هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان گرنگى و تایبەتمەندییەکانى

194
سامان حه‌مه‌ده‌مین عه‌لی
پاش نەمانى شەڕى ساردى نێودەوڵەتى، زۆر دەوڵەت لە سیستەمى فەرمانڕەوایی ڕوویان لە دیموکراسییەت کرد، هەڵبژاردن وەک ڕەگەزێکى گرنگى دیموکراسی، بووە نەریتێکى باوى وڵاتانى دیموکراتخواز، کوردستانیش یەکێک بوو لەو هەرێمە ناسراوانەى، سیستەمى دیموکراسییەتى بەرجەستە کرد، پرسی هەڵبژاردنى پەیڕەو کرد. دیموکراسییەت بە هەموو ڕەگەزەکانى بۆ ئەوکات و ئێستا گرنگى و تایبەتمەندى خۆى هەیە بۆ خەباتى ڕزگاریخوازى و گەیشتن بە مافى چارەنووس و سەربەخۆیى نەتەوەیی کوردستان،،
خەباتى شاخ و چەکدارى خەریکە لەسەر ئاستى جیهان کۆتایی دێت، تەنانەت بە زەحمەتیش دەگاتە ئەنجام، چونکە شەڕ و ناکۆکى هیچ کات ئاشتى و ئارامییەکى ڕاستەقینەى بۆ گەلان بەرهەم نەهێناوە، بۆیە خەباتى مەدەنى و ئاشتیخوازانە بۆتە نەریتێکى سەردەم و لە ڕێى خەباتى دیموکراسی گەلان دەگەنە مافى رزگاریخوازییان. ئەگەرچى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنێکى ناوخۆى هەرێم و پارتە کوردستانییەکانە، بەڵام گرنگى لەوەدایە ئەو هەڵبژاردنەو خەبات و ئامانجى ئەو لایەنانەى بەشدارى هەڵبژاردن دەکەن، پشت بە بنەمای نەتەوەیی و نیشتمانی و شارەزایی و خاوەن ئەزموون ببەستن و بەرژەوەندى هەرێم و کوردستان نەخەنە خزمەت مەرامى خۆیان و ئاشتى و ئارامى و بەیەکەوەسازانى کوردستان تێک نەدەن. بۆیە کاتێک باس لە هەڵبژاردنى ناوخۆ دەکەین، بەتەنها سەرکەوتن و گەیشتن بە ئەنجامى باش و بەدەستهێنانى کورسی زۆر بۆ لایەنەکان پێوەرى ڕاستەقینە نییە، چونکە ڕەنگە لایەن هەبێت کاریگەرى زۆرى لەسەر دەنگدەر هەبێت بەڵام نەتوانێ بەرپرسیاریەتى و پاراستنى هەرێم و ئاسایشی ناوخۆ لە مەرامەکانى دوژمنانى کوردستان بپارێزێ و ڕووبەڕووى پیلانەکانى دوژمنانى کورد لە ناوخۆو دەرەوە ببێتەوە. کەواتە ئەو تایبەتمەندییانە گرنگن لە هەڵبژاردن ڕەچاوى بکەین بریتین لە کۆمەڵێ ئەرکى هاوبەش و سەرەکى لە نێوانى دەنگدەرو لایەنەکان و لایەنەکانیش لە ناوخۆیان کە بریتین لەمانەى خوارەوە:
ئەرکى نەتەوەیی:
