خەبات: برادەر كەلهوڕ:- ژەنەراڵ “سی كیو براون “سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا مەترسی زۆر هەیە بەو نزیكانە قەوارەی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست فراوانتر بێت.بە تایبەتیش دوای ئەوەی حزبولڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل تەقەیان لەیەك كرد، بەڵام مەترسی گەورە هێشتا لەسەر ئێرانە چونكە بە گوێرەی بەدواداچوونەكان پێدەچێ تاران نیازی هەبێ لە تۆڵەی كوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ، گورزی سەربازی لە ئیسرائیل بوەشێنێت.

هەڵكشانی ئاڵۆزی
لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز براون گوتی: دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئیسرائیلم كرد، حزبولڵای لوبنانی چەندین مووشەك و فرۆكەی بێ‌ فرۆكەوانی ئاراستەی نێو خاكی ئیسرائیل كرد. لە بەرانبەردا بۆ شكستپێهێنانی هێرشێكی گەورە ، ئیسرائیل چەند پێگەیەكی لەنێو خاكی لوبنان بۆردومان كرد.لە ماوەی دە مانگی رابردوودا ئەوەیان گەورەترین هێرش و پێكدادانی سەربازی بوو كە لەنێوان هەردوولا لە ناوچەكە روویدا بەبێ‌ ئەوەی زیانێكی گەورە لە ئیسرائیل بكەوێت و هیچ لایەنێكیش دوای ئەوە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتری لە یەكتر نەكرد.براون لە وتەكانیدا ئاماژەی بەوەش دا كە ئەو هێرشەی حزبولڵا یەكێك بوو لەو دوو هێرشە گەورەیەی كە لەم هەفتانەی دوایی هەڕەشەی پێ‌ لە ئیسرائیل دەكرد، هاوكات كۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەیەكی دیكەیە دوای كوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تاران كە بۆتە مایەی باس و خواسی ناوچەكە.

هێشتا مەترسیەكانی فراوانبوونی جەنگ لە ئارادان
لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی رۆیتەرزدا لە هەمبەر مەترسی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێكی هەرێمی و فراوانبوونی قەوارەی جەنگ ، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا گوتی: تا رادەیەك مەترسییەكان كەمتر بوونەتەوە، چونكە لە كاتی سەردانیكردنم بۆ ئیسرائیل یەكێك لەو دوو هەڕەشانەی كە لەسەر ناوچەكە هەبوو لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێكی هەرێمی لە ناوچەكە.. یەكێك لەو هەڕەشانە روویدا كە هێرشی مووشەك و درۆنەكانی حزبولڵای لوبنانی بوو بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی لەلایەن تەلئەبیبەوە ..تا رادەیەكی زۆر قەوارەی زیانەكان گەورە نەبوون ، بەڵام ئەگەری مەترسییەكانی هەڕەشەی دووەم هێشتا لە ئارادایە كە ئەگەری هێرشی مووشەكی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل لە تۆڵەی كوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس.ئەوەش بەستراوەتەوە بە شێوە و قەوارەی هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران كە راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر ئەگەری فراوانبوونی قەوارەی جەنگ لە ناوچەكە.

میحوەری مقاوەمە
لە دیوێكی دیكە، براون هۆشداری دا لەوەی مەترسییەكی دیكەی جیدی هەیە كە خۆی لە هاوپەیمانەكانی ئێران و میلیشاكان لە هەریەكە لە عێراق و سوریا و ئوردن دەبینێتەوە، كە بەردەوام هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی سوپای ئەمەریكا .هەروەها حوسییەكانی یەمەن كە هێرش دەكەنە سەر جموجۆڵی دەریاوانی لە دەریای سوور و بە درۆن هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل. دووپاتیشی كردەوە كە ئەو گرووپ و ملیشیا چەكدارانە هەر لە خۆیانەوە و بە شێوەیەكی تاكڕۆیانە هەڵسوكەوت ناكەن و هێرش ئەنجام نادەن بەڵكو لەبڕی لایەنێكی دیكەوە ئەو هێرش و رەفتارانە ئەنجام دەدەن.

سوپای ئەمەریكا لە حاڵەتێكی باشتردایە
ژەنەراڵ براون گوتی: سوپای ئەمەریكا لە حاڵەتێكی باشتردایە ، بۆ یارمەتیدان و بەرگریكردن لە ئیسرائیل و هێزەكانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست . لە پێش 13 ی نیسان لەو كاتەی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یەكەمجار هێرشێكی گەوەری بە سەدان موشەكی بالیستی و درۆن كردە سەر ئیسرائیل و لە بەرانبەردا هێزەكانی ئاسمانی سوپای ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشەكەیان شكست پێ هێنا و زۆربەی هەرەزۆری ئەو موشەك و درۆنانەیان هەر لە ئاسمان تەقاندەوە. براون گوتی : ئێمە ئێستا لە حاڵەتێكی باشترداین و بە دوو گرووپی كەشتی فرۆكە هەڵگر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بوونمان هەیە سەرباری رەوانەكردنی پۆلێكی دیكەی فرۆكەی شەڕكەری ئێف 22 بۆ ناوچەكە .لە كۆتاییشدا براون ئاماژەی دا ، سەركردە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەرچی پلان و بیرۆكەیەكیان هەبێت سەبارەت بە هێرشكردن، بەڵام لە كۆتاییدا بڕیار هەر لە دەست سیاسەتمەدارەكانیان دایە كە پێویستە بیر لەوە بكەنەوە بە هیچ شێوەیەك قەوارەی جەنگەكە فراوان نەكەن.

جێی بیرهێنانەوەیە دوای كوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆكی بزووتنەوەی حەماس لە نێو خاكی تاران . كۆماری ئیسلامی ئێران ئیسرائیل تۆمەتبار دەكا و بەڵێنی داوە زۆر بە توندی تۆڵەی هەنیە لە ئیسرائیل بكاتەوە .لە بەرانبەریشدا ئیسرائیلیەكان تاكو ئێستا لە هەمبەر پرسی كوژرانی هەنیە” بێدەنگە و نە بەرپرسیاریەتیەكەی گرتووەتە ئەستۆ و نە رەتی دەكاتەوە دەستی لەو رووداوە هەبووبێت.