خەبات- دانا بۆتانی:
هەموو وڵاتانی جیهان هەستیان بە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر کردووە، بۆیە بەهەموو شێوەیەک هەوڵیانداوە بەرەنگاری بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ببنەوە، تا نەتوانن ئەم مادەیە لە وڵاتەکانیان بڵاوبكەنەوە کە لەئێستادا بە ترسناکترین چەکی خۆکوژیی دادەنرێت لە جیهاندا، ئەگەرچی مەترسییەكەش لەوە گەورەترە و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەو بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر، هێندەش ئاسان نییە. لەم دۆسیە تایبەتەی رۆژنامەی خەباتدا، ریپۆرتاژێكی تێروتەسەل لەبارەی ماددە هۆشبەرەكان بڵاودەكەینەوە.
نەقیب ئەرکان بیبانی ئەفسەر لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش لەم بەدواداچوونەی رۆژنامەی خەباتدا وردەكاری زۆر لەبارەی ژمارەی ئالوودەبووان و ئەوانەی بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادده‌ی هۆشبه‌ری دەستگیر كراون، دەخاتەڕوو. لەسەرەتای دیدارەكەیشدا دەڵێت: ئەگەر سەیرێکی ڕێڕەوی گواستنەوەی مادە هۆبەشبەرەكان بكەین لە جیهاندا، دەبینیت ئێمە کەوتووینەتە سەر هێڵی کەوانەی زێڕین، بەشێک لەو مادە هۆشبەرانە لە ئەفغانستان و ئێران بەرهەم دێت و پاشان بە عێراق و تورکیادا تێپەڕ دەبێت و بە ئەورووپا و جیهاندا بڵاودەبێتەوە، بەشێکی دیکەش لە ئەورووپاو سوریادا دێنە تورکیا و پاشان عێراق و دووبارە دەچێتەوە ئێران و ئەفغانستان و پاشان رۆژئاوای ئاسیا، هەر ئەمەشە وادەکات ئێمە ئەرکمان قورستر بێت و شەووڕۆژ بخەینە سەریەک تا نەهێڵین ئەم مادە هۆشبەرانە لە وڵاتەکەماندا بڵاوببێتەوە، ئەوەیش وایکردووە هەماهەنگییەکی تەواومان لەگەڵ برایانی ئەمنی لە حکوومەتی فیدراڵدا هەبێت و لە چەندین چالاکیدا ڕووبەڕووی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بووینەتەوە و توانیوومانە شکستیان پێبێنین و دەستمان بەسەر مادەکانیاشیاندا گرتووە، بەر لەبڵاوبوونەوەیان.
نەقیب ئەركان دەشڵێت: توانیوومانە گەورەترین گرووپی بازرگانی دەستگیر بكەین، کە ژمارەیان حەوت کەس بوو، کاریان هێنان و بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر بووە لە شارەکانی عێراق و هەموو وڵاتانی دەوروبەریش، بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و رێکەوت و وڵاتی ئێمە بۆ سەر کەوانەی زێڕین برایانی ئاسایشمان شەووڕۆژ دەخەنە سەریەک تا گەنجەکانمان بەدوور بگرن لە مادەی هۆشبەر و بازرگانانی ئەم ماددە هۆشبەرە بخەنە تەڵەوە و ئێرە ببێتە گۆڕستان بۆیان.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەبارەت بە ئاماری دەستگیركراوان نەقیب ئەرکان بیبانی ئەفسەر لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش گوتی: لە ساڵی 2023 لە پارێزگای هەولێر و دهۆک 2282 تۆمەتبار دەستگیر کراون، لەم ژمارەیە 976 تۆمەتبار کاری کڕین و فرۆشتنیان کردووەو 1015 تۆمەتباریش لەسەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. هەروەها دەستمان گرتووە بەسەر بڕی 441 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر، لەگەڵ 1435 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەلی کپتاگۆن و 5342 شریت حەبی هۆشبەری پزیشکی کە پێی دەڵێن ترامادۆڵ دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەو ئەفسەرەی ئاسایش دەشڵێت: لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی 2024 ئامارەكان بەمجۆرەیە: 1003 تۆمەتبار لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون، لەم ژمارەیە 474 کەسیان بەکارهێنەر بوون، 539 کاریان کڕین و فرۆشتن بووە بە ماددەی هۆشبەر، 194 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر، لەگەڵ 28990 شریت حەبی پزیشکیی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە.