هەرێمى کوردستان لە ئێستادا بەشێکە لە عێراق، ئەوە خواستى هیچ لایەنێکى کوردپەروەرى ڕاستەقینە نییە پاشکۆى دەوڵەتێکى وێرانکراو و دواڕۆژنادیار بێت، بۆیە گرنگترین تایبەتمەندى لایەنەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئەوەیە لایەنە کوردپەروەرەکان هەڵگرى نەخشەڕێیەکى چاکسازى پەیوەندى نێوانى هەرێم و بەغدا بن، بە ڕەچاوکردنى تەواوى مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان، نەک پشتبەستنى تەواو بە بەغدایەکى وێران بۆ لاوازکردنى هەرێمى کوردستان. ڕاستە پەرلەمان شوێنى دانانى یاساکانە، بەڵام گرنگە یاساکان بۆ خزمەتى هۆشیاریی نەتەوەیی و مرۆیی و بەیەکەوەسازانى جیاوازییەکان بێت، نەک درووستکردنى ناکۆکى و دووبەرەکى و مەرامى لابەلا و پشتبەستن بە نەیارى نەتەوەیی. لە ئێستادا هەندێ لایەن بەناوى ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانییەتى خۆیان بە پێشەنگ و زمانحاڵى هەرێم دەزانن، هەرێمى کوردستان بە خەتابارى کێشەکان دەزانن!، تەنها بۆ ئەوەى ناسنامەى کوردى زیاتر بە عێراق بلکێنن و کوردستان بکەنە عەرەبستانى دووەم و هەست و هەڵوێستى کوردایەتى کاڵ بکەنەوە، پێویستە ئەو لایەنانە هێندە گەورە نەکرێن ڕۆلى حکومەت و پەرلەمانى کوردستان بۆ بەرژەوەندى خۆیان بچوک بکەنەوە. ڕوونتر گرنگە دەنگدەران و لایەنەکان پشت بە تواناى کوردستانی‌بوونى هەرێمى کوردستان ببەستن وەکوو بەشێک لە عێراق بە پێى ئەو مافانەى لە دەستوور بۆ هەرێمى کوردستان دیارى کراون و بەرگرى لەو مافانە بکات، کە مافى خەڵکى کوردستان دەسەلمێنێ، نەوەکوو پشت بە تواناو هەڵوێستى هاودەستى لایەنە عەرەبەکان ببەستن بۆ لاوازکردنى لایەنە کوردستانییەکان. کەواتە گرنگە بۆ دەنگدەران پشت بەو لایەنانە ببەستن کە قوڵاییان لە هەڵوێستى نەتەوەیی و بەرگرى و پارێزگارى لە کوردستان بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى هەیە و خاوەن ئەزموونى گرنگى نەتەوەیی کورد بوونن.
پارتى دیموکراتى کوردستان یەکێکە لەو قەوارە گرنگانەى خاوەن ڕابردوو و مێژوویەکى گرنگە لەسەر ئاستى هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، بەجیاوازى متمانەى جەماوەر، خاوەن هێزو لێزان لە پیادەکردن و داکۆکى لە مافى خەڵکى کوردستان، پێویستە ئەو جیاوازى و ڕۆلە گرنگە بۆ جەماوەر ڕوونتر بکرێتەوە، چونکە لە ئێستادا نەوەیەک(جیل)ێک دەنگ دەدات چاوەڕوانى دەستەبەرى ماف و داکۆکى دەکات، گرنگە بۆى ڕوون بکرێتەوە، کە کوردستانی‌بوون و بەیەکەوەسازان و یەکڕیزى، گرنگترە لە یاسا بەرکارەکان، چونکە لە ئەنجامدا ئەوە یاساکانن کە خزمەتى هەرێم و کوردستان دەکەن و ئاسایش و ئارامیى سیاسی و کۆمەڵایەتى دەستەبەر دەکەن.
