامیی و ئەمنیەتەمان هەیە، پێشموایە بەهۆی پارتییەوە ئەم ئارامییە فەراهەم بووە، چونكە لەو شوێنانەی پارتی باڵادەست نییە، ئەمنیەت نییە، بۆیە دەنگ هەر بەو لیستە دەدەم كە ئەو ئازادییەی بۆ دابینكردووین.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا چ خاڵێكی گرنگی پارتی هەیە، كە بۆ تۆ گرنگە؟ سەرباری ئەو ئارامیی و ئەمنیەتەی كە بۆ هەمووان گرنگە، ئەو گوتی: ئەوەی لە ئارامی گرنگترە ئەوەیە پارتی یەكڕیزی هەیە و خاوەن بڕیارە، بەڵام من وەك خۆم لە هیچ حزبێكی تر نەمبینیوە، پارتی یەك سەرۆك و مەرجەعی هەیە، لەوپەڕی خزمەتیش بووە بەرامبەر بە قوتابییان، بۆ نموونە پرۆسەی خوێندن و فێركردن لە هەولێر باشترەو گرنگی زیاتری پێدەدرێت، لەوەش دڵنیام پارتی هەمیشە لە كاتی خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە.
هێلان سیامەند سلێمان قوتابییەو بۆ یەكەمجارە دەنگ دەدات و ئەو لەبارەی دەنگەكەی خۆی گوتی: دەنگی خۆم نافەوتێنم و دەچمە سەرسندوقی دەنگدان و دەنگیشم بۆ لیستی ژمارە 190ـی پارتییە. هێلان سیامەند دەشڵێت: دەنگم بۆ لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەبەر ئەوەی وەكو دەبینین شاری هەولێر چ خزمەتگوزارییەكی بۆ كراوە و شارەكانی تریش دەبینین. منیش ئەو حزبە هەڵدەبژێرم كە زۆرترین كاری كردووە. پارتی حزبێكی سەركەوتووە و دەنگم بۆ لیستی ژمارە 190ـی پارتی و كاندیدەكانی ئەو لیستە دەبێت.
كەوسەر تاڵب قوتابییە و یەكەمجارە دەنگ دەدات، ئەو گوتی: دەنگ دەدەمە لیستی 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی، چونكە رێبازێكە بۆمان ماوەتەوە و هەر لەسەر ئەو ڕێبازەش بەردەوام دەبین، دەربارەی ئەوەشی چی هانی دەدات دەنگی بۆ لیستی ژمارە 190ـی پارتی بێت؟ كەوسەر تاڵب گوتی: خۆشمدەوێت، وەك قوتابییەك هەستم بەوە كردووە هەموو ئەو ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزەرانییەی، كە هەیە لە سایەی پارتییەوەیە، پارتی هەمیشە باشترین حزبی كوردستانی بووە و لەژێر سایەی حوكمڕانی پارتیدا ئارامیی و ئاوەدانی و خۆڕاگری هەیە، پێكەوەژیان و ئەمنییەتی هەموو كوردستانیان لەژێ رسایەی پارتی بووە.