خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- یەکێتی تۆپی پێی عێراق رۆژی 20ـی ئەیلوول وەک وادەی فەرمی بۆ دەستپێکردنەوەی ڕکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بۆ وەرزی 2024-2025 دیاریکرد، یارییەکان بەسیستەمی هاتن وچوون و بە بەشداری 20 یانە بەڕێوەدەچێت، وەرزی ڕابردوو هەردوو یانەی نەفتی وەسەت و ئەمانەی بەغدا دابەزین بۆ خولی نایابی عێڕاق، هەر یەک لە یانەکانی دیالە و کەرامە سەرکەوتن بۆ خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.

یەکێتی تۆپی پێی عێراق ژمارەی ئەو ناوبژیوانانەی ڕاگەیاند کە ڕاسپێردراون بۆ بەرێوەبردنی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی 2024-2025 کە بڕیارە هەینی داهاتوو لەشاری دهۆک وەک دەستپێکی یارییەکانی خولەکە دەست پێبکات.

لەبارەی دەستنیشانکردنی ناوبژیوانانی رێگەپێدراو بۆ بەڕێوەبردنی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق محەمەد عەرەب جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاند: ئەم وەرزە بەبڕیاری یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق، 80 ناوبژیوان ڕاسپێردراون بۆ بەرێوەبردنی یارییەکانی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد: ناوبژیوانەکانمان کە شارەزا و ئەزموونیان لەگەڵ ناوبژیوانە نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی بەشداریکردنیان لە خولی بەهێزکردنی ئاستی ناوبژیوانان پەیدا کردووە، تەنها ناوبژیوانە نێودەوڵەتییەکان ئەوانەی لەلایەن لێژنەی ناوبژیوانانی عێڕاق دیاریکراون و دەتوانن یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بەڕێوەببەن.

هەروەها گوتی: لیژنەی کێبڕکێکانی یەکێتی تۆپی پێی یەکێتی تۆپی پێ وادەی دەستپێکردنی خولەکەی یەکلاکردەوە، کە 20ی ئەم مانگەدا دیاریکراوە بە بەشداری 20 یانەی وەرزشی سەرتاسەری عێڕاق.