خەبات: حەمە ئەحمەد جاف: کاتژمێر 4ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە رێککەوتی 2024/9/19 دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، لە هۆڵی هوتێل چوارچرا لە شاری هەولێری پایتەخت، لەژێر ناونیشانی (شەکراوخان پارێزەری فۆلکلۆر و کەلەپووری کورد) بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و زیرەک کەمال ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری ڕاگەیاندن و سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات و فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و سەرۆکی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و موحسین ئاوارە جێگری سەرۆکی لقی هەولێری نووسەرانی کورد و د. تەها رەسووڵ و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ئەدیبان و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشكەش بە نووسەر و فۆلكلۆریستی بە ئەزموون (پڕۆفیسۆر دكتۆرە شوكریە رەسووڵ) كرد.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا شاخەوان سەدیق بەڕێوەبەری دامەزراوەی کەریم عەلەکە گوتەیەکی سەبارەت بەڕێکخستنی ئەو ڕێوڕەسمە پێشکەشکرد، کە تێیدا باسی لەوەکرد کە دکتۆرە یەکێکە لە کەسایەتییە ئەدەبی و فۆلکلۆریست و ئەکادییمییەکانی کوردستان و بەرهەمێکی زۆری لەسەر کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردیمان کردووە بۆیە پێویستە ڕێزی لێبنرێت.

پاشان وتاری بەڕێزان پارێزگاری هەولێر و ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم و وتاری لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر خوێنرانەوە، پاشان دکتۆرە شوکریە ڕەسووڵ لە وتەیەکدا گوتی: ئەمڕۆ کە دامەزراوەیەکی وەک کەریمی عەلەکە ڕێزم لێدەنێ بە ڕۆژێکی مێژوویی دەزانم، دڵخۆشبووم کە ئەم هەموو ساڵەی تەمەن و بەرهەمێکی زۆرم بە فیڕۆ نەڕۆیشتووەو ڕێزم لێ دەگیرێت.

پڕ بەدڵ سوپاسی ئەو دامەزراوەیە و د. تەهای برام و کاک شاخەوان و سەرجەم ئامادەبووانی ئەو مەراسیمە دەکەم، دواتر هەریەک لە توێژەران د. مەولوود ئیبراهیم حەسەن، د. حەمە مەنتک، سابیر ڕەشید، سەرنجی خۆیان دەربارەی ئەزموونی د. شوکریە ڕەسووڵ، پێشکەشکرد، لەکۆتاییدا خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکە پێشکەش بە دکتۆرە کرا، پاشان بەڕێز مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات چەپکەگوڵی (ڕۆژنامەی خەبات) ی پێشکەش بە دکتۆرە کرد.

دواتر چەندین چەپکەگوڵی ڕێز و وەفا لەلایەن کەسایەتییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و دەزگا و ڕێکخراوەکانەوە پێشکەش بە دکتۆرە کرا، شایانی باسە، لەو مەراسیمەدا ژمارەی نوێی گۆڤاری ئەدەبیی “وانەر” کە فایلێکی تایبەتی دەربارەی د. شوکریە ڕەسووڵ تێدابوو، بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.