ئەرکى سیاسی:
هەرێمى کوردستان ئەزموونێکى نوێیە لە عێراق و وڵاتانى دراوسێ، گەشەپێدان و مانەوەو پارێزگاریى، بەشێکى دەکەوێتە ئەستۆى ئەو پەرلەمانەى خەڵک دەنگى بۆ دەدات، هاوکات گرنگى ڕۆلى پەرلەمان گوزارشتە لە هۆشیاریی سیاسی و پەرۆشی مافە نەتەوەییەکان، ئەمە جگە لەو ڕاستییانە کە بۆ عێراق و وڵاتانى دراوسێ ئەزموونێکى سیاسیى نوێیە، چونکە لەلاى ئەوان بەدیموکراسی‌کردنى کۆمەڵگا لەچوارچێوەى ڕەگەزپەرستى ئەوانە، هەرچی بکرێ دەبێ بۆ خزمەتى بەرژەوەندى ئەوان بێت، بۆیە دەنگدەرو جەماوەرى هەرێمى کوردستان دەبێت ئەو ڕاستییە بزانێ هەڵبژاردن یان دەنگدان بە قەوارەکان ناکرێ بە هەست و سۆزى لابەلا بێت، چونکە دەنگدان یەکسانە بە دەستەبەرى ئاسایش و ئارامى ناوخۆو هەرێمایەتى، بۆیە ئەو قەوارانەى ناتوانن یان خاوەن ئەزموون نین لەپارێزگارى ئاشتى و ئارامى و ئاسایش ناوخۆى هەرێم، ناتوانن ئەرکى سیاسی خۆیان لە ناوخۆو لەگەڵ وڵاتانى دەورووبەر بپارێزێ، بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان گرنگە بە دەنگ و متمانەى خۆیان ئەو قەوارە بپارێزن، تاکوو ژیان و دواڕۆژى سیاسی پارێزراو بێت. هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین وڵاتانى هەرێمایەتى یان دراوسێیەکان ئێستاش چاویان بە ئەزموونى دیموکراتى هەرێمى کوردستان هەڵنایە، بەردەوام خەریکن ڕۆل و پێگەى لە ناوخۆو لەگەڵ دەورووبەرو لە ئاستى جیهان بەرتەسک بکەنەوە و هەرێم بخەنە خزمەتى مەرامى خۆیان، راگرتنى ئەو مەرامەش تەنها بەو هێزە دەکرێ کە ئەزموونى لە گەڵیان هەیەو ناهێلێ خەبات و خزمەت و ڕەنجى خەڵک بەفیڕۆ بچێ و ئاشتى و ئارامى و ئاسایشی بکەوێتە بەر مەترسی، ئەویش پارتى دیموکراتى کوردستانە، بتوانێ بەربەست بێت لەبەردەم پیلانى ناحەزانى کوردستان.
ئەنجام:
گرنگە قەوارەکانى ناو هەڵبژاردن بەتایبەتى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕەچاوى ئەو تایبەتمەندییە بکەن و دەنگدەر لە هەڵوێستى نەتەوەیی هۆشیار بکەنەوە، ئینجا لە کارو بەرنامەى خزمەتگوزارى، بۆ دەنگدەریش گرنگە پشت بەو پرۆژە نەتەوەیی و نیشتمانییە ببەستێ کە کوردستان و حکومەتى هەرێم و قەوارەى هەرێم بەپارێزراوى بهێڵنەوە کە پارتى دیموکراتى کوردستانە، چونکە بەداخەوە هەندێ قەوارە لەنێو پرۆسەى هەڵبژاردنن، هاودەستى و بازرگانى لەگەڵ لایەنە عراقییە شۆڤینییەکان و بیانییەکان دەکەن و زۆر لە هاوپەیمانییەتى حزبە کوردستانییەکان پێ گرنگترە کە ڕەنج و خەباتیان بۆ کوردو کوردستان بووە. بۆیە گرنگە لە نێو پرۆسەى هەڵبژاردن بەرلەوەى کارو پرۆژەى خزمەتگوزارى باس بکرێ، هۆشیاریى نەتەوەیی و دواڕۆژى قەوارەى هەرێمى کوردستان و پاراستنى ئاشتى و ئارامى و مافى هاوڵاتی‌بوون و ئینجا خزمەتگوزارى بکەنە بەرنامەى کارو داهاتوویان، تاکوو هاوڵاتیانیش نەتەوەو دواڕۆژى هەرێمیان لەلا گرنگتر بێت، دەنگیان بۆ ئەو لایەنانە بێت کە کوردستان و هەرێم بە پارێزراوى دەهێڵنەوە و بەرەو پێشتری دەبەن.