نادادپەروەری مەکەن!

240

پ. د. نصرت صابر خۆشناو
لە سەفەری ژیان و گەشتەکەمان لەگەڵ کاتدا، لە هەڵەکانمان فێر دەبین، بۆ یەکجاریش ستەممان لێ نەکرێت، تاکو گیرۆدەی نادادپەروەری نەبین. ڕقمان لە کەس نەبیت، چونکە ڕق خراپترین جۆری لاوازیی. درۆ لەگەڵ کەس نەکەین، چونکە ئەوەمان بەسە، خۆمان لە درۆیەکی گەورەدا دەژین !

بۆیە سێ شت هەن، کە نابێت لێیان نزیک ببیتەوە، هەوڵبدەیت نەهێڵیت لە ژیانت نزیک ببنەوە، ئەویش: یەکەمیان نادادپەروەرییە، چونکە نادادپەروەری خراپترین نەخۆشی مرۆڤە، نەخۆشییەکە هیچ چارەسەرێکی نییە. نادادپەروەری لە ستەمەوە دەست پێدەکات، ڕق و کینە دروست دەکات. ڕقیش نزیکترین ڕێگایە لە ستەمکاری، چونکە مرۆڤی ستەمکار، ڕقی لە هەموو شتێکە.

نادادپەروەریش زۆر جۆری هەیە، بە پێشێلکردنی مافی کەسانی تر دەست پێدەکات و بە زەوتکردنی مافی ژیانیان کۆتایی دێت. نادادپەروەری یەکێکە لە ئامرازەکانی کوشتن، چونکە وشەی کوشتن و نادادپەروەری، بە وشە دەست پێدەکات و بە بریندارکردنی کەڕامەت کۆتایی دێت، ڕقت لە کەس نەبێت، چونکە ڕق لەگەڵ مرۆڤدا گەشە دەکات و دەگۆڕێت بۆ جنۆکە، کە مرۆڤی لە خەودا ڕاوەدووناوە، ڕەنگە منداڵێکی بچووکیش، لە دڕندەیی باوک و دایکیەوە، فێری ڕق و کینە بێت، دڕندەیی نزیکترین ڕێگایە لە ڕق و کینە، زۆر کەس پێیان وایە دڕندەیی، ڕێگایەکە بۆ پاڵاوتنی ئەخلاق، نازانن دڕندەیی هەزاران دەرگای ڕق و کینە دەکاتەوە.

هەندێک کەس دەڵێن درۆی سپی هەیە، لە ڕاستیدا شتی وا نیە، درۆی سپی یان درۆی ڕەش، تەنیا درۆ و مرۆڤی درۆزن هەیە، هەندێ جار مرۆڤەکان گیرۆدەی درۆ دەبن و منداڵیشیان درۆ دەکەن، باشیش دەزانن درۆ پەتی کورتە و ژیان بە درۆ ناچێتە سەر، ئەوەی لەم سێ شتە نامۆیە (نادادپەروەری، ڕق و درۆ کردن) دەربازت دەکات، ویژدانی زیندوو و ئەخلاقی جوان و فەزیلەتی تۆیە.

چونکە فەزیلەت، ئەم زیادەڕەوییانە قبوڵ ناکات، ویژدانیش چاودێری هەموو کارێکمان دەکات، هەر ئەوەیە، کە بەزەیی لە دڵماندا بەئاگا دەهێنێتەوە،ۺ فێرمان دەکات چۆن خۆشەویستی بکەین و جیاوازی بکەین لە نێوان ئەوەی ڕێگەپێدراو و حەرامە، ئەوەی ڕاستە و درۆیە، کەواتە ویژدانت بکە بە پاسەوان و چاودێر، بۆ ئەوەی هەموو ئەم نەخۆشیانەمان تووش نەبێت.