لە دوای بەشداربوونی لە 250 فێستیڤاڵ و بەدەستهێنانی 70 خەڵات، بڕیارە لەم مانگه، لە سینەماکانی باکووری کوردستان پێشانبدرێت، مانۆ خەلیل بە رووداوی راگەیاند، فیلمی «جیران» لە 7ـی ئەیلوولی 2024 لە ئامەد، 8ـی مانگ لە مێردین، 9ـی مانگ لە نسێبین، 10 مانگ لە باتمان و 11 مانگ لە وان پێشاندەدرێت.
ئهم فیلمه تاوەکو ئێستا لە ئەمهریکا، کەنەدا، سویسرا، سلۆڤاکیا، نەرویج، دانیمارک، سوێد، ئەڵمانیا، و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی پێشاندراوە، جگە لە پێشاندانێکی تایبەتی لە هەولێر کە لەلایەن پەیمانگهی گۆتەی ئەڵمانی رێکخرا و بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشان نەدراوە. «جیران» لە نووسینی و دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، تێیدا باس لە چیرۆكی منداڵێكی كورد لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەکات كە لە یەكێك لە گوندە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستان ژیاوە و ژمارەیەک ئەکتەری کورد و عەرەب تێیدا بەشدارن.
مانۆ خەلیل خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە لە 1996ـەوە لە سویسرا نیشتەجێیە، كاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 20 فیلم كردووە، لەوانە «پەرەسێلكە»، «حافیز و مارا»، «ئەنفال»، «دایڤید تولهیلدان»، «زیندانەكەم، ماڵەكەم»، «باخچەكانی بەهەشت» و «تامی هەنگوین» و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.