خەبات: عەلی بانیشاری:- بەڕێوەبەری كاروباری شوێنەوار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەیەكیان بۆ دووبارە ڕووپێوكردنی ناوچە شوێنەوارییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە و جگەلەوەش جارێكی تر پێگە شوێنەوارییەكان دەناسێننەوە. ئاماژە بەوەش دەكات، دەشتی هەولێر بەراورد بە باشووری عێراق و باشووری كوردستان چڕترین پێگەی شوێنەواریی لێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەپێی ئەو ڕووپێوی شوێنەوارییەی هەریەكە لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر بەهاوبەشی ئەنجامیانداوە، لە هەر كیلۆمەترێك دووجا لە دەشتی هەولێر، پێگەیەكی شوێنەواریی هەیە.
زانكۆی بیانی لە هەرێمی كوردستان كاری ڕووپێوی شوێنەواریی دەكەن
محەمەد لەشكری، بەڕێوەبەری كاروباری شوێنەوار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2009ـەوە لە هەرێمی كوردستان دەست بە كاری ڕووپێوی شوێنەواریی كراوە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە فراوانتر و چڕتر ڕووپێوی شوێنەواریی دەستیپێكردووە. گوتیشی: لە هەرێمی كوردستان 15 پڕۆژەی ڕووپێوی شوێنەواریی لە سنورێكی فراوان هەیە و پێنج پڕۆژەی تریش لە ناوخۆیی ئەو 15 پڕۆژەدان كە (ڕووپێوی ناوچەیین) و لەلایەن 19 زانكۆی بیانییەوە ئەنجام دەدرێن.
بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان، تائێستا 40%ـی ڕووبەری هەرێمی كوردستان ڕووپێوی شوێنەواریی بۆ كراوە. محەمەد لەشكری دەڵێت: ئەو ڕووپێوییانەی كە كراون زیاتر لە ناوەڕاست و دەوروبەری شارەكان بوون و بەهۆی باردۆخی سیاسی و ئەمنی و بوونی كێڵگەی مین و چەند هۆكارێكیتر نەتوانراوە لە ناوچە سنوورییەكان و سنووری مادەی 140 ڕووپێوی ئەنجام بدرێت.
ناوبراو دەشڵێت: ئەگەر لە شوێنی وەكو سنووری قەزای مەخموور ڕووپێوی شوێنەواریی بكەین، سەدان پێگەی شوێنەواریی لەسەر دەشتی هەولێر زیاد دەبێت. بەڕێوەبەری كاروباری شوێنەوار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور ئاماژەی بەوەشدا، وەكو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار دەیانەوێت لەگەڵ ئەو 19 زانكۆیەی كە گرێبەستیان بۆ ڕووپێوی شوێنەواریی هەیە بەردەوام بن، ((لەگەڵ زانكۆی دیكەش بۆ هەمان مەبەست گرێبەستی كاركردن واژۆ بكەن)).
دووبارە ڕووپێوی بۆ ناوچە شوێنەوارییەكان دەكرێتەوە
محەمەد لەشكری دەڵێت: وەكو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور پڕۆژەیەكی گرنگمان بۆ ((دووبارە ڕووپێویكردنی ناوچە شوێنەوارییەكان)) هەیە بە تەكنەلۆژیای نوێ. باسیلەوەشكرد، تەكنەلۆژیا نوێیەكە بریتییە لە تێكەڵكردنی جۆرێك لە سیستەم كە سیستەمی پزیشكییە و كار دەكات بۆ دۆزینەوەی كێشەكانی مێشك ئەویش بە دانانی وێنەكان لەگەڵ جی ئای ئێس و دۆزینەوەیان، پڕۆژەكەش لەلایەن دوو كەسی پسپۆڕ و شارەزا لە زانكۆیەكی ئەمریكی و زانكۆیەكی ئەڵمانی كاری لەسەر دەكرێت و لە چوارچێوەیەشدا لە سەرانسەری هەرێمی كورستان چەند چینێكی جی ئای ئێسیان داناوە بۆ ئەوەی دووبارە ڕووپێوی شوێنەواریی بۆ ناوچە شوێنەوارییەكان بكەنەوە. ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار بریتییە لە ((دووبارە ناساندنی پێگە شوێنەوارییەكان)) بۆ ئەوەی هەر پێگەیەك ژمارە و ناوی خۆی هەبێت.
