خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- بەسەرپەرشتی یەکێتى ناوەندی تۆپی باسکەى عێڕاق، قۆناغی دووەمی خولى تۆپی باسکەى کچانی یانەکانی عێراق بەبەشداری پێنج یانەى وەرزشی کوردستان، پاڵەوانێتی تۆپی باسکەى کچانی یانەکانی عێراق سەرکەوتووانە لەشارى دهۆک بەڕێوەچوو، لەپاڵەوانێتییەکەدا هەر یەک لە یانەکانی ئەکاد، سەنجاریب، ئەفرۆدێت، سابیس، غازی شیمال بەشداریان تێدا کردبوو، کەماوەى(6) رۆژی خایاند.

ئەنجامی یاری نێوان کچانی غازی شیمال و کچانی ئەکاد، بووە هۆکاری یەکلاکەرەوەى ناسناوی پاڵەوانێتییەکە، بەتایبەتی کچانی غازی شیمال پێش کۆتایی هاتنی پاڵەوانێتییەکە بەر لەیارییەک, بەهۆی کۆکردنەوەى زۆرترین خاڵ، توانی پلەى یەکەمی پاڵەوانێتییەکە بۆخۆی مسۆگەر بکات.

پێش کۆتایی هاتنی پاڵەوانێتیەکە، تیپی کچانی غازی شیمال ڕووبەڕووی تیپی کچانی ئەکاد بوونەوە, لەئەنجامدا کچانی غازی شیمال سەرکەوتن بەئەنجامی 29-108 خاڵ, بەم ئەنجامەش، غازی شیمال بەکۆکردنەوەی 14خاڵ بووە پاڵەوانی خولى تۆپی باسکەى کچانی یانەکانی عێراق.