خەبات: ئاشنا جاف:- تەن، یان سیستەمێكی دیاریكراو تەنها كاتێك بە جێگیر دادەنرێت، كە كۆی ئەو هێزانەی بەسەریدا دەسەپێندرێت یەكسان بێت بە سفرەوە. ئەمە هێزی شتەكان و كاریگەری هێزی كێشكردنە. بەم شێوەیە شتەكان لەگەڵ یەكتریدا كارلێك دەكەن، ئێمەش وەك مرۆڤ، بە گرنگترین بەشی ئەم كارلێككردنە دادەنرێین. بۆیە كاتێك هاوسەنگی لە سیستەمێكدا تێكدەچێت، پێكهاتە بنەڕەتییەكانی ئەم سیستەمە هەوڵدەدەن لە شوێنێكدا قەرەبووی بكەنەوە. ئامانجیش هەمیشە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و سەقامگیرییە. بەڵام مەرج نییە سیستەمەكە بۆ دۆخی پێشووی خۆی بگەڕێتەوە.

سیستمە ناجێگیرەكان
لەگەڵ هەر كەلێنێك لە ناهاوسەنگی و هەوڵدان لە بەرامبەر قەرەبووكردنەوەدا، ئەم پرۆسەیە سیستەمێكی نوێ، بەڵام جێگیرتر بەرهەم دەهێنێت. بەڵام سەقامگیری بەردەوام لە تایبەتمەندییەكانی ئەم سیستەمانەدا نییە، بەتایبەتی كاتێك شتەكە بە ڕۆڵی مرۆڤەوە پەیوەست دەبێت. لە هەر شوێنێك مرۆڤ هەبێت، بزاو و گۆڕانكاریش هەیە. بۆیە دەكرێ بڵێین، گۆڕان لە گەشەسەندنی مرۆڤدا تاكە شتی نەگۆڕە.

هاوپەیمانیەتییەكان
هاوپەیمانیەتییەكان؛ بە سیستەمێكی قووچەكی پێكهاتوو لە یاریزانانی سەرەكی و لاوەكی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دادەنرێن. چونكە هەر كە دروست بوون، ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر پێكهاتەی سیستەمی جیهانیدا دەبێت و كەلێن لە ناهاوسەنگیدا دروست دەكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی كاردانەوەی توخمەكانی تری پێكهاتەی جیهانی. ئامانجیش هەمیشە قەرەبووكردنەوەی ئەو كەلێنەیە كە ڕوویداوە. هاوپەیمانیەتییەكان بە بەشێك لە سیستەمی بەرپەرچدانەوە دادەنرێن. ئەمە دۆخی ژاپۆنە لەگەڵ ئەمەریكا، لە بەرامبەر ستراتیژیە گەورەكەی چین لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا.

وڵاتانی بچووكی ئەوروپای رۆژهەڵات
ئەمە دۆخی وڵاتە بچووكەكانە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا. تەنها بۆ ئەوە چوونەتە ناو ناتۆ، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕووسیا لە هەوڵی وەرگرتنەوەی ناوچەكانی هەژموونی لە دەوروبەری نزیكیدا بكەن. لە هەموو هاوپەیمانیەتییەكی گەورەدا، چەقی قورسایی و تەوەری سەرەكیی هەیە، كە هەموو توخمە پێكهاتەكانی ئەم هاوپەیمانیەتییە بە دەوریدا دەسووڕێنەوە. ئەم هۆكارەش بۆ تواناكانی چەق لە ڕاكێشكردنی ناوەندی دەگەڕێتەوە. ئەم توانایانەش زیاتر لە ڕەهەندەكانی سەربازیی و ئابووریی دەسەڵاتی ناوەند، لە هەر هاوپەیمانیەتییەكدا بەرجەستە دەبن. هاوپەیمانیەتییەكان ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر ستراتیژییە گەورەكانی وڵاتانی پێكهێنەریدا هەیە.