4664 ناوچەی شوێنەواریی لە هەرێمی كوردستان هەیە
بەپێی داتاكان، لە ئەتڵەسی عێراقی ساڵی 1970 تەنیا 1607 ناوچەی شوێنەواریی لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، بەڵام وەكو بەڕێوەبەری كاروباری شوێنەوار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور دەڵێت: لە ئێستادا بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆژەكانی ڕووپێوی، ژمارەی پێگە شوێنەوارییەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ سێ هێندە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 4664 پێگەی شوێنەواریی كە بریتین لە (گرد، تەختایی، ئەشكەوت…هتد). محەمەد لەشكری هەروەها دەشڵێت: دۆزینەوە و تۆماركردنی ئەو ژمارە لە پێگەی شوێنەواریی بەهۆی ئەو كارئاسانییە زۆرانە بووە كە لە ڕێگەی تەكنەلۆژیا و تەكنیكی نوێوە بەدەست هاتوون. زیاتر گوتی: ئەگەر لە ساڵانی 1970 ئەم تەكنەلۆژیا و ڕێبازانەی كە ئێستا هەن بەكاربهاتنایە ژمارەی پێگە شوێنەوارییەكان زۆر زیاتر دەبوو لەوەی كە ئێستا هەیە، چونكە لە ئێستادا گەشەی شار زۆربەی پێگە شوێنەوارییەكانی كردووە بە ژێر خۆیەوە، بە نموونە شاری هەولێر لە 20 ساڵی ڕابردوودا بەو شێوەیەی ئێستادا فراوان و گەورە نەبوو، ئەگەر ئەو كات ڕووپێوی بكردایە ژمارەیەكی زیاتر لە ئێستا پێگەی شوێنەواریمان دەبوو. ئەوەشی گوت: ئەو 60%ـی ڕووبەری هەرێمی كوردستان كە ماوە ئەگەر ڕووپێوی شوێنەواریی بۆ بكرێت، ((ئاماری پێگە شوێنەوارییەكان بۆ سەرو 10 هەزار پێگە بەرزدەبێتەوە)).
لە هەر كیلۆمەترێك دووجا، پێگەیەكی شوێنەواریی هەیە
بەپێی ئەو ڕووپێوی زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر ئەنجامیانداوە، لە هەر كیلۆمەترێك دووجا لە دەشتی هەولێر پێگەیەكی شوێنەواریی هەیە. محەمەد لەشكری كە ئەندامێكی پڕۆژەی ڕووپێوی شوێنەواریی دەشتی هەولێرە و لەو بوارەدا شارەزایە دەڵێت: دەشتی هەولێر بەراورد بە باشووری عێراق و باشووری كوردستان چڕترین پێگەی شوێنەواریی لێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێوەیەك ((لە هەر كیلۆمەترێك دووجار پێگەیەكی شوێنەواریی هەیە)).
بەڕێوەبەری كاروباری شوێنەوار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور هێمای بۆ ئەوەشكرد، لە سەردەمی زێڕینی شوێنەواریی لە عێراق كە ساڵانی 1960 بۆ 1970یە زۆرترین تیمی بیانی و ناوخۆیی لە عێراق كاریان كردووە، بەڵام لەو ماوەیەدا گرنگی بە هەرێمی كوردستان نەدراوە ئەوەش بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە ناوچەكە هەبووە، بەڵام پاش ساڵی 2003 تیمە بیانییەكان ڕوویان لە باشووری كوردستان كرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی داتای نوێمان لەبارەی شوێنە شوێنەوارییەكان دەست بكەوێت، بەشێوەیەك پێشتر ئەو داتایانەمان نەبووە، جگەلەوەی زۆرترین پێگەی شوێنەواریی لە ئەنجامی كاركردنی ئەو تیمانە لە هەرێمی كوردستان دۆزراونەتەوە بەراورد بە تەواوی میزۆپۆتامیا. بێگومان لە ڕابردوودا گرنگی ئەو پێگە شوێنەوارییانە نەدراوە كە لە ئێستادا دۆزراونەتەوە و تۆماركراون.
لە دهۆك و گەرمیان لە ڕێگەی دوو پڕۆژەوە هۆشیاری شوێنەواریی بڵاودەكرێتەوە
محەمەد لەشكری ڕاشیگەیاند: بۆ پاراستنی پێگە شوێنەوارییەكان لە ئێستادا ڕێگەیەكیان گرتووەتەبەر، ئەویش بڵاوكردنەوەی هۆشیاری شوێنەواریی، كە لەگەڵ زۆرینەی تیمە بیانییەكان پەیڕەوی دەكەن، لەو چوارچێوەیەشدا لە پڕۆژەی ڕووپێوی شوێنەواریی ڕووباری سیروان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، پسپۆڕێكی بوارەكە كار لەسەر بڵاوكردنەوەی هۆشیاری شوێنەواریی دەكات و گوند بە گوند و ماڵ بە ماڵ و قوتابخانەكانی ناوچەكە دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی شوێنەوار پێگە شوێنەوارییەكان پارێزراوبن. لە پارێزگای دهۆكیش بەهەمان شێوەیە پڕۆژەیەكی هۆشیاری شوێنەواریی هەیە و لە ئێستادا پڕۆژەكە دەستیپێكردووە.