کاروان کەریمخان
بەگوێرەی ناسینی ستراکچەری سیاسەتی نێودەوڵەتی و نیزامی نوێی جیهانی، هەڵبژاردن جگە لە پتەوکردنی مەشرووعییەتی دێموکراتیکی ناوخۆیی و وەدیهاتنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی دامەزراوەی مەدەنی، پێگە و جێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات. لە ئاستی ناوخۆییدا، هەڵبژاردن هێزی کۆمەڵایەتیی دەسەڵاتی سیاسی نیشان دەدات و چاودێریی خەڵک تیژتر دەکات و دەبێتە هۆی دەستاودەست کردن و دابەشینەوەی دووبارەی دەسەڵات و دروست بوونی متمانە و بەهێزبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی. لە ئاستی ناوچەییدا هەڵبژاردن، جگە لەوەی دیوارێکی بەرپەرچدانەوە دروست دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەی فێرێکانسی دێموکراسی بۆ نەتەوەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوین بچێت، لە ڕووی ژیۆپۆلیتیکیشەوە ڕەنگە تا هیوای هەڵبژاردن لە چوارچێوەیەکی دێموکراتیکدا هەبێت بڕیاردەرانی نێودەوڵەتی لە پشتیوانی کردنی وڵاتێکدا بەردەوام بن، بەو گریمانەیە، مانەوەی سیستەمە سیاسییەکان و هاتنەدی ئاسایش و سەقامگیری و دروست بوونی پردی پەیوەندی لە نێوان ئیلیت و خەڵک بەندە بە هەڵبژاردن و پراکتیک کردنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
لە ئاستی بەراورددا، ئێستا وڵاتێکی میلیشیایی وەک عێراق، کە دێموکراسی تێیدا مانا کاریگەرییەکی نیە، ئەستەمە بتوانێ مەشرووعیەتی نێودەوڵەتی خۆی بەهێز بکات و لە ناوچەکەشدا چۆتە ژێر هەژموونی وڵاتانی دیکە و تانە و تیری وڵاتانی زلهێزی بڕیاردەری لەسەرە. لە ئاستی ناوخۆییشەوە هەمیشە لە دۆخی ڕووخان دایە. بە پێچەوانەوە، هەرێمی کوردستان، وێڕای کێماسی و ساوایەتی و هەبوونی نفووزی نەیاران، خاڵێکی جێی ئومێدی، بە ئامرازی هەڵبژاردنی دێموکراتیک بۆ دروست بوونی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەیە. لە ئاستی ناوچەییدا، هەڵبژاردنی ئازاد لە هەرێمی کوردستاندا نیشانەی فەرهەنگی پێکەوەژیانی سیاسی و ئاشتیخوازبوونی کوردە لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و کینەی مێژوویی وەک خۆرهەڵاتی ناوین. لە ئاستی ناوخۆییدا، خاڵێکی دیکەی هیوابەخشی ئەوەیە کە خەڵک لە چوارچێوەی حزبی سیاسی و دامەزراوەی مەدەنی بەشداری لە کاروباری سیاسیدا دەکەن کە ئەمەش پەرەسەندنی سیاسی لێدەکەوێتەوە.
بەو ڕوانگەیەوە، میکانیزمی هەڵبژاردن هێزی نەرمی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە ئەو هێزە بپارێزرێت و بەهێزتر بکرێت. یەکێک لە هۆیەکانی بەهێزترکردنی ئەو هێزە نەرمە بەرزکردنەوەی ئاستی بەشدارییە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیدا. لە ئاستی ناوخۆییدا، هەڵبژاردن بە بەشدارییەکی زۆرتر نیشانەی پەیمان بەستنەوەی خەڵکە لەگەڵ ئامانجە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتیمانی و هەروەها نیشانەی پەیوەندیی نێوان فەرهەنگی گشتی و فەرهەنگی سیاسییە. لە ئاستی ناوچەییدا بەشداریی زیاتر لە هەڵبژاردندا سەنگەرێکی ئاسنینی ئاسایش و سەقامگیری بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بەشداریی زۆرتر نیشانەی مەشرووعییەتی نێودەوڵەتی و پرەستیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
وێڕای ئەوەی کە ئەو خاڵە بەهێزانەی هەرێمی کوردستان بوونەتە پتەوبوونی ژیۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستان، لە گۆشەیەکی دیکەی ڕینگی یاریدا بوونەتە هۆی ئەوەی نەیاران نیگەران بن و کێشە بۆ حکوومەتی دێموکراتیکی کوردستان دروست بکەن. بە تایبەتی لە ناوچەکەدا ئەو وڵاتانەی کە کەمینەیەکی دیکتاتۆر دەسەڵاتیان تێدا گل داوەتەوە، بەو سیگناڵەی دێموکراسی لە کوردستان قەڵس و سڵن و نیگەرانی ئەوەن ئەو ڕەوتە کۆمەڵگەی ئەوانیش بگرێتەوە، بۆیە گرفت و قەیران بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن بۆ ئەوەی ئەو یەکە سیاسییە نەبێتە نموونەیەکی نادەوڵەتی دێموکراتیک بۆ دەوڵەتانی نادیموکراتیک.
