ئەمڕۆ یەكشەم یەكی ئەیلوول، جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق  رایگەیاند، وردبینی بۆ ناوی كاندیدان بەردەوامە و تا ئێستە راپۆرتی كۆتایی ئامادە نەكراوە.

زیاتر گوتی، راپۆرتی كۆتایی لەسەر كاندیدان پشت دەبەستێت بە وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و دەستی دەستپاكی.

سەرچاوەیەكیش رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێكی یاسایی لە ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی عێراق سەردانی هەولێر دەكات، لە ماوەی یەك هەفتەدا وردبینی و پێداچوونەوە بە لیست و ناوی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەواو دەكەن.

تا ئێستە زیاتر لە هەزار ناو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە، بە سێ قۆناغ وردبینی بۆ ناو و زانیاریی كاندیدان و لیست و هاوپەیمانێتییەكان دەكرێت، قۆناغی یەكەم لەلایەن كۆمسیۆن و قۆناغی دووەم دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی ناوخۆ كردوویانە، قۆناغی سێیەم دووبارە كۆمسیۆن پێداچوونەوە دەكات.

بڕیارە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، بەپێی تۆمارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، سەرووی سێ ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەیان حزب و هاوپەیمانیی و كاندیدی تاك، كێبەركێی مسۆگەركردنی 100 كورسیی پەرلەمان دەكەن، پێنجیان بۆ مەسیحی و توركمانە.