خەبات: عامر فەرحان – هەڵەبجە:- خانمێك لەپارێزگای هەڵەبجە لەڕێگەی كاری چنین و دەست ڕەنگینیەوە، توانیویەتی ببێت بەخاوەن كاری خۆی و لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی دابین دەكات، ئارێز فەرهەنگ خانمە دەست ڕەنگین لەلێدوانێكدا بە خەباتی ڕاگەیاند: ماوەی سێ ساڵە بە بەردەوامی كاری چنین و دەست ڕەنگینی دەكەم و توانیمە لەم ڕێگەیەوە سەرەنجی خەڵك بۆ بەرهەمەكانم ڕابكێشم.

وتیشی: ئەو بەرهەمانەی من دروستی دەكەم بە پێی خواستی كڕیارەكانە كە خۆی دەبینێتەوە لە زۆر بابەتی خانمان و منداڵان، وەك جل و بەرگ و جانتا و یاری منداڵان و دیكۆراتی ناوماڵ و هتد… و لە ئێستادا خواستی هاووڵاتیان زیادیكردووە بۆ بەكارهێنانی ئەو بەرهەمانەی كە لە ڕابردوودا بەكار هێنراون و مۆركێكی مێژووی كوردیان هەیە و ئێمە سەر لەنوێ دروستیان دەكەینەوە.

لەبارەی كاردانەوەی خەڵك بۆ كارەكەی ئارێز فەرهەنگ بەخەباتی وت: لەكاتی بەشداریكردنم لە فستیفاڵ و پێشانگاكاندا، هاووڵاتیان زۆر دەستخۆشیان لێكردووم، سەرسامبون بەكارەكانم، بەڵام بێگومان كاتی ویستووە تا بتوانم بەرهەمەكانم بە خەڵك ئاشنا بكەم.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: داوا لەخانمان دەكەم كە لە هەر بوارێكدا بەهرەیان هەیە نەیشارنەوە تا بتوانن پەرە بە تواناكانیان بدەن و ببن بەخاوەن كاری خۆیان و لەو ڕێگەیەوە داهاتێك بەدەست بهێنن، چونكە ئافرەتانی كوردستانیش، لەڕووی هێز و تواناوە هیچیان لەئافرەتانی وڵاتانی جیهان كەمتر نییە.