سهرهتا وتار ٣١ی ئاب و خوێندنەوەیەک بۆ ڕووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب
سوورە مەرگەیی
ڕووداوی ٣١ی ئاب کاردانەوەی ڕووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب بوو، یان ڕاستتر بڵێین وڵامدانەوەی ئەو ڕێککەوتنەى نێوان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و سوپای پاسدارانی ئێران بوو کە دەستکەوت و بەری ڕەنجی خوێن و خەباتی دەیان ساڵەی کوردانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا بە ئامانج گیرا بوو.
دیارە لەو ڕێککەوتنەدا پارتی دیموکراتی کوردستان کرابووە نێچیری یەکێتی و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش کرابووە نێچیری سوپای پاسدارانی ئێران، ئەوەبوو لە قۆناغی یەکەمدا یەکێتی بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ئێران و وەک چاوساغێکی خاوەن ئەزموون دەستی سوپای پاسدارانی گرت و هێنایە سەر بنکە و بارەگا و ژن و منداڵی حزبی دیموکرات لە شاری کۆیە، دوای ئەو ئۆپەراسیۆن و هەڵکوتانە سەر حزبی دیموکرات و بۆ گومان خستنەسەر ڕێککەوتنەکە، بەرنامەکە وا دانرابوو سوپای پاسداران بە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بگەڕێتەوە، بەڵام هەر زوو پارتی هەستی بە قۆناغبەندیی ئەو پیلانە و مەترسییەکانی کرد و لە دۆڵی ئالانەی خۆشناوەتی پێشی بە سوپای پاسداران گرت و بەو ڕێگایەدا ناردنییەوە کە لێوەی هاتبوون، بە خۆشحاڵییەوە من وەک بەرپرسی پێشمەرگەکانی لقی ١١ شەرەفی پێشگرتن و گێڕانەوەی سوپای پاسدارانم پێبڕا کە ئەوکات بارەگامان لە شارۆچکەی خەلیفان بوو، دەمەوێ ئەو ڕاستییەش بڵێم ئەو هێز و تانک و تۆپ و جبەخانەیەی سوپای پاسداران هێنابوویان تەنها لە جەنگی عێراق و ئێراندا بینراوە.
دوای ئەوە لە شەوی ١٦ی ئاب و یادی یۆبیلی زێڕینی پارتی و وەک دەستپێکی قۆناغی دووەمی پیلانەکەیان، یەکێتی و پەکەکە بە بەشداریی سوپای پاسداران و پشتیوانیی تۆپخانەکانی ئێران لە حاجی ئۆمەران و قەسرێ و چۆمان هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی و زۆر شوێنیان داگیر کرد، بەناو خاکی ئێرانیشدا هێزێکی یەکێتی هێنرایە ناوچەی سیدەکان و لەوێشەوە بە پشتیوانی تۆپخانەکان و بەشداریی سوپای پاسداران هێرش کرایە سەر پارتی، هێزێکی سوپای پاسداران و کۆمەڵێک ڕاوێژکاری سەربازیش هێنرابوونە هەولێر، بۆ ئەوەی ئەگەر هێزەکەیان لە حاجی ئۆمەران و سیدەکان سەرکەوتن، یەکێتی بە پشتیوانیی ئەو هێزە و ڕێنمایی ڕاوێژکارە سەربازییەکان پەلاماری مەسیف و سەری ڕەش بدەن و پارتی لە زێی گەورە بپەڕێننەوە، بەڵام بە بەرگریی پێشمەرگەکانی پارتی و شکستەکەی یەکێتی لە سیدەکان و لەناوچوونی تەواوی هێزەکەیان پیلانەکەیان لێ تێکچوو.
جا ئەگەر پلانەکەیان وەک ئەوەی نەخشەیان بۆ کێشابوو سەری گرتبا و (پارتی)یان لە زێی گەورە پەڕاندبایەوە، ئەوجار بایان دەدایەوە سەر حزبی دیموکرات و وەک ئەوەی بەرنامەیان بۆ دانابوو، ئەوا دەبووایە سەرکردەکانی حزبی دیموکرات بە مردوویی یان بە زیندوویی ڕادەستی ئێران بکرێن و بنکە و بارەگاکانیشیان لە کۆیە دابخرێن، ئەو کات پێشمەرگە و لایەنگرانیشیان دەکەوتنە بەر شاڵاوی گرتن و تیرۆر کردن.