لە ناو نەیاراندا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەک ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بۆ عێراق مەترسیدارە، چونکە عێراق ناتوانێ مەشرووعیەتی هەرێم نادیدە بگرێت و ئەو هەڵبژاردنە وا لە دەوڵەتی داگیرکەری عێراق دەکات کە دان بە مافەکانی حکوومەتی گەلی کوردستان بنێت. نەیارانی تریش هەوڵ دەدەن جگە لە ناکۆکی نانەوە لە نێوان لایەن و کەسایەتییەکان، خەڵک و حکوومەتیش لێک دوور بکەنەوە. بە تایبەتی عێراقییەکان لە گرینگایەتی هەڵبژادن لە هەرێمی کوردستان تێگەیێنراون و دەزانن ئەو هەڵبژاردنە مەشرووعیەتی نێودەوڵەتی دەداتە کورد، بۆیە بە هەموو توانایانەوە هەوڵ دەدەن ناکۆکی لە نێوان حزبەکان ساز بکەن و خەڵک لە حکوومەتی کوردستان دوور بکەنەوە و دواجار هەڵبژاردن پنکدار و لەکەدار بکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پێش نەکەوێت و مەشرووعیەتی سیاسیی نێودەوڵەتی لەدەست بدات.
لەو پێناوەدا عێراق دەیان دەسیسەی وەک برسی کردنی خەڵک بە شێوەیەکی سیستەماتیک دادەڕێژێت بۆ ئەوەی خەڵک لە حکوومەتی کوردستان دوور بکاتەوە. عێراق گەیشتۆتە ئەوەی کە ئیتر ناتوانێت کیمیایی بوەشێنێت و خەڵک ئەنفال بکاتەوە، بەڵام بە نەرمی دەیەوێ کیانی کوردی بە لاوازکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەناو بەرێت، دوژمنی کورد تا ئێستا توانیویەتی بەشێکی زۆری سەرمایەی فیزیکیی کوردستان بە تاڵان بەرێت و بەشێکی زۆری خاکی کوردستان داگیر بکات، تەنانەت مافە دەستوورییەکانیشی پێشێل کردووە و مووچەی کارمەندانی کوردیشی بڕیوە، کە لە سەروەت و سەرمایەی سروشتیی و مرۆیی ئەو وڵاتە بەدەست دێت، هەروەها ڕۆژێک کۆمیسیون دادەخات و بهرههمی خهبات و مهدهنییهتی کوردیان، که پهرلهمانه، داخست، تهنانهت ڕهنگه ڕۆژیک هێرشی ڕاستهوخۆ بۆ حکوومهتی کوردستانیش بینیت، ئەگەر بۆیان بلوێ دەستووری عێراقیش دهگۆڕن. ئهگەر بتوانن له ئەنجوومهنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش ههندیک کار له دژی کورد دەکهن.
پێویستە بزانین کە کیانی کوردی بە هەموو خاڵە بەهێز و لاوازەکانییەوە بەشێکە لە ئابڕوو و کەڕامەتی حزبەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەر تاکێکی پێگەیشتوو و بەرپرسیار لە بەرانبەر نەوەی داهاتوو. بۆیە دەبێ وێڕای کێماسییەکان ئەو کیان و ژیانە سیاسییە بپارێزین و بە دەنگی خۆمان ببینە سیمبولی هێزی وڵات و هەوڵ بدەین لەناوخۆدا بەهێز بین و حکوومەتی خۆمان بپارێزین و پیلانی دوژمنانیش پووچەڵ بکەینەوە. لێرەدا دەبێ حزب و ئیلیتەکانی کورد لە سەر خاڵە هاوبەشەکان کار بکەن و پێویستە هێزی گەل بە یاری ڕاستەقینەی خۆیان بزانن بۆ ئەوەی بەو وشیارییەوە پیلانی نەیاران پووچەڵ بکەنەوە.
