خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- شانۆکار و دەرهێنەر سیروان ڕەفعەت، ساڵانێکی زۆرە لەبواری شانۆ و نواندن خزمەت دەکات، لە دیدارێکی کورتدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات سەبارەت بە کاری شانۆیی چەند پرسیارێکمان لێکرد بەم جۆرە وەڵامی داینەوە.
لەبارەی تێڕوانینی بۆ ڕەوشی شانۆ لەئێستادا گوتی: جوگرافیا بۆ جوگرافیا دەگۆڕێت، وێڕای نەبوونی پێداویستییەکان شانۆکاران تا ئاستێکی باش توانیوویانە درێژە بە کاری باش بدەن، دواتر لەبارەی شانۆیی شەقام و نمایشی شانۆ لە هۆڵەکان گوتی: گرنگ شانۆکاران بتوانن هەوڵی هوشیارکردنەوە بدەن جا لە هەر ڕێگەیەکەوە بێت. هەردووکیان گرنگن و پڕۆژەیەکن بۆ ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگە و ئاراستەکردن و ڕوانینی مرۆڤ و بینەر کاردەکەن.
سەبارەت بەو فیستیڤاڵە هونەرییانەی ئەنجام دەدرێن لە شانۆ و فیلم تاچەند گرنگه؟ بۆ ئەوەش گوتی: ئەم جۆرە کارانە پێویستن، بەڵام گرنکە ساڵانە کارەکان باشتربن و پەیامی بەهێز و دڵسۆزانە لە پشتییەوەبێت. هۆکارێکیشە بۆ زانینی ئاستی یەکتر و بینەر لەو کاتەدا بەر کۆمەڵێک ڕوئیای جیاواز دەکەوێت.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی دەگوترێ خەڵک لە شانۆ تۆراوە؟ ئەو شانۆکارە گوتی: خەڵک نەک لە شانۆ بەڵکو لەتەواوی ژیان تۆراوە، بە تەنها شانۆ نییە.. ژیان بەرەو بێ مانایی تەواو هەنگاو دەنێ.
لەبارەی ئەوەی تاچەند توانیومانە لەڕێی شانۆیی تەنزەوە پەیامێک بگەیەنن؟ بۆ ئەوەش گوتی: گرفتی ئێمە ئەوەیە درێژە نادەین بە کارەکان، بۆیە زۆرجار بابەتەکان ئامانج ناپێکن.. ئاستی ستافیش کاریگەری هەیە لەسەر ناوەڕۆکی بەرهەمەکە. یانی ستافێک خۆی نەزانێ چی دەوێ حەتمەن نازانێ چیش بڵێ. پێویستە زیاتر دڵسۆز بین تا بزانین چی لە چی کاتێکدا دەنوێنین.









