خەبات: ئاشتی شەهباز:- ڕۆژی سێشەممە 27ی ئابی 2024، بەسەرپەرشتی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، گفتوگۆیەکی تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای باری کەسێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیوانی دەستە بەڕێوەچوو. لە دیوانی دەستە گفتوگۆیەکی تایبەت سەربارەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای باری کەسێتی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك پەرلەمانتار و كەسایەتی تایبەتمەند لە داوەر ودەزگا فەرمی و دادوەری و شارەزا لە یاسا و نوێنەری حكوومەت و نوێنەری رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و پزیشكی تایبەتمەند بەڕێوەچوو، کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە.
لە گفتوگۆکەدا سەرەتا د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەوردی تیشکی خستەسەر ئەو مەترسییانەی لە ئەگەری هەموارکردنەوەی ئەم پڕۆژە یاسایە دێتە ئاراوە، ڕایگەیاند: هەموارکردنەوەی ئەم پڕۆژە یاساییە کە پێشکەشکراوە بە هیچ شێوەیەک یەکناگرێتەوە و یەکانگیرنییە لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و ڕیکەوتننامە نیودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی منداڵان، جگە لەوەی پێچەوانەی بڕگەکانی دەستووری عێراقە” سەرۆکی دەستە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم شێوازی پڕۆژە پێشنیارکراوە بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتییە بەجۆرێک پێشێڵکارییە بەرامبەر مافی منداڵان، شتێک ناهێڵێ بەناوی تەمەنی منداڵێتی و بەکۆیلەکردنی منداڵانی کچە لە بەرامبەر پیاواندا.
پرۆفیسۆر د. مونا یاقۆ وتارێكی لەسەر مەترسی و لێكەوتەكانی ئەم پرسە پێشكەشكرد و گوتی: ئێمە باجی هەڵەیەك دەدەین، كە لە ساڵی 2005 لە چەند مادەیەكدا لە دەستووری عێراقدا كردوومانە و ئەمڕۆ بوونەتە هۆی قەیران، لەكاتێكدا دەبوو دەستوور هۆكاری چارەسەری كێشە و قەیرانەكانی كۆمەڵگا بێت، چونكە بنەكانی دەستووری عیراق (شەریعەتی ئیسلام و پرەنسیپەكانی دیموكراتییەت و ماف و ئازادییەكانە) بابەتەكان لە هەندێ باردا هاوتەریب نین، بەڵكو هاودژنن، خاڵێكی دیكەش هەیە، كە عێراق لە ماددەی 8 ی دەستووردا پابەندبوونی خۆی رانەگەیاندووە بە پرەنسیپ و رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، بەڵكو بە وشەی رێزگرتن ناوزەدی كردووە و ئەمەش هۆكارێكی دیكەی كێشەكانە.
بەپێی رێكەوتننامەی مافەكانی منداڵ، بەو كەسە دەگوترێت منداڵ، كە تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بێت، لە فیقهی ئیسلامیشدا بەمشێوەیە پێناسە كراوە، كە منداڵ تا تەمەنی باڵقبوون پێنەگەیشتووە (القاصر), هەوەهاش رەگەزی مێ بەگەیشتنی بە قۆناغی باڵقبوون پێی دەگوترێت (سن الرشد) و لەگەڵ ئەوەشدا زانایانی فیقهی ئیسلامی راوبۆچوونی جیاوازیان لەوبارەیەوە هەیە، بەڵام رای زۆرینەی زانایانی مەزهەبەكانی (حەنەفی، شافعی، حەنبەلی)و بەشێكیش لە مالیكی پێیانوایە تەمەنی 15 ساڵ بۆ رەگەزی مێ شیاوە بۆ هاوسەرگیری. یەك لەو خاڵانەی ئەو پرۆژەیە ئەوەیە منداڵانی مێینەی ناباڵق دەتوانرێت بەشوو بدرێت.

لە جاڕنامەی رێككەوتنی مافەكانی منداڵان لە ساڵی 1994 كە عێراق پەسندی كردووە، جاڕنامەكە لە مادەی 3 تا كۆتایی باس لە بەرژەوەندی و ژیان و پاراستنی منداڵ بە هەموو جۆرەكانییەوە دەكات، د. مونا یاقۆ دەڵێت: ئەگەر عێراق پابەند بووایە ئێستا نەدەتوانرا دەست بۆ بابەتێكی ئاوا ببرێت، كە بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی بڕیارە بسەپێندرێت، تێیدا هاتووە كچانی تەمەن 9 ساڵ دەكرێ بەشوو بدرێن، عێراق لە ساڵی 1986 ئیمزای لە سەر رێككەوتننامەی سیداو كردووە كە لە مادەی 16 بڕگەی دوو بەوردی باسی لە قەدەغەكردنی مارەبڕین و هاوسەرگیری منداڵان كراوە.
سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوەش دەدات كەوا عێراق بە مەبەست دەیەوێت كێشە و ئاشوب بخەنە نێۆ كۆمەڵگە، لە یاسای باری كەسی عێراقدا زیاتر لە 90 ماددەیە هاتوون دەستكاری تەنیا ئەو دوو ماددەیە دەكەن؟! د. مونا یاقۆ دەڵێت: لە ساڵی 2014 بە هەمان شێوەی ئێستا بەنیازبوون بە هەموو وردەكارییەكەوە هەمواری ئەو یاسایە بكەن و دەنگیشی لەسەر درا و بڕیاربوو بكرێتە یاساو كاری پێبكرێت، لەوێدا باسی لە تەڵاق كردووە و یەك لەو تەڵاقانە باسی لە تەڵاقدانی منداڵی خوار تەمەن نۆ ساڵ دەكات، بەو واتایە پێشی نۆ ساڵ كچان بەشووبدرێن، ئەوكاتە كۆدەنگییەك لەسەر ئاستی عێراق هاتە ئاراوە و رێی لەو پرۆژەیە گرت.
