
پرۆفيسور د. هەندرێن جەمال سۆران
سلێمانی ئەو شارەیە، لەو کاتەوەی دروست بووە هەمیشە کۆ ئەستێرەیەکی پڕشنگدار ئەم شارەیان بەرەو گەشە سەندن و پێشکەوتن بردووە، ئەم نەوە ئەستێرەیە ئۆغریان کردووە، نەوەیەکی تر شوێنیانی گرتۆتەوە. نەوەکەی کاك (عەبدولی سۆران) لەگەڵ ئەوەی کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبوو لە بواری کوردایەتیدا، لە هەمان کاتدا کەسانێکی بوێر و چاونەترس بوون سنگیان نابوو بە کێوی محاڵەوە و، تەکانیان بە کوردایەتی دەدا، بوارەکەی ئەمان هەرچەندە پڕ مەترسی بوو، بەڵام باوەڕێکی پتەو، بە ئازادی و سەر فرازی نەتەوەکەیان کارێکی وای کردبوو ماندوو بوونیان نەدەناسی، ئەو کاتە ئەم قەڵای کوردەی ئێستایان لە بناغەوە هانی و ئەمڕۆیان لەسەر بنیات نا.
ئەم کەسایەتییە( عەبدولی سۆران) تێکۆشەرە هەر لە تەمەنێکی زووەوە، هەستی بەو ستەمە کردبوو رژێمەکانی عێراق لە کوردی دەکەن، شانبەشانی هەڤاڵەکانی لە رێکخراوی قوتابیانەوە دەستی پێکرد، ئینجا لە حیزبی هیواو دواییش لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا خۆی بینییەوە، ئەم کەسایەتییە لە پێناوی باوەڕەکەیدا زۆر چەرمەسەری و زیندانی دوژمنی دیوە، لە پۆلی سێی ناوەندی بوو، لە خۆپیشاندانە جەماوەریەکەی هێنانەوەی تەرمی شێخ مەحمودی نەمردا رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو، بەو هۆیەوە گیراو تووشی ئەشکەنجە و زیندانی نوگرە سەلمان بوو، یەکێکیش بوو لە گیراوەکانی مەنعی تەجەولەکەی ساڵی ١٩٦٣ و داینەمۆی گشت ئەو خۆپیشاندانانە بوو کە دژی رژێم دەبوونەوە و، دڵسۆزانە خەباتی بۆ کوردایەتی دەکرد تا گەیشتە ئەندامی لێژنەی مەرکەزی پارتی دیموکراتی کوردستان و گەلێك بەرپرسیارەتی هەستیاری تیدا لە ئەستۆ گرت، جێگای متمانەی سەرۆك بارزانی نەمر بوو، ساڵی ١٩٦٣ پاش ئەوەی لە زیندانی دوژمن ئازاد دەکرێت، وەك پێشمەرگە روو دەکاتە چیاکانی کوردستان و، لە تەوێڵە و بیارە و ماوەت وەك بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کورستان دەست بە کار دەبێت ئەم لقە تێکۆشەرە، لەژێر کاریگەری (عەبدولی سۆران) دا دەبێتە چالاکترین لق و پێشمەرگە لە هەموو لایەکەوە رووی تێ دەکەن و دەبێتە سەنگەرێکی پۆڵایین دژی رژێمی داگیرکەر و جاشهكانى.
دوای ڕێکەوتنی ١١ی ئازاری 1970 دێتەوە شاری سلێمانی جگە لە بەرپرسیارەتی لقی چوار، دەبێتە سەرۆکی شارەوانی ئەم شارە و، بەم دەست و ئەو دەست خزمەتی شارەکە و هەژارانی دەکات، ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگادارن، شایەتی ئەو هەموو دڵسۆزییەن کە ئەم کەسە شۆڕشگێڕ و نیشتیمان پەروەرە بۆ سلێمانی ئەنجام داوە.
لە ساڵی ١٩٧٤ و دەستپێکردنەوەی شەڕی رژێم دژی کورد، ئەم کەسایەتیە رۆڵێکی بەرچاو لە رێکخستنی پێشمەرگە دەبینێ و، کاریگەرییەکی زۆری لە ناوچەکەیدا دەبێت و ناوی (عەبدولی سۆران) وەك کەسایەتییەکی کاریگەر دەدرەوشێتەوە.
پاش رێکەوتنە شوومەکەی جەزائیر و ئەو خەنجەرە نامەردانەی لە پشتی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول درا، (عەبدولی سۆران) بۆ شاری سەماوە دوور دەخرێتەوە، هەر ئەو کاتە ماڵەکەی له سلێمانى دەبێتە مەڵبەندی شۆڕشگێڕان و ره سوڵ مامه ند له وێ خوى حه شار دابو دکتۆر کەمال خۆشناو يش بە برینداری لەوێ تیمار دەکرێت، جەمالی حەسەن چاومار تیماری دەکات و، پاش چاکبوونەوەی لەگەڵ رەسوڵ مامەند رەوانەی سوریایان دەکات، شەهید شەهابی شێخ نووری و عەبدوڵا ئاغا و زۆر لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول هەمیشە لە ماڵەکەیدا کۆ دەبوونەوە و، لە بیری چوونە دەرەوەدا بوون، ئەو کاتەی ئەمڕۆ سبەیی دەبێت بۆ چوونە دەرەوە و، پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵانەوە، لەو کاتەدا و رۆژی ١٢ ی نۆی ساڵی ١٩٨١ دەستێکی چەپەڵ وخاین دەیداتە بەر فیشەك و بە برینداری دەیگەیەننە خەستەخانە و لە لایەن دکتۆر حیلمی قەزازەوە نەشتەرگەری بۆ دەکەن، دکتۆر حیلمی دڵسۆزانە زوو دەگاته سەرى و لە مەترسی رزگاری دەکات و مژدەی چاکبوونەوە دەدات بە کەسوکاری، شایەتحاڵەکان دەڵێن رەوشی بریندارییەکەی هیوای چاك بوونەوەی لێ دەکرا، کەچی کتوپڕ لەلایەن دکتۆرێکی تر و دوو کارمەندی گوماناوی، بەهۆی جرعه يەكى زۆرى دەرمانيك كه کوشندە بوو کرایە ئەو ئاوەی دەکرایە لەشیەوە گورچيله كانى وه ستا و گیانی سپارد.
ئەمەشیان چیرۆکێکی ترە، کە نەدەبوو دکتۆرێك يان كارمەندى تەندروستى ئەوە بکات، دکتۆر کە بڕوانامە وەردەگرێت سوێند بە هەموو ئابڕوومەندییەك دەخوات کە ناپاکی لە پیشەکەیدا نەکات.
(عەبدولی سۆران) بە گەورەیی لە مێژووی ئەم نەتەوە بەشخوراوەدا دەمێنێتەوە و، هەمیشە ناو و ناوبانگی تیشك دەداتەوە. رێبازه كەى (عەبدولی سۆران) بەردەوام لە كوردايەتى شانازى و سەربەرزى زياتر بۆخوى و شەهيدەكانى توماردەكات و بکوژانیشی بەو دەردە چوون کە هەموو دەزانین کە هیچ کەسێکی بەشەرەف؛ خۆزگەی پێ ناخوازێت!!.