ئەندامان و ئاستەكانی ئازادی
بە پشتبەستن بە پێكهاتەی هاوپەیمانی، ئامانج و تواناكان، وڵاتانی ئەندام ستراتیژییەكانی خۆیان، بە شێوەیەكی پتوون لەگەڵ ڕێكخراوەكە بە گشتی دادەڕێژن. لە هاوپەیمانیەتیدا هیچ ئازادییەكی ڕەها بۆ وڵاتانی ئەندام نییە. ئەو بەرپەرچدانەوە دابین دەكات، بەڵام بەربەستی گرنگیش دەخاتە بەردەم ستراتیژییە گەورەكان. سەركەوتن بە دوژمنی ژمارە یەكی هاوپەیمانیەتییەكان دادەنرێت. دوای سەركەوتن، بەزۆری هاوپەیمانیەتییەكان دەكەون، یانیش بە شێوەیەكی ڕیشەیی دەگۆڕێن. بەڵام مەترسی نزیك، بەو چەسپ و لێكدەرە دادەنرێت، كە هاوپەیمانیەتییەكە بە تۆڕێكی جاڵجاڵۆكەیی دەبەستێتەوە. ئەمە دۆخی ڕێكخراوی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و هەروەها هاوپەیمانی وارشۆ بوو.

لەبەرچی ناتۆ گۆڕا؟
ناتۆ تەنها لەبەر ئەوە گۆڕا، كە هاوپەیمانی وارشۆ هەڵوەشایەوە و یەكێتی سۆڤیەتیش چیتر مەترسی بۆ سەر بوونی وڵاتانی پێكهێنەری ناتۆ دروست نەدەكرد. ئەدی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا نەیگوت: ناتۆ لەسەرە مەرگ دایە؟ بەڵام ناتۆ، دوای گەڕانەوەی مەترسی ڕووسیا و لەشكركێشی بۆ سەر ئۆكرانیا، بە جلوبەرگێكی تازە گەڕایەوە. هاوپەیمانیەتییەكە چەندە گەورە بێت، چەندە هەندێ وڵات لەخۆبگرێت، كە قورسایییەكی گەورەیان هەیە؛ كاریگەریشی لەسەر سیستەمی جیهانی گەورەتر دەبێت. ڕابەری چین، ماو تسی تۆنگ، لە هاوپەیمانیەتی گەورەی كۆمۆنیستی لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەت دەرچوو، ئەمەش دوای سەردانەكەی سەرۆكی ئەمەریكا، ڕیچارد نیكسۆن، بۆ پەكین بوو. بەهۆی ئەم دەرچوونەشەوە، هەندێ لە بیرمەندان گوتیان، جیهان لە دوو جەمسەرییەوە بۆ جیهانێكی سێ جەمسەری گواسترایەوە.

سیمای هاوپەیمانیەتییەكان لە جیهانی ئەمڕۆدا
چاودێركردنی جووڵەی سەرۆكی وڵاتانی گەورە، ئەو وڵاتانەی سەردانیان دەكەن، شوێنی جیۆپۆلەتیكی ئەو وڵاتانە و ئەو ڕۆڵەی دەتوانن بیگێڕن بەسە، بۆ ئەوەی بزانین، چەقی كێشكردنی سیستەمی جیهانی، لە سەدەی بیست و یەكدا لە كوێ دەبێت. ئەگەر شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپا وای كرد، قورسایی جیهان بۆ ماوەی 500 ساڵ لە جیهانی ڕۆژئاوادا بێت. شۆڕشی تەكنەلۆژی ئەم چەقی كێشكردنە بۆ دەشتی ئۆراسیا، هەروەها بۆ ناوچەی هیندستان و زەریای هێمن دەگوازێتەوە. ئاماژەكانی سەر ئەمە چین؟ سەرۆكی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین، سەردانی كۆریای باكوور و ڤێتنامی كرد، ئەو دوو وڵاتەش، لە چوارچێوەی هەژموونی چین دادەنرێن. لە ساڵی 1979دا، چین شەڕێكی سنوورداری وەك تەمبێكردن دژی ڤێتنام كرد، چونكە لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتی ئەودەمدا بەشداریی لە هەوڵی گەمارۆدان و دەستەمۆكردنی چیندا كردبوو. هەروەها ڤێتنام لەسەر دیاریكردنی سنوورەكانی دەریایی لە دەریای باشووری چیندا، ناكۆكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ چیندا هەیە. بەم سەردانانە، بە گوتەی هەندێ لە شارەزایان، سەرۆك پوتین ئامانجی ئەوەیە، ڕووسیا وەك زلهێزێكی گەورە، نەوەك زلهێزێكی گەورەی پاشكۆی چین نیشان بدات.

