جەعفەر سمۆ
هەولێر یان شاری قەڵا و منارە یان ناوەندی ئاشتی و پەناگەی دیپلۆماسی، ئەمڕۆ بووەتە سیمبولی ڕووی گەشی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سەرتاسەری جیهاندا، لە چەند ساڵی ڕابردوودا و لە سایەی سەری حکوومەتی کوردستان و لەژێر سێبەری سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی توانیویەتی ببێتە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردان. بەڵام لە بیرمان نەچێت ئەم شارە تووشی ئاستەنگی گەورە بووە، هەر لە دەستی ناوخۆوە تا لەسەر ئاستی هەندێک وڵاتانی هەرێمی، بەڵام بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ هەن کەسانێک کە ئەم شارە دەپارێزن. ئەم شارە قوربانی زۆریشی داوە.
لە ڕووی سیاسییەوە خاوەن حکوومەت و پەرلەمان و دەزگایە، ئەمڕۆ پارتی سەروەریی هەولێر دەکات و، لە ڕاستیدا کۆنیی عەدالەتی بارزانی و حوكومڕانی ئەمڕۆیی كاك مەسرور بارزانی وەكوو سەرۆكی حكوومەت وای کردووە کە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە شانازی بەو حكوومڕانییە بكەن. چونکە بۆ پاراستن و بەرخۆدانی ئەم شارە، پارتی شەڕی مان و نەمانی کردووە، بۆیە بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتانەش پارتی بە مافی خۆی دەزانێت خۆی بکاتە خاوەن.
لە ڕووی ئایینییەوە، هەولێر وەکو ناوەندێکی پێکەوەژیان دەناسرێت و زۆربەی ئایین و نەتەوەکان لە ناوەڕاستی ئەم شارە جوانەدا بە ئازادانە بیر و باوەڕی خۆیان دەردەبڕن و هاتنی زۆر سیمبولی ئایینی و کردنەوەی ناوەندی تایبەت بۆ خزمەتی کاروباری هەموو ئایینەکان، ئارامی و ئاشتیخوازی لەم ناوچەیە دەسەلمێنێت.
لە ڕووی دیپلۆماسییەوە هەولێر وەکوو سەنتەرێکی گرنگ دێتە ئەژمار نەک تەنها لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەڵکوو بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ کونسوڵگەری و نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕۆڵێکی گەورە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەگێڕێت. ئەمەش لە بۆشاییەکەوە نەهاتووە، بەڵکوو بەرخۆدان و ماندووبوونی چەندین ساڵی تێپەڕیوە لە ئەنجامی سیاسەتی سەرۆک بارزانی و، دەرئەنجامیش ئەمڕۆ هەولێر لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و ئاوەدانی و گەشتوگوزار و چەندین زانکۆ و دەزگای ئاکادیمییەوە ناسراوە.
هەولێرییەكان تووشی کێشەیەکی زۆر بوونە، تەنانەت بە هەزاران قوربانیشیان داوە بۆ ئەوەی كەرامەتی هەولیر وەك پایتەختی هەرێم بپارێزن و، بە ڕاشكاوانە دەڵێن ئەگەر سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی و دیپلۆماسییەتی كاك نیچیرڤان بارزانی و، هێز و ئیرادە و عەدالەتی كاك مەسرور بارزانی نەبووایە، مەحاڵ بوو ئێستا شتێك هەبێت بەناوی پایتەختی هەرێمی كوردستان كە ئەویش هەولێرە، واتا خەمخۆرانی پارتی لە هەولێر و عەدالەتی بارزانی، هەولێریان لە داگیركاری پاراست و ئێستا وەك ناوەندێكی گرنگی بڕیاردان ناسراوە، بۆیە هەولێر هی هەولێرییەكانە.