خەبات: فایزە کۆیی:- لەم دواییانه‌ بەهێزبوونی ڕاستڕەوە توندڕرەوەکان لە ئەورووپا دەبینین لەم بارودۆخەدا ئەم پارتانە بە بەرزکردنەوەی دروشم و ئایدیۆلۆژیا ناسیۆنالیستییە توندڕەوەکان لایه‌نەگر و دەنگدەر کۆدەکەنەوە و لە چەند هەڵبژاردنی ڕابردوودا و بەتایبەتی لەپاش هاتنە سەرکاری ترەمپ لە ئەمه‌ریکا، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ جەنگی ڕووسیا – ئۆکراینا و شەپۆلی کۆچبەرە ئۆکرانییەکان و تەنانەت بەردەوامی کۆچ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقییەوە بۆ دەوڵەتانی ئەورووپا و تەنانەت ئەمه‌ریکا. خەریکە تیرۆر جارێکی دیكه‌ ببێت بە هەڕەشە بۆسەر یەکێتیی ئەورووپا، نزیکترین نموونە هێرشە تیرۆرییەکەی ئەم چەند ڕۆژەی لەمەوبەر لە شارێکی ئەڵمانیا ڕوویدا کە پۆلیس ڕایگەیاند: کۆچبەرێکی سووریایی دانی بە تاوانەکەدا داناوە، پەیوەست بەمە و ئەو گوشارانەی لەسەر یەکێتیی ئەورووپایە.

د. پەروێز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان – دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی، مامۆستای زانکۆ بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: لە سەردەمی ئێستادا مەترسییەکانی تیرۆر تا ئەو ئاستە بەرزە کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی دەوڵەتاندا هەبێت، ئەم مەترسیانەش کاتێک زیاتر بەرز دەبێتەوە کە سەرچاوەی هەڕەشەکە تەنیا دەرەکی نییە، بەڵکوو ناوخۆییە. لەم ساڵانەی دواییشدا ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری و هەروەها نائاسایشی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە شەپۆلی کۆچبەر و پەناخوازی بەرەو دەوڵەتانی ئەورووپی دروست بێت و ئەمەش گوشارێکی بێوێنەی لەسەر سیستەمە سیاسی و ئابووری و تەنانەت سێکتەرە خزمەتگوازری و ئاسایشییەکان دروستکردووە و لەپاڵ ئەمەشدا پێکدادانی کەلتووری ڕوویداوە.

بۆیە نارەزایەتییەکی گشتی لە دژی پەناخواز و کۆچبەران دروستبووە. لەلایەکی دیکەشەوە، گرفتە جیهانییەکان و ململانێیە جیۆسیاسییەکان لەپاڵ قەیرانە ئابوورییەکان وایکردووە دەوڵەتانی ڕۆژئاوای لەژێر گوشارێکی تاقەتپرۆکێندا بن بۆ وڵامدانەوەی داواکاری و ڕەواندنەوەی مەترسییەکان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری، بەڵام ئەوەی دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە، بەهێزبووونی تیرۆریزم بەناوی ئایین و بەتایبەتی لەپاش دروستبووی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش وایکردووە کە پرسەکە لەوە زیاتر مەترسیدار بێت بۆ ئەو دەوڵەتانە. هەرچەندە هۆکار و لێکەوتەکانی جۆراوجۆرن، بەڵام لێکەوتەکەی بۆ هاووڵاتییانی ئەورووپی لەڕووی ترس و تۆقاندن و گوشاری ئابووری خۆی دەبینێتەوە.

پەروێز ڕەحیم، بۆ جلەوگرتنی ئەمدواییەی دەسەڵات لەلایەن ڕاسیستەکانەوە لە ئەورووپا دەڵێت: هەمیشە لە ئەورووپا و تەنانەت لە وڵاتانی دیکەش کاتێک کە پرسە سیاسی و ئابوورییەکان تووشی بنبەست دەبن و پارتە سەرەکییە دەسەڵاتدارەکان ناتوانن وه‌ڵامی بدەنەوە، پارتە ڕاسترەوە توندڕەوەکان گەشە دەکەن و بەهێز دەبن، چونکە بە دروشم و بەڵێنی پۆپۆلیستی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن دۆخەکە بگۆڕن و سەقامگیری و ئاسایشی دەستەبەر بکەن و خۆشگوزەرانی بەدیبێنن و قەیرانە ئابوورییەکان تێپەڕێنن. لەم بارودۆخەدا ئەم پارتانە بە بەرزکردنەوەی دروشم و ئایدیۆلۆژیا ناسیۆنالیستییە توندڕەوەکان لایه‌نەگر و دەنگدەر کۆدەکەنەوە و لە چەند هەڵبژاردنی ڕابردوودا و بەتایبەتی لەپاش هاتنە سەرکاری ترەمپ لە ئەمه‌ریکا، ئێمە شەپۆلی بەهێزبوونی ڕاسترەوە توندڕەوەکان لە ئەورووپا دەبینین. ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و شەپۆلی کۆچبەرە ئۆکرانییەکان و تەنانەت بەردەوامی کۆچ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقییەوە بۆ دەوڵەتانی ئەورووپا و تەنانەت ئەمه‌ریکا. بۆیە ڕاستڕەوەکان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی کە پارتە نەریتی یان دەسەلاتدارەکان تۆمەتبار بکەن بە خوڵقاندنی دۆخێکی نالەبار و هەروەها بەرپرسیاریان دەزانن لەم قەیرانانە. لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ئەو کێشە و قەیرانانە کەڵەکەبووی سیاسەتەکانی ڕابردوو لە لێکەوتەی ئابووریی جیهانی و سیستەمی نێودەوڵەتین، بەڵام پرسی تیرۆری بەناوی ئایین وایکردووە کە پارتەکان ئەم مەترسییانە بە کۆچبەرانەوە گرێ بدەن و ڕایەکی گشتی بەهێزیش لە ڕێگەی میدیا و نیشاندانی توندوتیژی چەند کۆچبەر و پەناخوازەوە دروست بووە کە یارمەتیی بڵاوکردنەوەی ڕق و کین لە پەنابەران دەدات و پارتە ڕاستڕەوەکان بەهێز دەکات.

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان ئه‌وه‌شی گوت: لە ڕاستیدا هەر ڕووداوێکی لەم شێوەیە یارمەتی توندترکردنی گوشارەکانی حكوومه‌تی دەوڵەتانی ئەوروپی لەسەر کۆچبەر و پەنابەران دەکات، چونکە پارتە دەسەڵاتدارەکانیش بۆ ئەوە وڵامی داخوازی ڕای گشتی بدەنەوە و هەروەها رخنە و گوشارەکانی پارتە راسترەوەکان پووچەڵ بکەنەوە و نیشان بدەن پابەندن بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتییانەوە، لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند و ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران وه‌ڵام دەدەنەوە. هەرچەندە جیاوازی کولتووری و ڕەفتاری خودی بەشێک پەناخواز و کۆچبەرانیش لەم نێوەندەدا یارمەتیدەرە بۆ ئەم سیاسەتەی ئەڵمانیا یاخود وڵاتانی دیکەی ئەورووپی. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت ڕێگە لە هاتنی زیاتری پەناخوازن و کۆچبەران بگرن.