باشترین چەکی بەرگری لە وڵات هەڵبژاردنە. پێویستە هەموو لایەنەکان بزانن کە پەرلەمانی کوردستان بۆ گەلی کورد مانایەکی تایبەتی هەیە و بۆتە سیمبولی دەسەڵاتی دێموکراتیکی کوردی بۆیە سەرکەوتنمان بەندە بە هەڵبژادن، ئەو پەرلەمانە تەنها بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی حزبی نیە و هەڵبژاردنیش یارییەکی بردنەوە – بردنەوەیە لە نێوان لایەنەکان نەک یاریی بردنەوە – دۆڕاندن، پەرلەمان دەرئەنجامی خەباتی پێشمەرگە و ڕەنجی گەل بووە و ئێستا دەبێ ببێتە سیمبولی دەسەڵاتی سیاسی و شوێنی بەرگری کردن لە خەڵک، بە تایبەتی پەرلەمان بۆ حزبێکی شۆڕشگێڕ و نەتەوەیی دەبێ وەک سەنگەری پێشمەرگە بێت کە بۆ بەرگری لە نەتەوەکەی جۆگەلەی خوێنی پێدا دڕۆیشت.
بەو جۆرە بیرکردنەوەیە خاڵی بەهێزی کورد کە هەڵبژاردنە کاتێک بەهێزتر دەبێت کە هەڵبژاردنی داهاتوو لە چوارچێوەی دەستووردا بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن لە ژێر چەتری یاسا بنەڕەتییەکاندا مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان، بە شێوەیەکی ناوخۆیی، دیاری بکەن، بە تێگەیشتن لە کاریگەریی دەنگ لە سەر پڕۆسەی سیاسی، جگە لە خزمەتگوزاری و بە هەنددانانی دەنگی خەڵک و ڕێزگرتن لە خەڵک، هەڵبژاردنێکی خاوێن بەپێی یاسا و بێ دەلەسە خۆی لە ئایندەدا دەبێتە هۆی بەشدارییەکی زیاتر. هەروەها هەڵبژاردن نیمایشی مەدەنیەتە لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا، بۆیە تەنانەت بۆ پاراستنی ئاسایشی بنکەکانی دەنگدان ئەگەر هێزە ئاسایش پارێزەکان بە جلی سەربازی لەوێ نەبن وێنەیەکی جوانتر نیشانی دونیا دەدرێت، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئێستادا پەیوەستە بە ڕەفتاری ئێمە بۆیە گرینگە بەرپرسانەتر ڕەفتار بکرێت و حزبەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و تاکەکانیش دەبێ بەو دیدگەیە بەرەو ئامانج بڕۆن و بەرزکردنەوەی ئاستی فەرهەنگی بەشداری لە سەر بنەمای متمانە بکەنە بەرنامەی سەرەکیی خۆیان.
گرینگە حزبەکان بە دیدی کۆمەڵناسیی بگەنە ئەو بۆچوونە کە کاتێک گرێدراوێتی حزبی و ئایدۆلۆژیا لە ناو کۆمەڵگەیەکی سوننەتیدا باو بێت ڕیکلام زیاتر بۆ دەنگە سارد و هەواییەکان کاریگەری دەبێت؛ کەواتا نابێ بە ڕیکلامی نادروست و جاڕی ناوزڕێن زیان لە فەرهەنگ و ئامانجە سەرەکییەکان بدرێت. دیارە مێدیا و سۆشیال مێدیا کاریگەرییان لە سەر ڕەفتاری تاکەکان هەیە، بۆیە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مێژوویی پێویستە بەرپرسانەتر کار بکەن و کارێک نەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەگەر هەمان فیلمی خۆیان نیشان بدرێتەوە شەرم بکەنەوە. جێی خۆیەتی تەلەفزیۆنەکان کاری سەنگین و ئادابزانانە بکەن بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا نەکەنە بەرهەمهێنەرەوەی ڕەفتاری نەرێنی و ئەوەندەش سترێس تووشی خەڵک نەکەن. ئێستا کە بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی خەڵک لە ناو سیاسەتدا زیاتر بووە پێویستە پابەندی نۆڕم و فەرهەنگی شارستانی بین. گرینگە بەو تەکنەلۆژیایە وێنەی مەدەنیی هەڵبژاردن نیشانی جیهان بدرێت.
