سهرهتا وتار 31ی ئاب دەرکردنی ( الافسد بالفاسد، پیستر بە پیس ) بوو
خسرۆ عەزیز هەرکی*
31ی ئاب ئەو ڕۆژە مێژوویییە بوو کە سەروەریی یاسا و ئارامی بۆ هەولێری پایتەخت گەڕاندەوە، ئەو ڕۆژە بوو بە سەرەتای دانانی نەخشەیەکی ستراتیژی بۆ ئاوەدانکردنەوە و جوانکردنی پایتەخت، ئەو ڕۆژە بوو بە سەرەتای بڕینی دەستی دز و جەردە و مافیاکان و دانانی سنوورێک بۆ دەستێوەردانی دەرەکیی دوژمنان و ناحەزانی کوردستان.
بەڵێ لە 31ی ئاب ئیتر ئۆتۆمبێلەکان بە ئارامی لە شەقامەکاندا ڕادەگیران و پێویستیان بە خەوتنی ماوە نادیاری سەربانەکان نەما، ئیتر هەڵگرتنی عەللاگەی ڕەش ئاسایی بوو، کەس ترسی لە هەڵگرتنی نەما، ئەو ڕۆژە بوو ئیتر شتێک نەما بەناوی ترس لە کابوسی قەلای رەشکین. بەڵێ 31ی ئاب دەرکردنی ( الافسد بالفاسد، پیستر بوو بە پیس ).
لە ٣١ی ئاب پیسێک بە کرێ گیرا بۆ دەرکردنی پیسترێک بێئەوەی بستێک لە خاکی وڵات هەڕاج بکرێ، هەروەکوو لە ئۆکتۆبەر کە تەنها بۆ ئافەرینێکی دوژمنان ٥١٪ خاکی کوردستان هەرزانفرۆش کرا و لاشەی لاوی کورد لە ژێر زنجیری دەبابەی دوژمن ورد و خاش کرا. بەڵێ 31ی ئاب نەوەیەکی بەرهەم هێنا کاتێ خەڵکێک خاکی کوردستانیان هەرزانفرۆش کرد ئەوان بەرگرییان کرد و دەبابەی ئەمبرامزی ئەمریکییان تێکدەشکاند و لوتی دوژمنیان شکاند.
بەرهەمی 31ی ئاب هەولێری لە )گوندێکی گەورەوە( کردە جوانترینەکانی جیهان و پارک و باڵەخانە و سەد مەتری و سەد و بیست مەتری و ١٥٠ مەتری و تونێلەکانی ڕێگای هامڵتۆن و بەنداوەکانی وەکوو گۆمەسپان و بەستۆرە و چەندانی تر و قوتابخانە و زانکۆ و نەخۆشخانەکان و بەرەوپێشبردنی بواری گەشتوگوزار و بوارەکانی تر، هەموویان بەپێی ئەو نەخشە ستراتیژییە بوو کە بەرهەمی 31ی ئاب بوو.
31ی ئاب کوردی لە داگیرکاریی دوژمنان و لەناوچوون ڕزگارکرد و پیلانی دوژمنان و ناحەزانی کوردی ژێر گڵ و گۆربەگۆر کرد، 31ی ئاب بەرهەمی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی بوو کە چۆن بە سیاسەتە حەکیمانەکەی هەولێری پایتەختی لە چنگی ئەژدیهاکان دەرهێنا و هەولێری بە سیمبولی ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیان هێشتەوە و کردی بە بووکی کوردستان، هەولێر هەر هەولێرە و هەر ئاوەدان بێ کوردستان.
*کارگێڕی لقی ١٦