خه‌بات: سەرهەنگ نەجمەدین:- بەسەرپەرشتی یەکـێتی ناوەندی پایسکلسواری عێڕاق، پاڵه‌وانێتی پایسكلسواری یانه‌كانی عێراق به‌به‌شداری 6 یانه‌ لە سەر ئاستی کچانی عێراق لە شاری سلێمانی بەڕێوه‌چوو.

پاڵه‌وانێتییە‌كه‌ ماوه‌ی یەك رۆژی خایاند و سەرجەم پێشبڕکێکان لەسەر رێگای سەرەکی دوکان بەڕێوەچوو، هه‌ر یه‌ك له ‌یانه‌كانی زیقار بە کۆکردنەوەی 290 خاڵ پلەی یەکەم و یانەی شەباب بە کۆکردنەوەی 175 خاڵ پلەی دووەم و قەڵای تورکمان بە کۆکردنەوەی 165 خاڵ پلەی وسێیەمی پاڵەوانێتییەکەیان بەدەستهێنا.

هەر لەبارەی بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی پاڵەوانێتیەکە، کچە یاریزانی پایسکلسواری یانەکانی قەڵای تورکمان ئیمان حەیدەر بۆ خەبات ڕایگەیاند: سوپاس بۆ خودا لە پاڵەوانێتی پایسکلسواری یانەکانی عێڕاق، توانیمان پلەی سێیەم بەدەست بهێنین، ئەو ئەنجامە بۆ یانەکەمان لەم کات و ساتەدا زۆر گونجاو بوو، بەهۆی جەنجاڵی و شەقامەکان و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبیل، تیپەکەمان وەک پێویست مەشق و ڕاهێنانی ئەنجام نەدا، بەڵام ئەو ئەنجامەش بۆ ئێمە ئەنجامێکی دڵخۆشکەربوو.

هەروەها گوتی: پێشبڕكێیەكان له‌سه‌ر ئاستی پێشکەوتووانی کچان 50 کم بوو، رێژەیەکی زۆری یاریزانان بەشداریان لە پاڵەوانێتییەکە کردبوو، شایەنی باسە پاڵه‌وانێتی پایسکلسواری یانەکانی عێڕاق‌ به‌چوار قۆناغ به‌ڕێوه‌چوو، قۆناغی یه‌كه‌م و دووەم و سێیەم وچوارەم له ‌شارەکانی به‌غدا و دهۆک و سلێمانی بەڕێوەچوو.