یوسف ئەحمەد سەرپەرشتیاری پەروەردەیی: ئەگەر خولی بەردەوام بۆ ئەو مامۆستایانە بكرێتەوە دەتوانن تاڕادەیەك گونجاندن لە نێوان هەردوو جۆری قوتابی دروستبكەن.
محەمەد عبدلڕەحمان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی: سیاسەتی تێكەڵكردن بۆ منداڵەكان كێشەی نابێت،چونكە لە پۆلی یەكی بنەڕەتییەوە دەست پێدەكەن.
خەبات: ڕۆشنا عەلی:- وەزارەتی پەروەردە لەچوارچێوەی كارەكانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەستی بە سیاسەتی تێكەڵكردنی پەنابەرانی سوری لە قوتابخانە ئاساییەكان كرد.بەجۆرێك هەموو منداڵێكی ڕۆژئاوا لەهەر قوتابخانەیەك بیەوێت دەتوانێت دەستی بە خوێندن بگات و مامۆستاكانیش بە هەمان شێوە لەهەر قوتابخانەیەك بیانەوێت دەتوانن وانەبڵێنەوە، پرسیارە سەرەكییەكە لەم ڕاپۆرتەی ئێمە ئەوەیە كەئایا مامۆستایانی ڕۆژئاوا دەتوانن بەهەمان ئاستی مامۆستایانی هەرێمی كوردستان وانە بڵێنەوە بەتایبەتی بۆ ئەووانانەی كە كوردین؟ ئایا مامۆستایانی هەرێم بەهەمان ئەو ئاستەی قوتابییەكی هەرێم تیدەگەیەنن دەتوانن قوتابییەكی رۆژئاواش تیبگەیەنن ئەمانە نابنە گرفت لە قوتابخانەكان؟ ئەگەر گرفتن چارەسەر چییە؟ لەمبارەیەوە لاپەڕەی پەروەردەو خوێندن ئەم ڕاپۆرتەی ئامادەكردووە.
*بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك كەژمارەیەكی زۆر قوتابی رؤژئاوای لە قوتابخانەكەی وەرگرتووە ئاماژەی بەوەدا كە فێركردنییان زەحمەتترەو زۆریان بە زەحمەت نمرەی دەرچوون بەدەست دەهێنن كێشەكەش ئەوەیە زمانی كوردی بەباشی نازانن و لە ماڵیشەوە بە زمانی عەرەبی گفتوگۆ دەكەن دەربارەی مامۆستایانیش ئەگەر بەو جۆرەی لە قوتابخانە سورییەكان وانەیان وتۆتەوە لە ئاساییەكانیش وابن بێگومان كێشە بۆ قوتابیانی سۆرانی دروست دەبێت.
*سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی ئاماژە بەوەدەدات كە ئێستا وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاری ڕێكخراوێكی نەرویجی بۆ پەنابەران خولی زمانی كوردی بۆ ئەو مامۆستایانە دەكاتەوە مامۆستا یوسف ئەحمەد سەرپەرشتیاری پسپۆڕی زمانی كوردی بۆ خەبات گوتی:ئەگەر ئەم خولانە بەردەوام بن ئەوا ڕەنگە تاڕادەیەكی باش گونجاندن دروست ببێت، ئێمە كەبەشدار بووین وەك مامۆستا لە ئەلف و بێی كوردییەوە دەستمان پێكردووە و خولەكەش تایبەتە بەزمانی كوردی ڕۆژانە دەقی ناوكتێبی قۆناغەكانی چوارو پێنج و شەشیان بۆ دەنوسین و ڕینوسییان پێدەكەین.
یوسف ئەحمەد سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بۆ خەبات دەدوێ
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەمە تاچەند كارێكی ئاسانە وگونجاندن دروست دەبێت لەكاتێكدا ئێوە لە پیتەوە دەست پێدەكەن ؟لەمبارەیەوە یوسف ئەحمەد گوتی:ئێستا لەم خولە چەند كۆمەڵێكمان هەیە هەیانە یەكەمجارە بەشداری دەكات هەشیانە دووەم و سێیەم جارە بە دڵنیاییەوە ئەوانەی تەمەنییان كەمترە زووتر بابەتەكە وەردەگرن و ئەوانەشی دووەم جارە لەوانەی یەكەمجار باشترن.
