ڕەمزی میرەکانی
مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران، لە یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و بووە یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران لە مێژوودا سەردانی کوردستان بکات. گرنگیی سەردانەکە لەوەدا بوو، یەکەم سەردانی دەرەکیی سەرۆک بوو، هەروەها سەردانەکە تەنها بۆ بەغدا نەبوو بەڵکوو بۆ هەموو عێراق بوو بە کوردستانیشەوە. سەردانەکە بۆ دووپاتکردنەوەی زۆر شت، ڕوونبوونەوەی چەندین ڕۆژەڤ و ناردنی فرە پەیام بوو، سەردانەکە لە ڕووی سیاسی، ئابووری و دراوسێییەوە گرنگ بوو، یەکێک لەوانە وادەی سەردانەکە بوو، لە ڕۆژی ١١ی ئەیلوولدا بوو، کە دەکاتە ساڵیادی هێرشە تیرۆریستییەکەی ساڵی ٢٠٠١ بۆ سەر ئەمریکا، کە دواتر ئەمریکا بڕیاری دا لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق بکات و ئەمەشی لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەنجامدا و ڕژێمی بەعسی لە دەسەڵات لادا، ئەوەش بۆ ئێران زۆر گرنگ بوو، چونکە دەروازەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق کردەوە و ئێستا زۆربەی سەرکردە دەسەڵاتدارەکانی شیعە، تا ڕادەیەکی زۆر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی تارانن.
پێدەچێت سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بەغدا لە کاتێکی گونجاودا بووبێت، چونکە جۆرێک گرژیی لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سوودانی سەرۆک وەزیراندا هەیە، ڕاستە کێشەکان ناوخۆیین، بەڵام ئێران توانای کەمکردنەوەی گرژی و قەیرانەکان و نزیکخستنەوەی لایەنەکانی هەیە. دەکرا یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری ئێرانیش، بۆ وڵاتێکی زلهێزی هاوپەیمان و دۆستی وەک ڕووسیا یان چین بووایە، بەڵام وا دیارە پێی باشبوو سەردانەکەی هەرێمایەتی و لە ناوچەکەدا بێت، ئەوەش ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، ئەمەش لە لێدوانی سەرجەم بەرپرسانی ئێران ڕەنگی داوەتەوە. بێگومان لە نێوان ئێران و عێراقدا، پەیوەندیی ئابووری، بازرگانی، تەناهی، سەربازی و ڕێککەوتنی ستراتیژی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و زۆر بواری دیکەدا هەیە، هەموو ئەمانەش لەسەر مێزی کۆبوونەوەکان لە بەغدا و هەولێردا بوون.
سەردانەکەی پزشکیان بۆ هەولێر، دوای دوو سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران بوو، کە توانی بەستەڵەکی پەیوەندییەکان بتوێنێتەوە و جۆرە جووڵەیەکی ئەرێنی بە پەیوەندییە چەقبەستووەکان بدات، بەتایبەتی دوای ئەوەی تاران لەم ساڵانەی دواییدا بە بیانووی هەبوونی بنکەی موسادی ئیسرائیل، دوو جار بە هاژەک هێرشی کردە سەر دوو شوێنی نیشتەجێبوون لە هەولێر، کە زیانی گیانی و ماددی هەبوو.
سەردانەکەی بۆ کوردستان بەڵگەی قۆناغێکی تازەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێرە، لایەنێکی گرنگی ئەو پەیوەندییانەش پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانە. باشبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، ڕەنگدانەوەی بەسەر باشبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداشدا دەبێت. پزشکیان لە کوردستان زۆر خۆمانە هەڵسوکەوتی کرد، سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد، چاوی بە هەموو لایەنە سیاسییەکان، پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان کەوت، سەرۆک بارزانی بانگهێشتی تاران کرد و بە قسەکردنیشی بە زمانی کوردی، توانی سۆزی خەڵک، شەقام و ڕای گشتیی کوردستان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و وای لێ کردن جۆرە گەشبینییەک لە پەیوەندییەکاندا ببینن، داواشی لە بەرپرسانی کوردستان کرد، پەرە بە پەیوەندیی باشی نێوان هەردوو لا بدەن و لەسەر ئاستەکانی سیاسی، ئابووری، تەناهی، هاوکاری و کولتووری سوودی لێوەر بگرن، چونکە پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ هەولێردا هەیە، هەروەها پەسنی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کرد کە سەردانەکەی پزشکیانی بە مێژوویی وەسف کرد و دووپاتی کردەوە، ڕێگە نادەن خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار بهێنرێت. سەردانەکە بایەخدانی ئێران بە پێگە و کاریگەریی کوردستان لەسەر نەخشەی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا دەردەخات.
پزشکیان لە بەغدا لەگەڵ سوودانی، واژۆکردنی ١٤ یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە بوار و کەرتی جیاوازی وەک: ئابووری، هاریکاری لە بواری وەرزش و لاوان، ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و هونەری، شوێنەوار، پەروەردە، ڕاگەیاندن، پەیوەندیکردن، بازرگانی، ئایینی، کشتوکاڵ، ئاو، سەرچاوە سروشتییەکان، کۆمەڵایەتی و هی تردا بینی، کە هەر زوو لە لایەن چالاکان و چاودێرانی سیاسییەوە ڕەخنەی لێ گیرا و گومانیان خستەسەر ناڕوونی یاداشتەکان و بەوە تۆمەتباریان کرد، زیاتر لە بەرژەوەندیی ئێران دایە نەوەک عێراق. ئەمەریکاش لەم سەردانە نیگەران نەبوو، ڕەنگە ئەوەش بۆ جەنگی غەززە لەلایەک، سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و دڵنیابوون لە ئێران بگەڕێتەوە، چونکە سەرۆکی نوێی ئێران لە لێدوانەکانیدا، بەردەوام جەخت لەسەر ئاشتی، ئاسایش، سەقامگیری و هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکاتەوە و تارانیش تاکوو ئێستا بە فەرمی خۆی لە جەنگی غەززەدا نەگلاندووە، هەرچەندە ئیسرائیل ماوە ماوە شەڕیشی پێ دەفرۆشێت.