خەبات: كاروباری عەرەبی و ئیقلیمی:- بە بەشداریی زیاتر لە پێنج ملیۆن دەنگدەر، لەسەرانسەری وڵات، چاوەڕوان دەكرێت لە 10ی ئەیلوولی داهاتوودا، هاووڵاتیانی شانشینی ئوردونی هاشمی، نوێنەر و ئەندامانی خولی بیستەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵات هەڵبژێرن، هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەم وڵاتە لە كاتێكی گرنگ و هەستیار دێت، بەتایبەتی بە هەبوونی كاریگەریی بارودۆخی غەززە و هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل و ئەگەری هەبوونی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان میلیشیاكانی سوریا و عیڕاق و لوبنان لە دژی ئیسرٍائیل.

بەڵام وەك دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئوردون ئاماژەی بۆ كرد، ئەم پرۆسەیە لە كاتی خۆی بەڕێوە دەچێت و لە 28ی ئابی رابردوودا، دەرگای پێشكەش كردنی داوای كاندید بوون داخرا و دەست كرا بە رێكارەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆی دا، زیاتر لە پێنج ملیۆن دەنگدەر بەشداری ئەم پرۆسەیە دەكەن، پەیمانگای هەڵبژاردن، لە دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنی وڵات رایگەیاند، 5115219 هاووڵاتی مافی بەشداری كردنی لەم پرۆسەیەدا هەیە كە 2689926 یان ئافرەتن، بە ڕێژەی 52.6 % ، بەرامبەر بە 2425293 لە رەگەزی نێر، بە ڕێژەی 47.7 %، ئەم پەیمانگەیە راشیگەیاند 2323478 دەنگدەر، تەمەنیان لە 35 ساڵ كەمترە كە رێژەیان دەگاتە 45.4 %.

لەلایەكی دیكەشەوە، دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن، لە پێگەی ئەلیكترۆنیی خۆی رایگەیاند،172 لیست بۆ هەڵبژاردن تۆمار كراون،كە 937 هەزار كاندیديان لە خۆوە گرتووە، زۆرینەشیان ئافرەتن . هاوكات 18 بازنەی هەڵبژاردن بۆ ئەم پرۆسەیە ديارى كراون، كە 1649 بنكەیان لەخۆوە گرتووە، لەم بنكانەش دا 5843 سەندووقی دەنگدان و جیاكردنەوەی دەنگەكانیش داندراون.

یاسایەكی تازەی هەڵبژاردن
لە نیسانی رابردوودا، شا عەبدوڵلای دووەم، لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن كۆبووەوە، لە دوای ئەم كۆبوونەوەیەش بڕیاردرا، لە 10ی سێپتەمبەر ئەم پرۆسەیە بەپێی یاسایەكی تازە ئەنجام بدرێت، بە پێی ئەم یاسایەش، ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبنە 138،كە 41 یان بۆ پارتە سیاسییەكانە.

ئەم پەرەسەندنەش شێوەیەكی مشتومڕی لەنێو نوخبەی سیاسیی وڵات دروست كردووە، چاوەڕوانیش دەكرێت لە پرۆسەی داهاتووی هەڵبژاردن دا، رێژەی حزبە سیاسییەكان بگاتە 50% ، پێشبینیش دەكرێت قۆناغ بە قۆناغ كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران تەنها بۆ پارتە سیاسییەكان بێت، لەلایەكی دیكەشەوە ئەم یاسا تازەیە، جۆرێك لە نیگەرانیی لەنێو هۆز و عەشیرەتەكانی ئوردون دروست كردووە، بەو پێیەی عەشیرەت لەم وڵاتەدا، گرنگترین وسەرەكیترین كۆڵەگەی كۆمەڵگەی ئوردونە، هاوكات رۆڵێكی گرنگی لە قۆناغەكانی پێشكەوتنی ئەم وڵاتەدا هەبووە، لە پرۆسەكانی پێشووتری هەڵبژاردنیش دا مۆركی هۆزگەری، بە شێوەیەكی بەرچاو بەم پرۆسەیەوە دیار بوو.

ئەم گۆڕانكارییانە لە یاسای هەڵبژاردن، لە ساڵی 2021ـەوە پێشنیار كران، لە چوارچێوەی هەمواركردنی چەندین یاسای گرنگی وڵات، لە كانوونی دووەمی 2022 ش دا، پەرلەمان 26 خاڵی دەستووری لە كۆی 30 خاڵی هەمواركرد، ئەم خاڵانەش بە هەردوو یاسای حزبە سیاسییەكان و هەڵبژاردنەوە پەیوەست بوون، بەڵام سەرچاوە حكومییەكان، هێزە هۆزگەرییەكانیان لەوە دڵنیا كردەوە، كە ئەم یاسایانە بەهیچ شێوەیەك لە دژی عەشیرەت و هۆزەكانی ئەم وڵاتە نیە، هەروەها ناشكرێ ئەم چینە گرنگ و گەورەیەی كۆمەڵگە فەرامۆش بكرێت و پێگەكەی پەراوێز بخرێت.

رێژەیەكی بەرچاوی لاوان لەم پرۆسەیەدا بەشدارن
یەكەم جارە لە مێژووی ئوردون، رێژەیەكی زۆر و بەرچاوی لاوان لەم پرۆسەیەدا بەشدارن، بەپێی لێدوانی دەستەی هەڵبژاردن، 60 كاندیدی لاو لە لیستە خۆجێیەكان لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارن، 160ی دیكەش لە لیستە حزبییەكان دا بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی پەرلەمان كێبڕكێ دەكەن، 600 هەزار كەسیش لە چینی لاوان، بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان دەكەن.

