ڕزگار نوری شاوەیس
ئێمەی کورد هێشتا گەلێکمان شارەزای مافەکانمان وەک نەتەوەیەک و کۆمەڵگەیەکی مرۆییی ئەم جیهانە نیین، بێگومان ئەم تێنەگەیشتن و نەزانینەش ئەگەر هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەریمان ساکار و لاواز نەکات، ئەوە بە ئاراستەیەکی زیانبەخش دەڕوات، بگرە دەرگاش لەسەر جۆرەها لادان و خیانەتکردن دەکاتەوە.
ئەوانەش کە مەسەلە نەتەوایەتییەکە و مافەکانی تەنها بۆ گەمەکردن بە هەست و سۆزی کۆمەڵگە و ورووژاندنی بۆ چەند بەرژەوەندییەکی تایبەتی یان بەربەرەکانێیە ناوخۆییەکان بەکار دەهێنن، هەرگیز جێی ئومێد نین.
هەستی نەتەوایەتی زۆر لە لایەنگری ئەم حزب و ئەو حزب بەرفراوانتر و قووڵترە، مەسەلەیەکە بە لای ئێمەی کوردی ژێردەستە و ماف زەوتکراوەوە دەبێت ( هەر لە منداڵییەوە) هەموو تاکێکی لەسەر پەروەردە بکرێ لە ماڵەوە، لە خوێندنگە و فێرگەکاندا، لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا، تەوەری سەرەکیی پەیڕەو و پرۆگرامی هەموو حزبێکی سیاسی و گروپێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری کوردستانی بێت.
بەڵێ هەست و بیری نەتەوایەتیمان لاوازە، گەلێکیش نەک کەم.
واقع حاڵی ئەمڕۆی کۆمەڵگەمان و پەرتەوازەیی ئەو توانایەی هەمانە بۆ سەندن و بەرگریکردن لە مافەکانمان، شایەتحاڵە..
۲۸ی ئابی ۲٠۲٤ _ بەرلین