پاراستنی ناوەندەكانی خوێندن له‌ ماددەی هۆشبەر ڕێوشوێنی توندتری پێویستە

223
ڕۆشنا عەلی
هێشتا ماددە هۆشبەرەكان بەو رادەیە بەربڵاونین، كە مەترسییان لەسەر ناوەندەكانی خوێندن دروستكردبێت، بەڵام ئەوە مانای وانییە كە حاڵەتی ئاڵوودەبوون لەناو قوتابیان تۆمار نەكرابێت، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق هۆشداری ئەوە دەدات كە بەپێی ئەو ئامارانەی لە ساڵی 2021 بەدەستیان گەیشتووە، 50%ـی ئاڵوودەبووان گەنجان و 70%ـی ئەو ئاڵوودەبووانەیش لەناوچە هەژارنشینەكان و ئەو كەسانەن، كە بەدەست بێكاری و خراپیی بارو گوزەرانەوە دەناڵێنن.
هەر سەبارەت ئەم پرسە هەستیارە، كەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری ئامارێكی نوێتری بڵاوكردۆتەوە و باس لەوە دەكات لە ساڵی 2023 لە عێراق و هەرێمی كوردستان، 20 هەزار كەس بەهۆی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون. كوێستان محەمەد وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە «دەنگی ئەمریكا»ـی گوتووە: بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر گەیشتۆتە منداڵانی تەمەن نۆ ساڵ و لە گەورەكانیشدا ئامارەكان مەترسیدارترن.
ڕۆژنامەی خەبات لە نوێترین بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لەوە كردووە، لەماوەی هەشت مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا 1003 تۆمەتبار لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون و لەم ژمارەیەشدا 474 کەسیان بەکارهێنەرن.
ئەم ئامارانە و بەشێكی دیكەی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی میدیاكان بڵاویدەكەنەوە، پێماندەڵێن مەترسییەكە لەناو كۆمەڵگا هەیە و پێویستی بە هەڵوەستەكردن و بڕیاری یەكلاكەرەوە هەیە، چونكە ناوەندەكانی خوێندن لەبارترین شوێنی ساغكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكانن و قوتابیان و گەنجان باشترین نێچیری دەستی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان دەبن، بۆیە ئەگەر ڕێوشوێنی توندوتۆڵ نەگیرێتەبەر، دوور نییە لە ئاییندەیەكی نزیكدا حاڵەتەكان ببنە دیاردە و ئەوكات هەم چارەسەركردنی قورستر دەبێت و هەمیش كاریگەرییەكانی كارەساتبارتر دەبێت.
ئەم داتا و ئامارانەم بۆیە خستەڕوو، دەمەوێ بڵێم، مەترسییەكە هەیە و ئەوەتا لایەنە پەیوەندیدارەكانیش هۆشداری توند دەدەن و دادگاكانیش سزاكانیان بۆ بازرگان و بەكاربەرانی ماددە هۆشبەرەكان توندتر كردووە، كەواتە پێویستە هەڵوەستەیەكی جدی لەسەر ئەوە بكرێت و مادە هۆشبەرەكان نەگەنە ناو حەرەمی قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن بەگشتی، چونكە مەترسییەكە ڕۆژ بە ڕۆژ زەقتر دەبێتەوە، كاتێكیش دەبیستین گەنجەكان ژمارەیان لە گرتووخانەكاندا زیاتر دەبێت و بازرگانییەكەشی بەربڵاوتر دەبێت، پێوستە ڕێگرییەكانیش زێدەتر و جدیتربن .
