خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- هەفتەی ڕابردوو قۆناغی دووەم و کۆتایی خولی باسکەی کچانی یانەکانی عێراق لەشاری دهۆک بەڕێوەچوو، تیایدا یانەی غازی شیمال و سابیس و ئەکاد پلەکانی یەکەم و دووەم وسێیەمیان بەدەستهێنا، بۆ وەرگڕتنی زانیاری زیاتر لەسەر تیپی باسکەی کچانی ئەکاد، خاتوو ڕەوان محەمەد یاریزانی باسکەی لاوانی ئەو یانەیە لەبارەی بەشداریکردنیان لەخولی باسکەی کچانی عێراق و بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی خولەکە گوتی: بێگومان بەشداریکردنمان لەخولی باسکەی کچانی عێڕاق، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ هەموو یاریزانە لاوەکانمان، ئەگەرچی زۆربەی یانەکان، یاریزانی پیشەگەریان هێنابووە رێزی تیپەکانیان، بەڵام خولەکە تام و چێژی وەک جارانی نەبوو، چونکە زۆربەی زۆری یاریزانە لاوەکانی خۆمان، چانسی بەشداریکرنیان نەبوو بەهۆی زۆری یاریزانە پیشەگەرەکان، لەسەرجەم یانەکاندا، بۆیە بۆ پێشخستنی ئاستی خولی باسکەی عێڕاق، باشتر وایە یەکێتی ناوەندی تۆپی باسکەی عێڕاق بڕیارێک دەربکات بۆ یانەکان کە پابەندی یاریزانی ناوخۆ بن، دەرفەت نەدەن لاوەکانمان بەهۆی یاریزانە پیشەگەرەکان فەرامۆش بکرێن.
هەروەها گوتی: خۆشبەختانە لەخولی باسکەی عێراقدا توانیم باشترین ئاست پێشکەش بکەین، بەڵام بەهۆی بەهێزیی یانەکانی بەرامبەر، چانسی برددنەوەی ناسناوەکان نەبوو.
هەر لەبارەی ئاست و توانای یاریزانەکانی نێو یانەکەیان خاتوو رەوان بۆ ئەمەیش گوتی: زۆربەی زۆری یاریزانەکان لەپێکهاتەی تیپەکەمان بەتەمەن بچووکن و هێشتا زۆریان ماوە بگەنە ئاستێک کەمتمانەی تەواویان لەسەر بکرێت، بەڵام لەو بڕوایەدام بۆ داهاتوو تیپێکی تۆکمەو بەهێز لەم پێکهاتەیەی تازە دروست دەبێت و ڕکابەری هەموو یانەکانی عێڕاق دەکەین.