خەبات: پەیام حازم:- فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ، چوارەمین فیستیڤاڵە کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، گولیزار گەردەنزەری، بەرپرسی فیستیڤاڵەکە باسی لە فیستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت: ئەو هێمایانەی لەسەر پۆستەری چوارەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ وێنا کراون، مانایەکی قووڵی کولتووریان هەیە.
پەڕی تاووس: لە پۆستەرەکەدا پەڕێکی تاوسە، کە هێمایەکی بەهێزە بۆ گەلی کورد، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئێزیدیزمدا کە یەکێکە لە ئایینە کۆنەکانی کورد. لە ئێزیدیزمدا تاووس پەیوەستە بە مەلەک تاووس، کە کەسایەتی ناوەندی ئەم ئایینەیە. هەروەها باگراوەندو ڕەنگەکان نەرمی و مێینەیی نیشاندەدات، کە دەتوانێت هێمای ڕێزگرتن لە ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەی کوردی دەربخات.
گولیزار گوتیشی: بەکارهێنانی ڕەنگی مۆدێرن و شێوازی گرافیکی وا دەکات پۆستەرەکە پەیوەندیدار و سەرنجڕاکێش بێت بۆ بینەرێکی مۆدێرن. ئەمەش خواستی فێستیڤاڵەکە نیشان دەدات بۆ تێکەڵکردنی نەریت و مۆدێرنیتە، بۆ دروستکردنی گفتوگۆیەک لە نێوان کۆن و نوێ. بەم شێوەیە پۆستەرەکان نەک هەر ڕەنگدانەوەی لایەنە کولتووری و ئایینییەکانی گەلی کوردە، بەڵکو دەیانگونجێنێت لە چوارچێوەیەکی مۆدێرن، وایان لێدەکات کە تێگەیشتن و سەرنجڕاکێش بن بۆ بینەرێکی بەرفراوان.
سامی کاکە، دەرهێنەرێکی کوردە، میوانە لە فیستیڤاڵی فیلمی مۆسکۆ، دەربارەی چوارەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی دەڵێت: فیستیڤاڵی سینەما لە جیهاندا بەرەو پێش دەڕوات، کورد دەتوانێت لە ڕێگەی سینەما خۆی بە جیهان بناسێنێت، سینەما دەبێتە پرد بۆ هەموو سینەماکاران و بۆ ئێمەی کوردیش کە دەتوانین لە ڕێگەی سینەما هونەری خۆمان و ئازاری کورد بوون بناسێنین.
ئەم فیستیڤاڵە جێگای خۆی بەباشی کردوەتەوە، خاتوو گولیزار، توانیویەتی زۆربەی ئەرکەکان لەسەر شانی خۆی بێت، بۆ ئەوەی فیستیڤاڵەکە سەرکەوتووبیت، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەم، هاوکاری ماددی ئەم فیستیڤاڵە ببن.
سامی کاکە گوتیشی: بۆ خۆشەویستی سینەمای کوردی و پاڵپشتی ئەم سینەمایە، خەڵاتمان پێشکەش بە فیستیڤاڵەکە کرد، کە لە لایەن پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، نێردرابوو، بە نوێنەرایەتی پارێزگاری هەولێر وێنەی قەڵای هەولێرمان پێشکەش بە فیستیڤاڵی کوردی لە مۆسکۆ کرد، لەگەڵ دوو دەرهێنەری دیکەی کورد، کە بەشداری فیستیڤاڵەکەن، سوپاس بۆ پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، کە توانیویەتی خزمەت بە بواری هونەر بکات بە گشتی سینەماکاران بە تایبەتی.