خاڵێكە دیكەی ئەو پرۆژە یاسایە باس لە چەمكی(مدونە) دەكات و هاتووە دەڵێ بۆ شەش مانگ لە نێوان فیقهی سوننی و فیقهی شیعە مدونەیەك دەكرێت، لەسەر ئەو خاڵە د. مونا گوتی: تا ئێستا شتی وامان نەبیستووە لەناو دەستووردا، دوای دەستور یاساو رێنماییەكان كاریان پێدەكرێت نەك وەك ئەو پرۆژەیە پێشوەختە دەنگدانی لەسەر بدرێت و كۆمەڵگە پێوە پابەند بكرێت و ئەمنیەت و ئاشتی كۆمەڵایەتی و خێزان تێكبدات، لە كاتێكدا لەگەڵ یاسای ژمارە 235 ی ساڵی 2022 لە دادگای فیدڕاڵ دەرچووە و هاودژ دەبێت، كە جەخت لەسەرئەوە دەكاتەوە تەنیا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەتمەندن بە تەشریعكردنی یاسا، ئەمە جگە لە پێشێلێكردنی مافەكانی منداڵان و ژنان لە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری و چەندین مافیتر وەك مافی میرات و دایكایەتی بەر لە تەمەنی پێگەیشتن، بە لێدان لەسەروەری یاسا و دادگاكان هەژمار دەكرێت.
یاسای ژمارە 188 ی باری كەسی ساڵی 1959 عێراق پێویستی بە هەموواركردنەوە هەیە و چەند جارێك پرۆژە یاسای بەرەنگاربووەنەوەی توندوتیژی خێزانی (وەك ئەوەی لای خۆمان بەركارە) لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدنگ نەبوون لەسەر پەسندكردنی , ئەوە ئەو مەترسییە دەخاتەروو و كاریگەری خراپ لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان دروست دەكات و دڵنیانین لە پاراستنی شكۆ و مافەكانی منداڵانی پێنەگەیشتوو و ژنان بەتایبەتی و كۆمەڵگە بەو هۆیەوە بەرەو ئاقارێكی نادیار دەبات.
یەك لەو خاڵە نەرێنیانەی ئەو پرۆژەیە رێگا بە مارەبڕینی منداڵانی كچی ناباڵق دەدات لە دەرەوەی دادگا و هەروەها دادگاش پابەند دەكات بە پەسندكردنی ئەو مارەبڕینە و گرێبەستی هاوسەرگیری بكات , ماددەی 398 لە یاسای سزادانی عێراقی باس لە دەستدرێژی سەر منداڵانی كچ دەكات، تێیدا هاتووە: ئەگەر كچێك لەلایەن هەر كەسێكەوە دەستدرێژی سێكسی بكرێتەسەری ئەوە دادگا رێ بە هاوسەرگیری ئەو منداڵە دەدات لەگەڵ دەستدرێژیكار بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئەوەش بەتاوان هەژمار ناكرێت و تاوانەكە پاك دەبێتەوە وەك چارەسەر ئەوە دیاریكراوە لە بری سزا، بەڵام لەم پرۆژە یاسای جەعفەری ئەگەری زۆرە لە روودانی بۆ دەستدرێژی سەر منداڵان ببێتە كارێكی ئاسان و ئاسایی لە هەرتەمەنێكدا و سزای لەسەر نییە.
دكتۆر عەباس عەلی سلێمان مامۆستا لە كۆلیژی زاستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سەلاحەددین وەك بەشداربووێكی ئەم دانیشتە لەبارەی ئەو پرسە پرسیارمان ئاراستە كرد و دەڵێت: پێموانییە لە رووی یاساییەوە كاریگەریكی ئەوتۆی هەبێت وەك باسكرا، بەڵام بابەتەكە پەیوەندی بە مافی مرۆڤ و بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە و راستە ئەو یاسایە لە ئیسلام وەرگیراوە، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ عورف و عادات و سەردەم ناگونجێ و ئەو بابەتە پەیوەندی بەهەموو تاكێكی نیشتمانپەروەر و ئاینپەروەرەوە هەیە و لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام یەكانگیر نابێتەوە.
دادوەر رزگار حەمەئەمین وەك دادوەرێكی شارەزا لەو دانیشتنە بەشداربوو، سەبارەت بە چۆنیەتی خۆپاراستن لەمەترسی و لێكەوتەكانی لەسەر گەلی كورد لەو پرۆژە پێشنیاركراوە پێویستە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت؟ گوتی: یاساكانی باری كەسی ساڵانێكی زۆرە كار دەكات و یاسایەكی سەركەوتووە، یەك شت پێویستە هەرێمی كوردستان هەوڵبدات ئەم یاسایەی كە هەیە نەگۆڕدرێت، ئەوەی هەیە پرۆژەیەكی مەزهەبی سیاسییە و لێسەندنەوەی دەسەڵاتە لە دادگاكان و یاسا، پێویستە لەسەر هەموو عێراق و حزبە كوردییەكان و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا دەبێ دژ بەو یاسایە بوەستنەوە, چونكە ئەوە گەڕانەوەیە بۆ دواوە و دواوەیەكی تاریك و بەوە شكاندنی یاسایە و گەڕانەوەیە بۆ مەزهەبێكی سیاسی و دژی دەستوورە و كە لە تێیدا باس لە ئازادی و یەكسانی و دژی بنەماكانی مافی مرۆڤە و پێموانییە لە عێراق كەس لێی سوودمەند بێت.