چاودێرێك
گوتەبێژی یەکێتی کە پێویست بە وەسفکردن و شیکارکردنی کەسایەتییە سیاسییەکەی ناکات، چونکە بەڵگەنامەکانی دەزگای هەواڵگری بەعس، پێمان دەڵێ، چ توخم و ماڵێکە! لە نووسینێکدا کە گوایە یەکێتی و پارتی لە هزری و ئایدیای سیاسیسدا جیاوازن، ئەو قسەیە ڕاستییەکی تێدایە ئەو دووە زۆر لێک جیاوازن، تەنانەت لە خەبات و ئامانجیشدا جیاوازن. پارتی لەناو کۆمەڵگەی کوردستان وەک پێویستییەکی قۆناغەکە بۆ سەرکردایەتیکردنی بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی کورد دروست بووە و هەموو کار و خەباتی بەو ئاراستەیە بووە، داگیرکار و کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی قەناعەت پێ بکات، کورد گەلێکی جیاوازە لەو گەلانەی بێ خواستی خۆی لەچوارچێوەی یەک دەوڵەتدا لەگەڵیان دەژێت.

هەرچی یەکێتییە کە زۆربەیان پاشماوەی جەلالییەکان بوون بە سەرپەرشتی هەردوو دەزگای هەوڵگری سووریا و عێراق بۆ ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم خەباتی کوردایەتی دامەزراوە (بێگومان بەڵگە لەسەر ئەو قسەیە هەیە)، کاتێک کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە بارودۆخی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەسەر دەستی ژمارەیەک لاوی نیشتیمانپەروەری بارگاویکراو بە بیری مارکسی هاتە دامەزراندن، کۆنە عەرابەکانی کاری نانیشتمانی تەنگاو کرد، بۆیە لە پیلانێکدا لەناو خۆیدا تواندییەوە و دەستی بەسەر ڕێکخستنەکانیدا گرت و لەڕێگەی ڕاگەیاندن و بەرنامەکاندا بە دژایەتیکردنی پارتی زاخاوی کردن.

دواتر لە هەنگاوی دووەمیدا، دەستێکی ئاسنی لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان وەشاند کە لەلایەن ژمارەیەک خەباتگێڕی پێشووی ڕیزی شۆڕشی ئەیلوول و پارتی هاتبووە دامەزراندن، لەچاوتروکانێکی شەیتانییەدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆریان داگرت و پەرتەوازەی کردن، لە هەنگاوی سێیەمیدا، وەک ئەوەی دەزگا هەواڵگرییەکان بۆیان دیاریکردبوو، بە وەرگرتنی پارە و چەکێکی زۆر، هەروەها بۆ لەناوبردنی کۆنە شۆڕشگێڕەکان، بەتایبەتی ئەوانەی خۆفەرزکردنەکانیان پێ قبوڵ نەبوو، شەڕی هەکاری پێکردن. بەم کارەشی ویستی دوو ئامانج بپێکی، یەکەمیان دڵنیایی بە داگیرکاران بدات کە وەک نەخشەتان کێشاوە بەردەوامین، دووەمیان پێگەی پارتی لەناو کۆمەڵگەی کوردستان لەق بکات، چونکە بە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش پارتی هەمووانی تووشی واقوڕمان کرد کە چۆن بەهەمان نەفەسی شۆڕشی ئەیلوول و ئامانجەوە وا بەزوویی لەو نسکۆیە زیندووبوویەوە.

واتە، هیچ کاتێک ئەو دووانە (پارتی و یەکێتی) لەمەیدانی خەباتی کوردایەتیدا هاوخەبات نەبوونە، ئەویش لەبەرئەوەی ئامانجیان جودا بووە. بە واتایەکی دیکە ئەوەی لەنێوان ئەو دووە هەیە، ململانێی سیاسی نییە، تا لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا ئاسایی بێت، بەڵکو ململانێیە لەنێوان دوو لایەنی ناو یەک جوگرافیا و گەلە کە یەکێکیان خەبات بۆ مافەکان دەکات، ئەویدی کار بۆ لەقتوونانی ئەو خەباتە دەکات بۆ ئەوەی بیفرۆشێتە بێگانەی یەک مەیدان، نەک نیکۆڵا ماکیاڤیلی، کورد گوتەنی؛ دار هەڵبڕە سەی … دیارە، ئەگەرنا هەمووان دەزانن، 31ی ئاب کاردانەوەی کارە نا نیشتمانییەکان بوو، وەک پارتی گوتەنی: «دفع الافسد بالفاسد).

ئێمە لەوە ئاگادارین دروستکردنی ناتەبایی و ناکۆکی لەنێو ڕیزی کوردایەتی خواستی داگیرکاران و تەنانەت هێزە ئیقلیمییە هەڵپەرست و بەرژەوەندخوازەکانە. واتە کاری نانیشتمانی ئەو هێزەی ناوی لەخۆ ناوە یەکێتی! بۆ سەردەمی زووتر دەگەڕێتەوە، کاتێک لە دژی شۆڕشی ئەیلوول تاقمێک دەستیان لەگەڵ شای ئێران تێکەڵاوکرد. واتە ئەو هێزە لەوەتەی هەیە، لەبەرانبەر دژایەتیکردنی مافەکانی کورد، ئامادەگی چوونە ژێر فەرمانەکانی بێگانەی هەبووە و هەیە. بۆیە بە هەموو پێوەرەکان بۆ هێزێکی کورد ئەو چوونە ژێر بارە ناپاکییە، بەڵام کاتێک تۆ بکارێی بە بەرژەوەندیی ئامانجەکانت (پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان) ویستەکانت بەسەر دوژمن بسەپێنێ، ئەوە بە لای نیشتمانپەروەران شانازییە، بە لای دۆخین شلانی نەتەوەییش ناپاکییە.

بە مانایەکی دی ئەگەر هێزە کوردستانییەکان یەکگرتوو و تەبا بن، دنیاش لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان ناچار دەبن لەگەڵ واقیع هەڵبکەن و کار بکەن، بەڵام ئەفسووس لەسایەی ئەو هێزەی ناوی یەکێتییە، ئەو یەکبوونە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، لە مەحاڵ نزیکە، هۆکارەکەشی دیارە، وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە. نامەوێ لەوە زیاتر درێژە بە جیاوازییەکان بدەم، تەنیا ئەوە بە بیر دەنگدەرانی کوردستان دەهێنمەوە، 31ی ئاب بێجگە لەوەی (دفع الافسد بالفاسد) بوو، هاوکات درێژەپێدەری ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی پێشووتری یەکێتی بوو، چونکە ئەمجارە مەسەلەکە بە داگیرکردنی ترۆپکێک و دەروازەیەک بەند نەبوو، بەڵکو بە ئەزموونی هەوێمی کوردستان پەیوەست بوو. واتە بۆ ئەوە بوو یەکێتی بەهۆش خۆی بێتەوە و نیشتمانپەروەرەکانی ڕیزەکانی بگەڕێنەوە بن ڕەشماڵی نیشتیمانی، بەڵام هەوڵەکانی پاش جوانەمەرگکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی، لە سەروبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و 16ی ئۆکتۆبەر و ڕووداوە نانیشتمانییەکانی دیکە لە بەغدا، مووسڵ و کەرکووک، سەلماندیان ئەو حزبە دروستکراوە (سەربازی شەترەنج)، پەند وەرناگرێ، مەگەر دەنگدەر لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا، بە دەنگی زوڵاڵی خۆیان سنوورێک بۆ دووبارەنەبوونەوەی کارە نیشتیمانییەکانی ئەو بەناو هێزە دابنێت.