پێویستە خەڵکیش پێش خۆیان باشتر ببینن و پێ لە جەرگی خۆیان بنێن و لێنەگەڕێن خەونی ناحەزان بێتە دی و بە کارێکی ناڕەوا خۆیان شەرمەزای نەوەی داهاتوو نەکەن، گرینگە ئەو دەرکەمان هەبێت کە، هەڵبژاردن لە کوردستاندا تەنیا بابەتێکی سیاسی نیە، بەڵکوو کارێکی نەتەوەیی و ئەخلاقییە و پەیوەندی بە ژیانی نەوەی داهاتووشەوە هەیە. ئەگەر لەبیرمان بێت، سەردەمێک پێشمەرگە وازی لە ژیانی تایبەتیی خۆی دەهێنا و لە پێناو وڵات و داهاتووی نەوەی دوای خۆی خوێنی دەڕژا و ئەوەی ئێستا هەمانە بەرهەمی ئەوانە. گرینگە وەبیرمان بێتەوە کە پیشمهرگه نهک ههر کارهبا و ئاو و نان و مووچەی نهبوو تهنانهت گۆڕبزریش بوو و یا بی کفن نێژرا، خەڵکیش له کاتی خەباتی شاخدا نانیان دەدایە پێشمەرگە و خوێنیان بۆ کوڕه شۆڕشگێڕەکان دا. له کۆڕهودا دونیایان وهدهنگ هینا و لە ناو ئابلۆقەی ئابووریدا حکوومهتی خوماڵییان ئازادانە هەڵبژارد، خەڵک دەبێ ئەوە بزانێت کە ئەگەر عێراق ڕوویەکی بە پێکەنینیش نیشان بدات دەیەوێ بە شەکراو بمانخنکێنێت بۆیە دەبێ بەو پەڕی وریایی و بووردەییەوە حکوومەت و وڵاتی خۆمان بپارێزین و ئەوەش بزانینن کە ڕزگاری و ئازادی نرخ و تێچووی زۆری گەرەکە و ئەو میللەتانە سەردەکەون کە تینووی ئازادی و سەربڵندین و ئامادەن بۆ ئەو ئامانجە دەست لە سەر برینەکانیان دابنێن و هەورازی ڕک بەرەو لووتکە بپێون. بۆیە دهبێ گهل وشیار و به تهحهمول بێت و پیشمهرگانه بیتەوە مهیدان و ئەمجارە له جیاتی گولـله به دهنگێکی دلێر گوێچکەی دوژمن کەڕ بکەنەوە. ئێمە بە بەشداری کردنێکی بێ مەترسی و بێ تێچوو قەڵەم لە چارەنووس و داهاتووی خۆمان و نەوەی دوای خۆمان دەدەین و کاریگەرییەکی ناوخۆیی و نێونەتەوەییش دروست دەکەین، بۆیە نابێ بابەتە سەرەکییەکان بکەینە قوربانیی شتی لاوەکی.
پێویستە وەک هاووڵاتییەک هیوای ئەوەمان هەر هەبێت کە هەڵبژاردن دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دامەزراوەی خەڵک و گەشەسەندنی سیاسی و دەبێتە هۆی دروست کردنی سەنگەرێکی گرینگ بۆ پاراستنی ئاسایشی کوردستان بۆ ئەوەی کەس نەتوانێ بە ئاسانی هەڕەشە لەو وڵات و گەلە بکات، پێویستە بە بەشداری لە هەڵبژاردندا ببینەوە شوورەی پارێزەری وڵات و حکوومەت بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوومان تووشی حوکمی بێگانە نەبێتەوە و چیتر نەچەوسێتەوە و خاک و فەرهەنگەکەی تووشی مەترسیی ئاسیمیلاسیۆن نەبێتەوە و منداڵەکانمان خۆیان بە کەم نەزانن، بە پێچەوانەوە، بەشداری نەکردنمان لە هەڵبژاردندا بە شێوەیەکی نائاگایانە چوونە ناو خواستی دوژمنە. دەبێ ئەوە بزانین ئەگەر حکوومەت نەپارێزرێ چارەنووسمان وەک دۆخی ئێستای کەرکووک لێدێت و بێ خاوەن دەبین، گرینگە بگەینە ئەو دەرئەنجامە، ئەگەر خۆمان حکوومەتی خۆمان نەپارێزین ئەوە بە دەستی خۆمان قەبر بۆ خۆمان و نەوەی داهاتوو هەڵدەقەنین.