خەبات: عامر فەرحان:- دانیشتووانی شاری هەڵەبجە دەنگ بە لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن و كاكەییەكانی ئەو شارە رایدەگەیەنن، كە تەنیا پارتی گرنگیی بە پێگە و ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەڵەبجە و كاكەییەكان داوە. لەم راپۆرتەدا ژمارەیەك گەنجی كاكەیی قسە بۆ رۆژنامەی خەبات دەكەن و دەشڵێن، دەنگمان بۆ لیستی ژمارە 190ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت.

کەژاڵ حەمە نەزیم خاتوونێکی کاکەیی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە بە خەباتی ڕاگەیاند: دەنگدان بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگدانە بە لیستی دایکی شەهیدان و دەنگدانە بە حزبێکی نەتەوەیی کە هەگبەکەی پڕە لەسەروەریی و بەرخودان، هاوکات بەرنامەو دیدگای نوێی هەیە بۆ ئایندە، دەنگدانە بە حزبێک و لیستێک پێکهاتووە لەسەرکردەیەکی دڵسۆزو کادیری لێهاتوو و ماندوونەناس، بۆیە وەک ماف و ئەرکێک پێویستە هاووڵاتیان بەشدارییەکی بەرفراوان لەم دەنگدانە بکەن.

دەشڵێت: لای هەمووان ئاشکرایە لە کوردستان پێکەوەژیان بە جیاوازی ئایین و زمان کلتوور و تایفەو …هتد، ڕەگ و ڕیشەی قوڵی هەیەو ئەوانیش ئاشووری و تورکمان و مەسیحی و کاکەیی و شەبەک و…هتد، كە هەموو ئەوانە لەژێر سایەی حوكمڕانی پارتیدا بە ئارامیی دەژین. گوتیشی: هەموو ئەمانە بە گیانێکی برایەتی پێکەوە ژیاون و لەژێر سایەو چەتری پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆک باررانی ئەم پێکەوە ژیانە ڕوون و بەرجەستەیە، كوردستان بەپێچەوانەی زۆرینەی وڵاتان هەمیشە لانکەی برایەتی و تەبایی و پێکەوە ژیان بووە، ئەمەش گوزارشت لە ژیاندۆستی دەکات، بەوەی کە کوردستان ماڵی هەمووانە بە هەموو جیاوازییەکانییەوە، بەتایبەت پێگەو ڕێزی کاکەییەکان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانییەوە لەبەرچاوگیراوەو ئەرکی پاراستنی ناوچە کاکەیینشینەکان لە ڕووی ئەمنییەوە کە نزیکن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەئەستۆ گرتووە، کەژاڵ حەمە نەزیم دەشڵێت: پارتی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی کاکەییەکان بۆ زێدی خۆیان و گوندەکانیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆیان بەتایبەت گوندەکانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە وەک هاوارو هەوارەکۆن و دەرەتفێ كردووە، هەمیشە خەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووەو بەتەنگ پاراستنی مافی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکانی کوردسانەوە بووە، بەتایبەت کاکەییەکان، بۆیە ئێمەش لەم هەڵبژاردنە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێرین.

شکار کاکەیی گەنجێکی دانیشتووی هەڵەبجەیەو لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی خەباتی گوت: ئێمە وەک کاکەیی لەژیر سایەی سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستاندا مافەکانمان پارێزراوە، پارتی لەکابینەکانی پێشووتردا کەسایەتی کاکەیی لە پۆستی وەزیر داناوە، لەکابینەی نۆیەمیشدا چەندین پۆستی حکومی بە کاکەییەکان دراوە، پارتی جیاواز لە لایەنەکانیتر بە چاوێکی دنیابینیەوە سەیری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکات و ڕێزیان لێ دەگرێت، بۆیە ئێمەش وەک کاکەییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە متمانەی خۆمان دەدەین بە لیستی 190ی پارتی دیموکراتی کوردستان.