چین و كازاخستان
لە لایەكی دیكەوە، سەرۆكی چین سەردانی كازاخستانی كرد، كە ناوچەیەكی هەژموونی باو و مێژوویی ڕووسیایە. لە ئاسیای ناوەڕاستدا، پڕۆژەی پشتێن و ڕێگەی سەرۆكی چین تێدەپەڕێت. بەناو كازاخستانیشدا، پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ چین – ڕێڕەوی ناوەڕاست، كە لە ڕووسیا ڕەت دەدات تێدەپەڕێت. تەنانەت دەنگگەلێكی بەرزی زۆریش لە چین هەن، كە داوای گێڕانەوەی بەشێكی زۆری خاكی چین دەكەن، كە یەكێتی سۆڤیەت بەزەبری هێز زەوتی كردوون، ئەمەش وای كردووە، لە هەڵكەوتەی ڕاستەوخۆی دەریای ژاپۆن بێبەش بێت. سەرۆك وەزیرانی هیندستان لەم دواییانەدا سەردانی ڕووسیای كرد، ئەمەش گرنگترین سێگۆشەی جیۆپۆلەتیكی جیهان تەواو دەكات كە بریتین لە: چین، ڕووسیا و هیندستان. ئەو، واتە سەرۆكی هیندستانیش، لە نزیكبوونەوەی ڕووسیا و چین نیگەرانە. لەگەڵ چین و ڕووسیا دەشتی ئۆراسیا هەیە. لەگەڵ هیندستان و ڕووسیاش، پەیوەندییەكی بەیەك گەیشتن لە نێوان دەشتی ئۆراسیا و ناوچەی هیندستان و زەریای هێمن هەیە.

ناوچەی هارتلاند
ئایا جیهان لە ئێستادا، قۆناغی بەستنەوە لە ناوچەی هارتلاند بەخۆوە دەبینێت، وەك ئەوەی بیرمەندی ئینگلیزی، هالفۆرد ماكیندەر، مژدەی هاتنەدی لە ناوچەی ڕیملاند داوە، بە گوتەی بیرمەندی ئەمەریكی، نیكۆلاس سپایكمان؟ یان شەیتان لەنێو وردەكارییەكان دایە؟ لە كۆتاییدا، لە واشنتۆن 75ـەمین كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ بەڕێوەچوو. لەوێدا هاوپەیمانیەتییەكە باسی چینی، وەك مەترسییەكی ئەگەری كرد. هەروەها هاوپەیمانیەتییەكە ستراتیژی خۆی بۆ جەنگی ڕووسیاش دژی ئۆكرانیا دیاری كرد. لە كۆتاییدا، شارەزایان دەڵێن، لە سیاسەتدا هیچ شتێك جێگیر نییە، بەرژەوەندییەكانیش هەمیشە لە پێش دۆستایەتییەوە دێن، ئەو شتەی ئەم زلهێزانە بە تایبەتی چین و ڕووسیاشی كۆ كردووەتەوە، دوژمنایەتی هاوبەشیانە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا. بەڵام ئەوەی لە یەكتریشیان جیادەكاتەوە، چارەنووسی جوگرافییە. جوگرافیا بە ناچاری بەیەكەوەی بەستاونەتەوە، بەڵام ناكۆكی لەسەر ئەوەی كێ بەرزەفتی بكات، هەندێ جار بووەتە هۆی، ئامادەیی ڕووسیا تەنانەت بۆ بەكاهێنانی چەكی ئەتۆمیش.
سەرچاوە: www.aawsat.com