نەقیب ئەرکان بیبانی ئەفسەر لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش سەبارەت بە ستراتیژییەت و پلانی كار بۆ پاراستنی ئەمنییەتی كۆمەڵگە و بەدوورگرتنی لە بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان، گوتی: ئەفسەر و كارمەندانی ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش چاوکراوەن و هەماهەنگن لەگەڵ خەڵکی وڵاتی خۆمان بۆ ئەمەش ستراتیژی خۆمان هەیە. ئێمه وەك بەڕێوەبەرايەتى نەهێشتنى مادده هۆشبەرەكان ستراتيژێکمان داڕشتووە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددەی هۆشبەر و ريشەكێشكردنى لە هەرێمى كوردستان، هـەر بۆيەش ئەگەر سەرنج بدەین دەبينیت ژمارەیەكی يەكجار زۆر ئەوانەى كارى كڕين و فرۆشتن دەكەن بە ماددەى هۆشبەر دەستگيركراون، بەڵام ئێمە بەوەندەش نەوەستاوين، بەڵكو هـەڵساوين بە ئەنجامدانى سمينار له زانكۆ و پەيمانگاو قوتابخانەكاندا، هەروەها هـەڵساوين به هـەڵواسينى پۆستەرات له شوێنه گشتيیەكان لەسەر مەترسی و زيانەكانى مادەى هـۆشبەر، له كەناڵەكانى راگەياندن هـەوڵمانداوه خەڵكى هـۆشيار بكەینەوه له زيانەكانى مادەى هـۆشبەر، تاقيگەيەكى تايبەت دامەزرێنرا بۆ پشكنينى ماددەى هۆشبەر تاكو لە كەمترين ماوە كەيسەكان يەكلابكرێنەوە و بەيانى ژمارە ٣ـى وەزارەتى تەندروستى ماددەى كريستاڵ لەخشتەى شەشەم هێنرايە خشتەى يەكەم و سزاكەى قورستر كرا و له دادگاى كەتن هێنرايە دادگاى تاوان.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نەقیب ئەركان بیبانی گوتی: دادگاكان سزاى توندترى فرۆشيارانى ماددەى هۆشبەر دەدەن و لە ئێستادا سزاى زيندانى تا هەتايى دەدرێن. لە هەمانکاتیشدا هەڵمەتى بە سەركردنەوەى كافتريا و رێستۆرانتەكانمان ئەنجام داوه، لەگەڵ ئەوەشدا پشكنين بو معەسەلى نێرگەلەو خاوەنى كافترياو ئەوانەى كارى لێدەكەن ئەنجام دەدەين، هەموو ئەوانەیش بە مەبەستى رێگرىكردن و پێشگرتن له بڵاوبوونەوەى ماددەى هۆشبەرن، ئێمە بەڵێننامەش بە خاوەن كافترياو رێستۆرانتەكان پڕدەكه‌ینه‌وه‌ و تەنانەت بەڵێننامە بە خاوەنى دەرمانخانەكانیش پڕدەكرێته‌وه‌‌ تاوەکو دەرمانى پزيشكى هۆشبەر بەبێ رەچەتەی پزیشکی نەدرێت بە هيچ كەسێك. هەر بۆ زانیاری خوێنەرانی خەبات بەڵێننامە بەخاوەنی كۆمپانياكانى گواستنەوەش پڕدەكەينەوە، تاوەکو بەهـيچ شێوەيەك مادەی هـۆشبەر لە رێگاى ئەوانەوە نەگوازرێتەوە، لەكاتى ئازادكردنى بەكارهێنەرانى ماددەی هۆشبەر رێنماييان پێدەدرێت، تا بتوانن دوور بکەونەوە لە بەكارهێنانى ئەو ماددانە و ماوه ماوه دەبێت سەردانى بەڕێوەبەرايەتى نەهێشتنى ماددەی هوشبەرەكان بكەن و له كاتى دياریكراو ئامادەبن، تا پشكنينيان بۆ ئەنجام بدرێت و دڵنيابينەوە لەوەی نەگەڕاونه‌تەوە سەر بەكارهێنانى ماددەى هۆشبەر و بە پێچەوانەوە دەستگير دەكرێنەوە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا چۆن ئاڵوودەبوویەكی ماددەی هۆشبەر بناسینەوە؟ نەقیب ئەرکان بیبانی ئەفسەر لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش گوتی: کەسی تووشبوو ئارەزووی خواردنی نامێنێت، خەویان کەم دەبێتەوە و دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ نەخەون، لە هەمانکاتدا سپێنەی چاویان سوور دەبێت، گۆشەگیر دەبن و دووردەکەونەوە لە هەموو کەسێک و نزیک دەبێتەوە لەوانەی ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنێت، متمانەی بەکەس نامێنێت و لە هەموو شتێک دەترسێت، شەڕانگێز دەبێت و هەمیشە ئاژاوە دروست دەکات، پەنا بۆ هەموو شتێکی نەشیاو دەبات و تەنانەت دزیش لە کەسوکاری خۆی دەکات بۆ دەستكەوتنی زیاتری ئەو ماددە هۆشبەرانە.