سەبارەت بە گرنگی هەڵەبجە بەلای پارتییەوە، شکار کاکەیی ئەوەشی بە خەبات گوت: ڕوونە لای هەموومان کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە گرنگیپێدانەوە دەڕوانێتە شاری هەڵەبجەو دەنگی هەڵەبجەی گەیاندۆتە سەرجەم پایتەختەکانی جیهان و هاوکاری بۆ ئەم شارە فەرامۆشکراو و شەهیدە کۆکردۆتەوە، لە پرۆژەی خزمەتگوزاریشدا هاوخەم و دەستپێشخەر بووە و بە پرۆژە بەردەوامەکانی ویستویەتی زام و ئازاری هەڵەبجە ساڕێژ بکات.

شكار كاكەیی دەشڵێت: پرۆژەی بە پارێزگاکردنی شاری هەڵەبجە یەکێکە لەهەر پرۆژە گرنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم شارەو هاوکات دابینکردنی ئاوی خاوێنی خواردنەوەو کردنەوەی زانکۆ وەک باڵاترین پێگەی ڕۆشنبیری ناوچەکە نموونەی بەرچاون. گوتیشی: پارتی بەردەوام لە هەوڵدابووە بۆ دڵنەوایی دانیشتووانی هەڵەبجەو چارەسەرکردنی بریندارەکانی، بۆیە داوا لەدانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەم بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی شارەکەمان لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێرن.

تاڤان بەرزان کاکەیی بە خەباتی ڕاگەیاند: ئێمە بڕوامان وایە بۆ ئەوەى کوردستانێکى بەهێزمان هەبێت، دەبێت متمانەى خۆمان بە لیستى 190ـی پارتى بدەین، چونکە دەزانین تەنیا پارتییە دەتوانێت پارێزگارى لە قەوارەى دەستوورى کوردستان بکات و گەشەى پێبدات، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە ڕووبەڕووی نەیاران دەبێتەوەو کوردستانییان بەتەنیا جێ ناهێڵێت.

گوتیشی: پارتى بەگشتى هێزێکى سیاسى دیموکراسییە هەموو ئایین و مەزهەبەکان تێیدا ڕێزلێگیراون، کاکەییەکانیش یەکێکن لەو پەیڕەوانەى ئایینى کە لەناو پارتى پێگەى بەهێزیان هەیە، لە ئۆرگانى ڕێکخراو تاکو کۆمیتەى ناوەندى، پارتى مەبەستییەتى پێڕەوانى ئایینى کاکەیی کە کوردى ڕەسەنى وڵاتن جێگا و پێگەى خۆیان هەبێت و پارتى بەتەواوى مانا پشتیووانى پێكهاتە ئاینییەکان دەكات، پارتى بووەتە هێزی پاراستنى ماف و دەستکەوتەکانمان. ئێمەش متمانەی خۆمان دەدەین بە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشدا: پارتى بۆ هەڵەبجە زۆر شتى کردووە، لە ساڵى 1992 کاتێک پارتى پڕۆژەى ئاوى هەڵەبجەی لە ئاوى سەرچاوەى زەڵمەوە بۆ هەڵەبجە ڕاکێشا کە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و ستراتیژی بوو، ئێستاش پڕۆژەکانى ڕێگا و پردى تووە قووت و سایلۆ و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و کوچە و کۆڵانەکانی شار هەموو لەسەر دەستى پارتى بووە، بۆیە مافی خۆیەتی پارتى متمانەى خەڵکى هەڵەبجە وەربگرێت و هاوشێوەى قەزاى زاخۆ هەڵەبجە دەبوژێتەوە، بۆیە داوا لەتەوای دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەم بۆ ژیانێکی باشتر و بۆ ئاوەدانی و خزمەتی زیاتر، بۆ ئەوەی شکۆمەندانە بژین دەنگ بدەن بە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان.