دوور لە موزایەدەی سیاسی.. لەم قۆناغەدا کورد پێویستی بەسەرکردایەتی بارزانییە

896
هێمن شێخ زادە
لەم قۆناغەدا دەبێت کورد یەکگرتوو بێت، و دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن لە ژێر چەتری یەک سەرکردەدا. بۆ سەرکردایەتی کردنی کورد لەم قۆناغەدا، کورد پێویستی بە سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە، کە توانای ڕێکخستن و کۆکردنەوە و سەرکردایەتی کردنی گەلی کورد هەیە، چونکە ئەگەر شاڵاوی داگیرکاری و مەترسی نزیک بوویەوە و لە دەرگای کوردستانی دا، دەبێت بزانین تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسوتێنن. ناشپرسن کێ پارتییە؟ کێ یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامی و عیلمانییە؟؛ بە فتوایەک قەتڵی کورد حەلال دەکەن.
پێشهاتەکانی ناوچەکە دوور و نزیک بەرکەوتنیان لەگەڵ کورد دەبێت، و گۆڕانکاری دیمۆگرافیا یەکێکە لە پێشهاتەکان، بۆیە لەم قۆناغەدا دەبێت کورد یەکگرتووبن و بگەڕێنەوە سەردەمی هاتنی داعش کە چۆن سەرۆک بارزانی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێم سەرکردایەتی مەیدانیی سەنگەرەکانی جەنگی دژ بە داعش دەکرد، بە پلانە ورد و بڕیارە درووستەکانی سەرکەوتنێکی گەورەی پاڵپشت بە هێزی پێشمەرگە بۆ هەرێمی کوردستان بەدەست هێنا. گەلی کورد لە ئێستا یەک سەرکردەی هەیە. ناوەندی بڕیار بارەگای بارزانییە بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی وەک ناوەندی بڕیار و سەرکردایەتی کردنی شۆڕشی هەموو کورد و کوردستان هەنگاو و بڕیارە مێژوویی و چارەنوسسازەکانی هەڵدەگرێت.
هەژموونی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ هەموو گەلی کورد دیار و ڕوونە، کە ئێمەی گەلی کورد پێویستیمان بە سەرۆک بارزانییە، نەک بارزانی پێویستی بە سەرکردایەتی و سەرۆکایەتی بێت.
ئەوەی لە شەڕی داعش، کورد ئەنجامیدا بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی یەکگرتوویی و بەهێزی کوردی پێشانی دوژمن و هەموو جیهان دا. لەیەک سەنگەر خوێنی ڕۆڵەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێکەڵ بە یەکتری بوو. ئەوەی ئەو دەرفەتەی ڕەخساند و سەرکردایەتی جەنگەکەی دەکرد سەرۆک بارزانی بوو. دەبێت لەبیرمان بێت داعش و داگیرکەرەکان زۆرن، هەمووشیان وەک گورگی برسی بۆ گۆشت و خوێنی کورد دەلوورێنن، هەمیشە سەرکەوتن لە یەکگرتن دایە. دەبێت کورد لە هەموو جۆرە موزایەداتێک و شکاندنی شکۆی یەکتری دووربکەوێتەوە و بکەوێتە ژێر فەرمان و بڕیارەکانی سەرۆک بارزانی. بۆ هەر هەنگاو و پێشهاتێک دەبێت ڕاوێژ لەگەل سەرۆک بارزانی بکرێت تاکوو دەگەین بە کەنارێکی ئارام، و سەرکەوتن بەسەر ئەو ئاڵنگارییانەی کە دێنە سەر ڕێگای شۆڕشی بزاڤی گەلی کورد و کوردستان.
کورد لەم قۆناغە سەرۆک و سکرتێری زۆرە، بەڵام یەک سەرکردەی هەیە کە سەرۆک مەسعود بارزانییە، چونکە سەرکردە و سەرۆک دوو سیفاتی جیاوازن، سەرکردە هەمیشە ڕاوێژ دەکات و بە کۆدەنگی بڕیار لە بارەی گەل و نیشتمانی دەدات، توانای یەکخستن و هەڵگیرسانی شۆڕشی هەیە، و بڕیارەکانی بەزوویی لەلایەن گەلەوە جێبەجێ دەکرێن، و بە خوێن و گیان کۆی گشتی گەل دەبێتە هاوڕێگا و بڕیار و پاڵپشتی دەکەن. نموونەی هەرە زیندوو ئەنجامدانی گشت پرسی (ڕیفراندۆم)ی باشووری کوردستان بوو لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی، کە هەموو خەڵکی کوردستان و حیزبە کوردستانییەکان هاودەنگ و هاوبڕیار بوون.