31ی ئاب ڕۆژی گێڕانەوەی شکۆی نەتەوەیی بوو

145

جەبار عەبدوڵڵا مهاجر
31ی ئاب ئەو ڕۆژە بوو شکۆی گەڕاندەوە بۆ شاری هەولیر، جەللاد و خۆفرۆشان خەڵکی ئەو شارەیان بە کەیفی خۆیان دەچەوساندەوە و سزایان دەدان، وەرگرتنی بەرتیل و سەپاندنی باج بە زۆرەملێ وای لە خەڵکی ئەو شارە کردبوو کە بیر لە ڕاکردن و چۆڵکردن بکەنەوە و ڕوو بکەنە ئەو شوێنانەی کە دادپەروەری لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.

ئەو لایەنە دیاریکراوەی کە دەستی هەبوو لەو ڕەشبگیرییەی شاری هەولێر ئێستا خۆیان فەرز دەکەن و پارتی بە خیانەتکار وەسف دەکەن، ئەگەر بەگشتی بە خەڵکی کوردستان بڵێین ئایا ڕووبەڕووکردنەوەی عێراق بە سوپای پاسدارانی ئێران خیانەتە یا خود هێنانی ئێران بۆ ناو کوردستان، شاراوە نییە کە زۆرینەی هاونیشتمانییان تۆمەتی خیانەت دەخەنە پاڵ ئەو لایەنەی کە مێژوویەکی ڕەشی هەیە لە خیانەتە یەک لە دوا یەکەکان، ئەگەر پارتی ئەو کارەی نەکردبایە؛ ئێستا هەولێر هاوشێوەی کەرکووک بە داگیرکراوی دەمایەوە و هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەدەبینی.

پێویستە خەڵکی کوردستان و هەولێر بەتایبەتی لەو ڕاستییە تێبگەن کە پارتی خاوەنی ئەو گۆڕانکارییە مەزنەیە کە ئێستا هەموومان بە چاوی خۆمان دەیبینین و پێوە ئاشناین، پارتی هەولێری لە شارێکی وێرانەوە کرد بە پایتەختی کوردستان و ئاشتی و پێکەوەژیانی فراهم کرد بۆ گشت پێکهاتەکان و خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارە، ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە لە هەموو بوارەکانی ژیان ڕەنگدانەوەی هەبوو و بووە شوێنی هەڵبژێردراوی باڵوێزی وڵاتانی جیهان بە هۆی ئەو ئەمنییەتەی کە لە سایەی پارتی بەرقەرارە، هەر ئەو شارە ئێستا بووەتە ناوەندی کۆبوونەوە گەورەکانی جیهان و لێرەوە بڕیارە چارەنووسسازەکان دەدرێت، هەولێر دوای 31ی ئاب گەورەترین دەستکەوتی ئابووری و بازرگانی و دیپلۆماسی بەدەستهێناوە و هەر لەو کاتەشدا بوو دانیشتوانی ئەو شارە ئازادبوون لەژێر حوکمی چەتەگەرایەتی و دز و تاڵانچێتی.