چاوەڕوانی بڕیاری گەل بن

172
عارف ڕوشدی
لە ناو هەموو میللەتانی دونیادا ناپاک و ناپاکی هەیە، بەڵام لە (ناپاکیی کورد زمان) بێغیرەتترم نەبیستووە.
با دڵنیابن ئەوەندەی دیکە دەستە و گرووپی لادەر، کەناڵی ڕاگەیاندنی چەواشەکار، کرێگرتەی ڕەنگاوڕەنگ هەبن، ناتوانن زەفەر بە ڕەوایەتیی بزووتنەوەی کوردایەتی ببەن، ناتوانن ( شکۆی کوردو کوردوستان بە ڕاپۆرت نووسین و نانبڕینی مووچەخۆرانی هەرێمەکەمان) لەکەدار بکەن. شەرەفمەندانی گەلەکەمان لەوە تێگەیشتوون بەغدا و ملکەچبووانی کوردزمان، شەڕێکی قورسی هەمە لایەن بەتایبەتی لە بواری ئابووری، دارایی و دەرونییان بەرپاکردووە، بە مەبەستی بە چۆکداهێنانی گەلەکەمان :
١- بە پاساوى نالۆژیکى، مانگانە گرفت بۆ مووچەى مووچەخۆرانی کوردستان دروست دەکرێت، لە کاتێکدا ٨٠% پێوەرەکانى عێراق لێوانلێوى گەندەڵین.
٢- گەنمى جووتیارانى کورد سەرەڕاى ناعەدالەتى لە وەرگرتنیدا، دەست بەسەر پارەى جووتیاراندا دەگیرێت بە هەزار بێنەوبەردە تا بتوانن وەریبگرنەوە.
٣- ڕێگرى لە بە بازارکردنى بەروبومى کوردستان دەکەن تاکوو هەر بارێک لە نێوان (٢-٣) ملیۆن دینار سەرانە وەرنەگیرێت یەخەى کاسبکارانى کوردستان بەرنادەن.
لەگەڵ ئەو هەموو تاوان و پێشێلکارییانەى بەغدا، کۆمەڵێک لە ئەندام پەرلەمانی ڕەنگاوڕەنگى کوردزمان، بەردەوام ئاو لە ئاشی چەوسێنەرانى کوردستان (بەغدا) دەکەن.
بەڵام هەر ئەوەندە پێیان دەڵێم سەرەڕای ئۆینبازی و گزی و فزیتان(چاوەڕوانی بڕیاری بوێرانەی گەلەکەمان بن).