مەلا بەختیار لە بەرامبەر هێرشەكەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی بۆ سەر دەزگا و بارەگاكانی سەر بە مەلا بەختیار هاتە دەنگ و رایگەیاند: “ئەوەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی بەرامبەر بە ئێمە دەیكەن مام جەلال لە گۆڕەكەی ڕادەچڵەكێنێ.”

مەلا بەختیار، لە بەرامبەر هێرشەكەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی بۆ سەر دەزگا و بارەگاكانی سەر بە مەلا بەختیار رایگەیاند کە ئەوەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی بەرامبەر بە ئێمە دەیكەن مام جەلال لە گۆڕەكەی ڕادەچڵەكێنێ، دەشڵێت: “هەرچی ئەرز و دەباشان و دەوروبەری دەباشان و بەكرەجۆ و جێگەی مەسڵەحە و هەرچی شوێنی بازرگانی هەیە داگیریان كردووە، كەس نازانێ ئەم هەموو داهاتە بۆ كوێ دەڕوات؟ بە سەدان ملیۆن دۆلار داهاتی دەڤەری سلێمانییە بۆ كوێ دەڕوا؟”

راشی گەیاند: “هەر راپرسییەك دەكرێ یەكێتی ناتوانێ لە نەوەی نوێش بباتەوە، هەموو راپرسییەكان دەڵێن لیستی یەكێتی لە خوار پارتی و هەندێك لە لیستەكانی ترەوەیە، سێ راپرسیم خوێندۆتەوە ئەنجامەكەی مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە بۆ یەكێتی و مێژووی یەكێتی.”

ئاماژەشی بەوە داوە: “یەكێتی هەر تاوانێك ئەنجام بدات، ئێمە بە هەڵوێستێكی شەرەفمەندانە و بە ئارامی وەڵام دەدەینەوە، بەرنامەی ئەڵتەرناتیڤی خۆمان دەخەینە ڕوو، ئێمە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راستەقینەین، چونكە گەندەڵ نین، كۆمپانیامان نییە، ئەرزەمان داگیر نەكردووە.”

مەلا بەختیار دەشڵێت: “بۆیە ئێمە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاراستەی گۆڕانكارین، مینبەری فرەمینبەرین، شكۆی یەكێتی هی ئێوە نییە هی ئێمەیە، مێژووی یەكێتی هی ئێمەیە هی ئێوە نییە. یەكێتی هەرچی كارەساتی بەسەر هاتووە ئێمە هەڵمانستاندۆتەوە ئێوە هەر لە وڵاتیش نەبوون، هەرزەكارێك بوون لە ئەورووپا، ئەگەر كوڕی مام جەلال نەبوونایە ئێوە چۆن ئەو هەموو پۆستەتان دەست دەكەوێ؟”

ئەوەشی خستووەتە روو: “دوو ساڵ پێش چوارەمین كۆنگرە، دەركم كردبوو كە یەكێتی بەرەو بنەماڵەبوون، ملهووڕی، تاساندنی هەموو جۆرە ئازادییەكان و پەنجەرەكانی رەخنە دەڕوا. دەركم كردبوو كە یەكێتی وردە وردە هەناسەی جوانی و سەربەستی و حزبایەتیی جوان و هاوچەرخ كۆتایی پێ دەهێنێت.”

جەختیشی کردووەتەوە: “لەگەڵ كۆسرەت ڕەسووڵ باسم لەوە كرد كە یەكێتی لە لێوارێكی ترسناكدایە، بە هێزی چەكدار ئەم یەكێتییە ناپارێزرێ، یەكێتی بەرەو پووكانەوە و نەمانی هەموو جیاوازییە ئایدۆلۆجی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و چینایەتییەكانی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان دەڕوات.”

روونیشی کردووەتەوە: “كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاگادار دەكەمەوە كە هەر جۆرە پەلامارێكی (چاودێر) یان ماڵی من لە خانەقین، بە ئاشكرا پێشێلكردنی ئازادی و لوتكەی بێوەفاییە لە مێژووی سیاسیی كوردایەتیدا.”

مەلا بەختیار راشی گەیاندووە: “یەكێكم لەو كەسانەی ماڵی مام جەلال قەرزارمن، خودی مام جەلال قەرزارمە لە مێژوودا. كوڕانی مام جەلال لەم مێژووە هیچ نەبوون تا بڵێم ئەوان قەرزارمن، بەڵام ئەوان كە هاتوونەتە سەر حازری، بە نەخشە و پیلان، بە كودەتای كۆنگرەی پێنج دەستیان بەسەر جومگەكانی یەكێتیدا گرتووە، خۆ ئەمە ناكرێ پێی لێ درێژ بكەن و گوێ بە هیچ بەها و رەوشتێكی سیاسی و پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی و مێژووێك.”

دەشڵێت: “ئەگەر سبەینێ تاوانی وا ئەنجام بدرێ، بێگومان من بێدەنگ نابم، منیش تەنها نیم، بە سەدان كەسین، ئەو سەدان كەسەش بە تەنها نامێنین، بێگومان هەوڵدەدەین بەرەیەكی فراوان دروست بكەین بۆ ئەوەی دۆخەكە مەترسیدارتر نەبێ و پێشێلكردنی ئازادی لە پەلاماردانی بارەگا و ماڵی منەوە بوەستێ.”

دووپاتیشی کردووەتەوە: “بە دڵنیاییەوە ئەم بڕیارانە مەترسیی نێودەوڵەتی بەدواوەیە و بەرەو سیناریۆی ترسناكمان دەبەن، هیوادارم هەموو خەڵك تێبگات، تا ئەم چركەساتەی كە من قسەی تێدا دەكەم، یەكێتییەكی راستەقینەم و هەموو ئەم درۆیانە شەرمەزار دەكەم كە پەنجەی تۆمەت دروست دەكەن گوایە لەژێر كاریگەریی ئەملا و ئەولاین، شەرم دەكەم ئەو درۆیانە لە ئێوە دەبەستم، چۆن دەبێ ئەوەندە درۆزن بن؟ چۆن دەبێ ئێوە لاوازن و بتانەوێ بە درۆ و بوختان هەڵبەستن خۆتان بەهێز بكەن؟”

ئاماژەشی بەوە داوە: “ئەو رێگە دژەدیموكراسییە پیرۆزتان بێ، ئێمەش ڕێگەی پڕشكۆی پێشمەرگایەتی و سەربەرزی پیرۆزمان بێ، ئاییندە شایەدی دەدات قسەی كاممان راستە.”