قوتابخانە و پەیمانگە و زانكۆكان بەو پێیەی زۆرترین منداڵ و گەنج لەخۆدەگرن، ژینگەیەكی لەبارترن بۆ بڵاوبوونەوەی زێدەتری ماددە هۆشبەرەكان، هەم لە ڕووی ژمارە و هەمیش لەڕووی خێرایی بڵاوبوونەوە، ئەگەر پاراستنی كۆمەڵگا لە ماددەی هۆشبەر ئەركێكی گرنگ و هەنوكەیی بێت، گرنگیی پاراستنی ناوەندەكانی خوێندن لەم مەترسییە سێ هێندەیە، ئەم مەترسییە نەك نابێت بێتە ناو ناوەندەكانی خوێندن، بەڵكو دەبێت ناوەندەكان بكرێنە مینبەرێكی مەعریفی و لەوێوە كۆمەڵگای تێدا ڕاست بكرێتەوەو ژەهری ماددەی هۆشبەری نەگاتێ.
پاراستنی تاكەكانی كۆمەڵگا بەگشتی لە مەترسی مادە هۆشبەرەكان ئەركی تەواوی سیستەمە كۆمەڵایەتییەكانە كە دواجار كۆمەڵگا پێكدەهێنن، بەڵام ڕۆڵی قوتابخانەكان لەم سیستەمەدا یەكجار كاریگەرە و دەكرێت چەندین هۆكار هەبێت، كە قوتابی بەدوور بگرێت لەم مەترسییە، یەكێك لەو هۆكارانەش دروستكردنی ویستێكی بەهێزە لە ناخی قوتابی، بەجۆرێك ئەو ویستەی وابكات ئەوەی بەلایەوە خراپە بەلایدا نەچێت و بەئاسانی كاری تێنەكرێت، ئەمەش چ لە ڕیگای ڕینماییكاری پەروەردەییەوە بێت، كە حەفتانە سیمینار و بەرنامەی هۆشیاری هەبێت بۆ قوتابییان، یاخود لە ڕیگای مامۆستای بەها كۆمەڵایەتییەكان و وەرزش و بەڕێوەبەرەوە بێت.
هەروەها لە رووی پڕۆگرامی خوێندن و كاریگەرییە تەندروستییەكانی ماددەی هۆشبەر لە قۆناغەكانی 7 تا 11 بتوانرێت باس لەلایەنە خراپەكانی بكرێت و كاریگەرییەكانی لەئایندە تێدا ڕوونبكرێتەوە، جا لەهەر بابەتێك بێت، كە بتوانرێت جێگای بكرێتەوە. لەلایەكی دیكەشەوە پێویستە هەڵمەتی هۆشیاری بەچڕی لەلایەن ڕینماییكاران و دەروونناسانەوە لە قوتابخانە دواناوەندی و ئامادەییەكان ئەنجام بدرێت و بكرێتە بەرنامەی پەرەپێدان و ببێتە یەكێك لە مەرجەكانی ئاستپێدان بە قوتابخانە.
جگە لە هەموو ئەوانە دروستكردنی لێژنەی هۆشیاری لە قوتابخانەكاندا، كە لە چەند مامۆستایەك پێكبێت و هەریەكەو بتوانن ناوبەناو لایەنێكی خراپی ئەم بابەتە بكەنە سیمینار و پێشكەشی قوتابیانی بكەن و قوتابیانیش بەشداری پێبكەن وببنە بەشێك لەو چالاكییانەو سیمیناریان لەسەر ئەو بابەتە پێ ئامادە بكەن و پێشكەشی هاوپۆلەكانییان بكەن، كەئەمە كاریگەرییەكەی زیاتر دەبێت.
هاریكاری و هەماهەنگی دەستەی كارگێڕی قوتابخانەو خێزان گرنگ و كاریگەرەو ئەمە دەبێتە فاكتەری كۆنترۆڵكردنی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە.
قوتابخانەكان لە زۆرێك لەو شوێنانەی پاسەوانی دەكرێن و پاسەوان و پرسگەیان هەیە پێویستترە، كە خاوەن پرسگەو پاسەوانی خۆی بێت. لەبەرئەوەی بوونی پرسگە زیاتر دەتوانێت كۆنترۆڵی قوتابیان و هەڵسوكەوت و درەنگكەوتن و زوو چوونەوەی قوتابی و ئەو ڕەفتارانەش بكات كە گوماناوین.