ئێستا یەکێتی چاوساغی و دەستکێشانی سوپای پاسداران بۆ سەر حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بە پشتیوانی هەمان هێز پەلامارەکانیان بۆ سەر پارتی و هەموو ئەو ڕووداوانەی پێش ٣١ی ئاب کە لەگەڵ سوپای پاسداران لەسەری ڕێککەوتبوون لەبیر خۆیان دەبەنەوە ، بۆیە من وەک کەسێکی ئاگادار لە گێڕانەوەی سوپای پاسداران بەر لە ڕۆژی ٣١ی ئاب دەڵێم ٣١ی ئاب بزووتنەوەى ڕزگاریخوازیی کوردانی دوو پارچەی کوردستانی لە دۆزەخی ڕشتنی کۆنەقینی سەرانی ئەوکاتی یەکێتی و دوژمنکاریی سوپای پاسدارانی ئێران ڕزگار کرد.
ئەگەر پارتی پێشی بەو پیلانە سێقۆڵییەی نێوان یەکێتی و سوپای پاسداران و پەکەکە نەگرتبا و وەک ئەوەی نەخشەیان بۆ کێشابوو سەرکەوتنیان بەدەست هێنابا، بزووتنەوەى کوردایەتی لەو دوو بەشەی کوردستان بە شێوەیەک دەخرانە ناو گێژاو، کە ئەستەم بوو بۆ زەمەنێکی دوور و درێژ کوردبوون و کوردایەتی شوێن و پێگەی خۆی بگرێتەوە، چونکە بەشێک لە سەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی ناو یەکێتی بەو ئامانجە دەگەیشتن کە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووەوە کاری بۆ دەکەن و خەونی پێوە دەبینن و کوردایەتیشیان بە قوربانیی بەدیهێنانی ئەو خەونە نەزۆکە کردووە، ئێرانیش پاکتاوی حزبی دیموکرات و تەواوی لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەکرد و خەباتی ڕەوای ئەو بەشەی کوردستانیش لە هەناوی خۆیدا گۆشەگیر دەکرد، پیلانەکەش وا داڕێژرابوو پەکەکە شەڕ بەرێتە سنووری بادینان، ئەوەش وەک ئێستا دەرگای بەڕووی هاتنی سوپای تورکیادا دەکردەوە و ئەو سنوورە دەکرایە گۆڕەپانی جەنگێکی قورسی ماڵوێرانکەر کە تەنها کورد تێیدا زەرەرمەند دەبوو.
مەترسییە گەورەکە لێرەوە سەری هەڵدەدا، چونکە ئەوکات شتێک نەدەما بەناوی حکوومەتی هەرێم و ڕەنج و خوێن و خەبات و دەستکەوتی دەیان ساڵەمان دەکرایە خۆراکی ئەژدیهای کۆنەقینی گرووپێکی ناوخۆ و حەز و خولیای داگیرکارانی کوردستان، لێرەوە دەردەکەوێ ڕووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب ئەگەر پارتی پێشی پێ نەگرتبا و شکستی بە پیلانەکە نەهێنابا، ئەوا ڕەوتی کوردایەتی و هەڵگرانی پەیامی سەربەخۆییی کوردستان دوچاری لەناوچوون دەبوون، بۆیە ٣١ی ئاب کاردانەوەی ئەو پیلانگێڕییە بوو کە لەو قۆناغەدا دژ بە خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان نەخشەرێژی بۆ کرابوو.
ئاشکرایە کە هەموو ڕووداووکانی پێش٣١ی ئاب خیانەتی نەتەوەیی نیشتمانی بوون بەرانبەر خەباتی ڕەوای کوردانی دوو پارچەی کوردستان، بۆیە بە هەموو پێوەرە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکان، ٣١ی ئاب وەڵامدانەوەی پیلانگێڕی و خیانەتێک بوو کە لەناوبردنی شۆڕشی کوردانی ئەو دوو پارچەی کوردستانی تێدا بە ئامانج گیرابوو.