خەبات: پەیام حازم:- فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ، کە بۆ ساڵی چوارەم بەڕێوەچوو و کۆتای هات، براوەکانی فیستیڤاڵ خەڵات کرا، ئەم فیستیڤاڵە، لە ڕۆژی ١٨-٩-٢٠٢٤بۆ ڕؤژی ٢٢-٩-٢٠٢٤ بەردەوام بوو، بە سەرپەرشتی خاتوو گولیزار گەردەنزەری.

مهران شیری، دەرهێنەرێکی کوردە، بە فیلمی مەهسا پێکەنی، بەشداری فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بووە لە مۆسکۆ، دەربارەی فیستیڤاڵەکە دەڵێت: پێش فیتستیڤاڵەکە دەمەوێت بڵێم، ڕووسیا وڵاتێکی زۆر کۆنە لە بواری سینەمادا، یەکەم فیلم کە لە فەرەنسا دروستکرا، سئ مانگ دوای ئەوە لە ڕووسیا نمایش کرا، بۆیە زۆر جێگای خۆشحالییە، لە وڵاتێکی وەک و ڕووسیا ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی هەبێت، بۆ من جێگای خۆشحالییە لێرەم، فیستیڤاڵەکە لە ئاستێکی زۆر باشدایە، هەموو فیلمەکان نمایشکران و بینیمان، منیش بە فیلمی مەهسا پێکەنی بەشداریمکرد، ئەم فیلمە فیلمێکی درێژە، لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵەکەدایە، ئەم فیلمە باس لە کێشە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی و کێشەی ژن دەکات.

مهران شیری گوتیشی: هەر کەسێک من بم یان هەر دەرهێنەرێکی دیکە، خەلاتی فیستیڤالەکە ببات، جێگای دڵخۆشییە، ئەوەی گرنگە فیلمەکان ژێر نووسی ڕووسی کرابوون، کۆمەڵێک بینەری باشی ڕووسی هەبوون، بۆ بینەرە ڕووسەکان فیلمەکان گرنگ بوون و زۆر دەستخۆشیان لێکردین، بەوەی سەیری کۆمەڵێک فیلمیان کردوە، کە جیاوازە لە کلتوری خۆیان. سینەما هونەری حەوتەمە و هەر شەش هونەرەکەی تێدایە، ئێمە دەتوانین لە ڕێگای سینەماوە هەموو ئازار و ناخۆشی جوانی پێشانی دونیابدەین، ئەوەی بە هونەری سینەما دەکرێت، بە بازرگانی و بە سیاسەتیش ناکرێت.

براوەی خەڵاتی فیلمی درێژ، مەهدی ئومێد، لە کەرکوکەوە بەشداری کردوە، بۆ خەبات گووتی: گرنگی بردنەوەی ئەم خەڵاتە ئەوەیە، دادوەرەکان کورد نەبوون، کەسیان ئێمە ناناسن، هەموو فیلمەکان فیلمی باش و جوان بوون. خەڵات خەلاتی هەموومانە نەک تەنها من، بابەتە پرسە نەتەوایەتییەکان زۆر گرنگن ئێمە دەبێت ئەم پرسانە لە فیلمەکانماندا ڕەنگ بداتەوە. پیشانی دونیای بدەین کە ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆی بە دەست بهێنین. دەربارەی فیلمەکەی منیش بە گووتەی یەکێک لە ئەندامانی لێژنە، فیلمەکەم یەکێکە لە فیلمە باشەکان و هەر بۆیەشە خەڵاتی بردوە.

خەلیل سەحراگەرد، بە فیلمی دارتاش بەشداریکردوە، توانی براوەی خەڵاتی فیستیڤاڵی کوردی بێت لە مۆسکۆ، کە بە کورتە فیلمی دۆکۆمێنتاری بەشداریکردوە، دەڵێت: دڵخۆشم بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، ئەمە ئەرکی منی قورسترکرد بەرامبەر فیلم و سینەما، پێشتر کاری فۆتۆگرافیمکردوە، ئەمە یەکەمین فیلمی منە، بۆیە دەبێت لە دوای ئەم خەڵاتە ئاگاداری باشترکردنی کارەکانمان بین. بەدەر لەوەی دڵخۆش بووم بەوەی فیلمەکە خەڵاتی برد، کۆبوونەوەی ئەم هەموو دەرهێنەر و فیلم دۆستە لە فیستیڤاڵێکی ئاوادا، زیاتر خۆشحاڵی کردین.