خەبات: هاوار مورتكەیی:- ئێوارەی هەینی، دهۆکی رەنگین، لە شەوێکی مێژووییدا کەرنەڤاڵی دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقی لە ئامێز گرت، ڕێوڕەسمەكە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق، و خافێر تیباس سەرۆکی تۆپی پێی ئیسپانیا، بە ئامادەیی زیاتر لە 20 هەزار هاندەر لە دهۆک بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە نمایشی میوزیکی هونەرمەند دڵشاد سەعید دەستی پێکرد ، دواتر مەسرور بارزانی وتارێکی کورتی پێشکەشکرد، وێڕای بەخێرهاتنی هەمووان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە لەم بۆنەیەدا لە شاری دهۆك ئامادەیە، دواتر عەدنان دەڕجال بە وتارێک، دەستپێکی خولەکەی راگەیاند و سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی دهۆکی کرد بۆ میوانداریکردنی ئەو رێوڕەسمە، ئینجا چەندین بەرنامەی گۆرانی و هەڵپەڕکێ بوونە بەشێک بوون لە دەستپێکی کەرنەڤاڵەکە.
یاریگاکە باوەشی بۆ یاری دهۆک و زەوڕا کردەوە، کوڕانی دهۆک لە یەکەم یاریدا لە یاریگای خۆیان میوانداری زەورای یانەی مێژوویی عێڕاقی کرد، زەوڕا هەرزوو لە رێگەی حەسەن قۆقی لە خولەکی 11 گۆڵی پێشکەوتنی یانەکەی تۆمارکرد و دهۆکی بە گۆڵێک پاشخست، دهۆک لە گێمی یەکەم زۆری هەوڵدا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە بەڵام تا کۆتا خولەکی گێمی یەکەم یارییەکە بە گۆڵێک لە بەرژەوەندی زەوڕا کۆتایی هات.
گێمی دووەم بۆ دهۆک جیاواز بوو، ئاستێکی باشتر و فشار و هێرشی زۆر، یاریزانانی دهۆک چەندین هێرشی مەترسیی بۆسەر گۆڵی زەورا برد، بەڵام سەرەنجام نەیانتوانی گۆڵی بەرامبەر بوون تۆمار بکەن و یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی زەورا کۆتایی هات، دهۆک بە یەکەم یاری و یەکەم شکست دەستی بە یارییکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق کرد و نەیتوانی بردنەوە بکاتە دیاری بۆ هاندەرانی دهۆک.