ئاژانسەكانی دەنگ و باسی ئوردون، بەشداری كردنی ئەم رێژە بەرچاوە لە چینی لاوان، بۆ گەشبینی لاوانی وڵات دەگەڕێننەوە بەو گۆڕانكارییانەی شا عەبدوڵلا پێشنیاری كرد، و بە هۆكارێكی گرنگ بۆ پێشكەوتنی دیموكراسییەتی لە قەڵەم دەدەن، بە هۆكارێكیشی دەزانن بۆ هێنانەدیی هیوا و ئاواتی لاوان لە بەشداری كردن لە حوكمڕانی و سەپاندنی پرۆسەیەكی سەرانسەری چاكسازی لەم وڵاتەدا.

چینی لاوان، كە هەمیشە گلەییان لە قۆرخ كردنی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان لەلایەن كەسایەتیی بەتەمەنی عەشایەری و سیاسییەوە دەكرد، ئاواتە خوازن لەم پرۆسەیەدا، دەست بە قۆناغی یەكەمی گۆڕینی خوێنی پەرلەمانی وڵاتەكەیان بكەن، تا لە قۆناغەكانی داهاتوودا ئەم دەزگا گرنگە، ببێتە هۆكارێك بۆ پێگەیاندنی لاوانی سەركردە و خاوەن بڕیار.

پرۆسەیەك، لە بارودۆخێكی ناهەموار دا
خولی 19ی پەرلەمان لە ساڵی 2020 دا، لە كاتێك دا هات، كە ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە هەموو جیهان دا بڵاو ببوو، بارودۆخێكی هەستیار و ناهەمواریشی دروست كردبوو، بە شێوەیەك كە چەندین جار هەڕەشەی ئەنجام نەدانی ئەم پرۆسەیە، یانیش دواخستنی بۆ كاتێكی نادیار دەكرا. ئەم ساڵیش بارودۆخی غەززە باڵی بەسەر كۆی پرۆسەكەدا كێشاوە و پرسی فەلەستین و پاڵپشتیكردنی هاووڵاتیانی غەززە لە دژی ئیسڕائیل، دیارترین دروشمی ئەم پرۆسەیەیە.

سەرچاوەكانی دەنگ و باسی عەرەبی و جیهانی، باس لەوە دەكەن، بارودۆخی ناوچەكە بەتایبەتی دوای 7 ی ئۆكتۆبەری 2023، بە دەستپێكردنی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرٍائیل، رەنگە كاریگەریی نەرێنیی بەسەر ئەم پرۆسەیەدا هەبێت، بەهۆی نزیكبوونی جوگرافیی نێوان ئوردون و فەڵەستین، هاوكات هاوسنووربوونی لەگەڵ ئیسرٍائیل، باس لەوەش دەكرێت كە ڕەنگە ئەم دۆخە ناهەموارە، نەخشەی هەڵبژاردن و پێكهاتەی ئەنجوومەنی نوێنەران بگۆڕێت.

بەپێی پێشبینی سەنتەرەكانی هزری سیاسی، ئەم دۆخە لەوانەیە ببێتە هۆی سەرخستنی چەندین حزبی تازە و پاشەكشەی پارتە تەقلیدییەكان و لەوانەشە كار بۆ دروستكردنی لۆبییەكی گەورە و فراوانی جەماوەری بكەن، بۆ ئامادەكردنی زۆرینەیەكی پەرلەمانی، هاوكار و هاوسۆز لەگەڵ بارودۆخی فەلەستین.

پاڵپشتییەكی بەهێزی یەكێتیی ئەوڕووپا
یەكێتیی ئەوڕووپا، پاڵپشتییەكی بەهێزی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی شانشینی ئوردونی هاشمی دووپات كردەوە. زیلیانا زۆفكۆ، سەرۆكی نێردەی یەكێتیی ئەوڕووپا، بۆ چاودێری كردنی هەڵبژاردنی ئەم وڵاتە رایگەیاند : پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردون، دەبێتە تاقیكردنەوەیەكی گرنگ بۆ ئەزموونی دیموكراسی و پێشكەوتنی دیموكراسییەت لەم وڵاتەدا، بەتایبەتی دوای ئەو چاكسازییانەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەم وڵاتەدا ئەنجام دران.

بۆ ئەم مەبەستەش، ئەم نێردەیە، تیمێكی لە 28 چاودێری درێژ خایەن و 10 شیكەرەوەی بواری هەڵبژاردن پێك هێنا، بە مەبەستی چاودێری پرۆسەكە لە هەموو روێكەوە و هەڵسەنگاندنی تەواوی هەڵبژاردن، و رێژەی پابەندبوونی دەنگدەر و هاووڵاتیان بە یاسا و رێكارەكانی هەڵبژاردن و شێوازی مامەڵەی دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا، تا دەگاتە قۆناغی جیاكردنەوەی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجام و وەرگرتنی تانە و سكاڵای لایەنە سیاسییەكان.

پێشی هەڵبژاردنیش بە یەك رۆژ،38 چاودێری دیكە دەگەنە وڵات، بە مەبەستی چاودێری كردنی كورت خایەنی پرۆسەكە، سەرۆكی تیمی ئەوڕووپی ئاشكراشی كرد، كۆی گشتیی چاودێرەكانیان بۆ هەڵبژاردن، گەیشتە 100 چاودێر لە چەندین وڵاتی ئەوڕووپاوە، كە لە هەر 12 پارێزگای شانشینی ئوردون، كاری خۆیان ئەنجام دەدەن.