*دەربارەی ئەوەشی كەئایا ئێوە وەك سەرپەرشتیارێك تاچەند متمانەتان هەیە مامۆستایەكی ڕۆژئاوا بە هەمان ئاست منداڵێكی ئاسایی و رۆئاوا فێربكات یان بە پێچەوانەوە؟ لەم بارەیەوە ئەو سەرپەرشتیارە گوتی: بۆ قوتابخانەكانی سوری و منداڵانی رۆژئاوا كێشەیان كەمتر دەبێت ،بەڵام بۆ قوتابییەكی هەرێم لە هەولێر یان سلێمانی وانەی پێبڵیتەوە قورس دەبێت.
*سلاڤا سلێمان مامۆستایەكی قوتابخانەی رۆژئاوا بووە و ئێستاش دوای سیاسەتی تێكەڵكردن دەتوانێت لەهەر قوتابخانەیەك بێیەوێت وانەبڵێتەوە ئەو بۆ خەبات دەربارەی ئەوەی كەئایا بۆ ئێوە كامییان زەحمەتترە ئەوەی لە قوتابخانەكانی خۆتان بن یان تێكەڵ ئەو مامۆستایە گوتی: یەكەم جارە دەچمە قوتابخانەی تێكەڵ و لەم خولانەش زۆر باش فێربووم و ئاسانتر بووە بۆم ودەتوانم وانە بە قوتابی سۆرانی بڵێمەوە وەك ئەوەی بە قوتابییەكی ڕؤژئاوای دەڵێمەوە حەتمەن جیاوازن ،بەڵام دەبێت زیاتر خۆمان ماندوو بكەین بەڕاستی هەروا ئاسان نییە.
سلاڤا سلێمان مامۆستایەكی قوتابخانەی رۆژئاوا بۆ خەبات دەدوێ
*هەر لەبارەی گرنگی خول بۆ ئەم مامۆستایانە بەتایبەتی زمانی كوردی سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی ئاماژە بەوەدەدات ئەمە ڕاستییەو بڕیارە و دەبێت ئەو مامۆستایانە خۆیان ڕابهینن و هەوڵ بدەن و ئێمەش وەك سەرپەرشتیاری زمانی كوردی هەوڵێكی زۆرمان داوە بەئاسانی بابەتەكەیان پیبگەیەنین مامۆستا محەمەد عبدلرەحمان عارەب سەرپەرشتیاری پسپۆڕی زمانی كوردی لە پەروەردەیی ناوەندی هەولێربۆ خەبات گوتی: دووەم جارە بەشداری دەكەین لە دوو خول هەریەكێكییان ماوەكەی 15 ڕۆژ بوو بۆ ئەومامۆستایانەی رۆژئاوا كە وانە دەڵێنەوە لە قوتابخانە ئاساییەكان وەك ئاشكرایە زۆربەی زۆری وشەكانی ئێمە هاوبەشن هەندێكییان نەبێت كە داوامان كردووە مامۆستاكان فەرهەنگی زمانی كوردی بەكاربهێنن بۆ ئەوەی بتوانن زمانێكی ستاندارد فێری منداڵەكانمان بكەن.ناڵێم ئاسانە ،بەڵام ئێمە هەوڵی باشمان داوە وئێستاش ئەو مامۆستایانە دەتوانن زۆر گفتوگۆی سۆرانی بكەن. ئەم پرۆسەیەش پرۆسەیەكی بەردەوامە ناتوانین بڵێین مامۆستایەك بە 15رۆژ تەواو فیر دەبێت.
هەندێكییان باش دەتوانن پرسیار بە سۆرانی بكەن و گفتوگۆش بكەن ،بەڵام هەموویان نا چونكە هەندێكییان لە كەمپەكان بوون و بەكەمی تێكەڵی خەڵك بوون. دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بۆ منداڵەكان تاچەند كێشەیە ئەو سەرپەرشتیارەی زمانی كوردی گوتی بۆ منداڵەكان تاڕادەیەك ئاسانترە چونكە ئەوان لە پۆلی یەكی بنەڕەتییەوە دەستییان پێكردووە.
سیاسەتی تێكەڵكردن پڕۆسەیەكە ڕێكخراوی پەنابەرانی جیهانی UNHCR و هاوبەشەكانی كاری لەسەر دەكەن بۆ ئەوەی پەنابەرانی هەر وڵاتێك بتوانن بگەنە ئاستی خوێندنی ئەو وڵاتەی پەنابەرەكە پێی گەشتووە و نایەوێت لە چوارچێوەی خوێندنێكی كاتیدا قەتیسییان بكات ئەمەش دەرفەتی تێكەڵكردنی زیاتر بە پەنابەران دەدات و كلتورەكانیش لەرێگای خوێندنی تێكەڵ لەیەكدی نزیكتر دەكاتەوە.