سهرهتا وتار رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. گۆڕەپانی ململانێكانی بە وەكالەت و كاریگەریی زلهێزەكان
عەبدولرەحمان حەبەش*
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: ل. كاروباری نێودەوڵەتی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەكێكە لە ناوچە هەرە ئاڵۆز و ناسەقامگیرەكانی جیهان و بە درێژایی ساڵانی رابردوو ژمارەیەك ركابەری هەمەجۆر و فرەڕەهەند و ململانێی بە وەكالەتی لەنێوان زلهێزەكان بەخۆیەوە بینیوە، ئەم دینامیكیەتانەش بەتەنیا كاریگەریان لەسەر سەقامگیری وڵاتانی ناوچەكە بەجێ نەهێشتووە، بەڵكو كاردانەوەی قووڵیان هەبووە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
لە رووی مێژووییەوە، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتی بووە لە سەنتەرێكی شارستانی و كلتووری گرنگ، بەڵام دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی كات بوو بە گۆڕەپانێك بۆ كۆمەڵێك شەڕی ستراتیژی زلهێزەكان. دوای جەنگی دووەمی جیهان، بەهۆی پێگەی جوگرافی و داهاتە نەوتیە دەوڵەمەندەكانیەوە، ناوچەكە گرنگی ستراتیژیی زیاتری پێ بڕا و وڵاتانی زلهێزیش ، لە سەروویانەوە ئەمەریكا و رووسیا و چین، دەستیان بە سەرمایەگوزاریكردن لە هەژموون و كۆنترۆڵكردن كرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
كێشە و ململانێكانی بە وەكالەت یەكێكە لە بەرچاوترین سیماكانی ململانێكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ نموونە، ململانێی نێوان ئێران و سعودیە و توركیا كاریگەریی بۆ سەر پەیوەندیەكانی نێوان وڵاتانی پێشبڕكێكار و هاوسەنگی هەرێمی هەبووە، ئەم سێ وڵاتە لەسەر سەپاندنی هەژموون بەسەر چەندین وڵاتی وەك عیراق و سووریا و لوبنان و فەلەستین و سوودان و لیبیا و یەمەن لە ركابەری دان و هەریەكەیان پشتگیری ئەو گرووپە ئیسلامیە توندڕەوانە دەكەن كە كار بۆ هێنانەدی بەرژەوەندیە ستراتیژیەكانی ئەوان دەدەن، بە هەمان شێوە، خولقاندن و وروژاندنی ململانێكانیش بۆتە كاری هێزە رۆژئاواییەكان و مەبەستیشیان بەكارهێنانی ئەو ململانێیانەیە وەك ئامرازێك بۆ هێنانەدی ئامانجە سیاسیەكانیان. دەستوەردانە سەربازیەكان لە كاروباری عیراق و سووریا و لیبیا و لوبنان و یەمەن باجی گرانیان لێ كەوتەوە و بوونە مایەی هەڵوەشانەوەی وڵاتان و سەرهەڵدانی چەندین گرووپی چەكدار كە دەربڕی بەرژەوەندیەكانی هێزە دەرەكیەكانن.
ئەو كاریگەریانەی كە دەرەنجامی ململانێكانی بە وەكالەتن تەنیا پەیوەست نین بە لایەنە سیاسیەكان، بەڵكو بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتیش دەگرنەوە. ئەو داڕمانە ئابووریەی لە كێشەكان دەكەوێتەوە ، سەرباری هەڵڕژانی پەنابەران و كۆچە زۆرەملێكان، دەبنە مایەی ئاڵۆزتربوونی تەنگژە مرۆییەكان . هاوكات ئەم ململانێیانە كار دەكەنە سەر پەیوەندیە بازرگانیەكانی نێوان وڵاتان و ئابووریەكانیان رووبەڕووی هەڵكشان و داكشانی بەردەوام و مەترسیە سیاسیەكان دەكاتەوە. هاوكات كێشە بەردەوامەكان دەبنە فاكتەرێك بۆ بڵاوبوونەوەی توندڕەوی و توندوتژیی ، ئەمەش بێگومان ئاستی مەینەتیە مرۆییەكان زیاتر دەكات.
لە سایەی بەردەوامبوونی ململانێ بە وەكالەتەكان ، ئاییندەی نادیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك سەرچاوەی نیگەرانی بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە، دوور نیە هەڵكشانی ركابەری و ململانێكان ببێتە هۆی زیادبوونی ئاستی هەڵڕژانی پەنابەران و گرووپە توندڕەوەكان ، ئەمەش دەبێتە هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی. بۆیە چارەسەركردنی ئەم تەنگژانە پێویستی بە نزیكبوونەوەیەكی سەرتاسەری هەیە لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە كە مەبەست لە دوایەوە توندوتۆڵكردنی گفتوگۆ سیاسیەكان و پێشكەشكردنی كۆمەك بێ بۆ ئەو وڵاتانەی كەوتوونەتە ژێر كاریگەری ئەو ململانێیانە.
پێویستە كۆششێكی نێودەوڵەتی بوونی هەبێ لەپێناوی دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتیانەی وا كە كێشەكان لە رەگەوە چارەسەر بكات نەوەك تەنیا ئیدارەدانیان، لە كۆتاییدا، بە ئاشكرا دیارە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕەپانێكە بۆ ململانێكانی بە وەكالەت و تیایاندا زلهێزەكان رۆڵێكی سەرەكی لە وروژاندنی ناكۆكی و جیاوازیەكان دەبینن، تا ئێستاش پێویستی و دەرفەتی هێنانەدی هێمنی و سەقامگیری ماوە و پێویستی بە كۆششی هەموو لایەنەكان هەیە لە پێناوی هێنانەدی ئاشتیەكی دادپەروەر و هەمەلایەنانە.
• سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردی لە سووریا ” پارتی”
تێبینی: ئەم بابەتە بە زمانی عەرەبی بۆ رۆژنامەی خەبات نێردراوە.