ئێمە دەپرسین بەچی مرۆڤێکی ئاڵوودەبوو جیابکەینەوە لە مرۆڤێکی ئاسایی؟ نەقیب ئەرکان بیبانی دەڵێت: پێستی ئاڵوودەبوو چرچ و لۆچ دەبێت و چەوری ژێر پێستی نامێنێت، ئێسکی دەم و چاویان دەردەپەڕێت و رەنگی پێستی دەگۆڕێت بۆ رەنگی قاوەیی زەردباو، خەویان کەم دەبێت و دوای نەمانی کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکە زۆر دەخەون، تەنانەت هەندێجار بۆ چەند رۆژێک خەبەریان نابێتەوە، هەمیشە خەواڵوون و بە ئەستەم دەتوانن قسە بکەن، درۆ زۆر دەکەن و زۆربەی کات بێ پارەن، بۆ دەستکەوتنی مادەی هۆشبەر ئامادەیە هەموو شتێک لەدەست بدات تەنانەت گوێ بە كەسایەتی خۆی و دەوروبەریشی نادات.
لەبارەی ئەو نەخۆشییانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەگوازرێتەوە، نەقیب ئەرکان بیبانی ئەفسەر لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش گوتی: بەهۆی بەکارهێنانی ئەو کەره‌ستانەی بۆ بەکارهاتنی ماددەی هۆشبەر بۆ چەند جارێک و بۆ چەند کەسێک، دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر، واتا لە ناوچوونی جگەری بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر و نەخۆشیی ئایدز و شێرپەنجەی پێست و جەڵتەی مێشک، هەروەها مردنی لەناکاو بەربڵاوە لە ناو بەکارهێنەراندا، لە هەمان کاتیشدا کۆئەندامی دەمار ژەهراوی دەکات، لەگەڵ ئەمانەشدا سستبوونی گورچیلە روودەدات و دەبێتە هۆی خوێنبەربوون و قەبزیش لە کەسی بەکارهێنەردا، ئەمانەو چەندین مەترسیتریش لە نەخۆشییەکانی ڤایرۆسی و بەکتریا بۆیە داوا لە هەموو دایک و باوکان و هاونیشتمانیانی ئازیزمان دەکەین وریای منداڵ و گەنجان بن، با نزیکی ئەم ژەهرە نەبنەوە بە هیچ جۆرێک.
لە کۆتاییدا دیدارەكەدا رۆژنامەی خەبات دەپرسێت: چی بکرێت تا هاونیشتمانیان بەدوور بگرین لە ماددەی هۆشبەر؟ نەقیب ئەرکان بیبانی ئەفسەر لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش دەڵێت: دەمەوێت بە چەند خاڵێک هەموومان ئازیزانمان بەدوور بگرین لە ماددەی هۆشبەر.
١ـ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە زەره‌روزیانەکانی ماددەی هۆشبەر لەرووی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندن.
٢ـ پێویستە مامۆستایانی ئاینی مینبەرەکانیان بەکار بێنن بۆ خزمەتی لاوانی ئەم وڵاتەو خەڵک هۆشیار بکەنەوە لە مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و مەترسیەکانی.
٣ـ چاودێری کردنی منداڵ و پارستنی لە لایه‌ن دایک و باوک پێویستە بزانرێت کاتەکانی لەگەڵ کێ و لە کوێ زۆرترین کاتەکانی بەسەر دەبات.
٤ـ پێویستە ئازیزانمان ئاگادار بکەینەوە بە هیچ شێوەیەک هیچ ماددەیەکی نەنەسراو لە کەسێکی گومان لێکراو وەرنەگرێت.
٥ـ بەدوورگرتنی کەسوکارمان لە کەسی تووشبوو.
٦ـ نزیکبوونەوەی دایک و باوکانمان تاوەکو منداڵەکانیان هیچ شتێکیان لێ نەشارێتەوە.
٧ـ ئاگادار کردنەوە و هاوکاریکردنی هێزە ئەمنیەکان لە هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو لە بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەیدا.