ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی بازرگانێكی مادەی هۆشبەری ڕاگەیاند و ڕایدەگەیەنێت، كە لەكاتی دەستگیركردنیدا دەستیان بەسەر بڕێك مادەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵدا گرتووە، كە ئامادەی كردووە بۆ فرۆشتن.

ئەمشەو 5ی 9ی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردەوە، كە “بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبار (ب، س، ڕ)مان دەستگیر کرد، كە کاری بازرگانیکردن و دابەشکردنی مادەی هۆشبەر بوو لە ناوشاری هەولێر.”

ئاماژەی بەوەش كردووە، كە “لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستمان گرت بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، کە ئامادەی کردبوو بۆ فرۆشتن و دابەشکردنی.”

ئاسایشی هەولێر، لە بڵاوكراوەكەیدا، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، کە لە لایەن هێزەکانیانەوە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ بنەبڕکردن و دەستگیرکردنی بازرگانان و تۆمەتبارانی مادە هۆشبەرەکان.

هاوكات سوپاسی هاووڵاتیانیشی كردووە، كە هەماهەنگ و هاوكاریانن.