دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، داوا دەكا ئیدارەی ئەمنیی كۆیە روونكردنەوە لەسەر ئەو رووداوە بدەن لەسەر سووكایەتیپێكردن و ڕفاندن و ئەشكەنجەدانی هونەرمەند سەردار كەركووكی.
ئەمڕۆ هەینی 27/9/2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە لێدان و سووکایەتیکردن بە هونەرمەندی میللی سەردار كەركووكی لە کۆیە لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە، ڕایگەیاند: رۆژی ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ هاووڵاتیەک بە ناوی سەردار کەرکووکی، کە پیشەی هونەرمەندی میللییە و دانیشتووی شاری کۆیەیە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بە ئۆتومبێلی سەربازی لە ماڵەکەی خۆی بردراوە و دواتر لێی دراوە و سووکایەتی پێ کراوە، وەک خۆی ئاماژەی پێ کردووە، ناسنامەی هێزەکە ناسرابووە و بێ هیچ هۆکارێک و بەبێ فەرمانی دادوەر بردوویانە.
دەستەكە رایگەیاندووە: ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، وێڕای ئەوەی ئیدانەی ئەو کارە و مامەڵەی ئەو هێزە دەکەین، لە هەمان کاتدا پێویستە هەرچی زووە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە کۆیە و پۆلیسی ئەو شارە ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەو ڕووداوە و ناسنامەی بکەرانی ئەو کارە نایاسایی و دوور لە ڕێکار و ئادابی گشتییەش ئاشکرا بکەن، هەرچی زووە بکەرانی ئەو کردارە بدرێنە دادگا و داواکاری گشتیی کۆیە ڕۆڵی خۆی ببینێ بۆ جووڵاندنی سکاڵا لەپێناو پارێزگاریکردن لە مافی کەسی و گشتی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕاشیگەیاندووە: ناکرێ بە هیچ بیانوویەک و لەژێر هیچ ناوێکدا، هیچ هێزێکی ئەمنی دوور لە یاسا و فەرمانی دادوەر بچنە سەر ماڵی هاووڵاتیان، وەک دەستەش لە نزیکەوە چاودێریی ئەو کەیسە دەکەین و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە کۆیە لەسەر خەت دەبین.