دوو شانازیی نەتەوەیەك لە ڕۆژێكدا

107
ئیسماعیل عەبدولعەزیز
شانازیی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
لە ڕۆژی ١٦ـی ئابدا، یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە، حیزبێک کە لە سکی خەبات و تێکۆشانەوە لەدایک بووە، بۆ ئەوەی ببێتە چرای ئومێد بۆ خەڵکی کوردستان کە دامەزرێنەرەکەی مستەفا بارزانییە رابەرایەتی زیاتر لەنیو سەدەی خەباتی کوردستانی لەهەر چوار پارچە کردووە بۆ بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان .
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، نوێنەرایەتی رەوتی تیکۆشانی ڕزگاریخوازی لەکوردستان دەکات، خواست و هیوای نەوە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای خۆیان بۆ چارەنووسی لەسەر شانی خۆی هەڵگرتووە.
بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی، ئەو حیزبە لە بەرەی جیاوازدا، لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، لە پێناو بەدیهێنانی خەونی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، چەندین شەڕی کرد. ئەم گەشتە ئاسان نەبوو، بەڵکو پڕ بوو لە قوربانیدان و خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەو سەختی و ئاڵنگارییەكانی کە گەلەکەمان لە ماوەی دەیان ساڵدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.
تەنیا ساڵیادی دامەزراندنی پارتی نییە، بەڵکو ڕێزگرتنە لە هەموو ئەو شەهیدانەی کە گیانیان لە پێناو دۆزی کورددا بەخشی، هەروەها نوێکردنەوەی بەڵێن بۆ درێژەدان بە ڕێگای ئازادی. ڕێبوارانی رێبازی پیرۆزی بارزانی و رێگای سەربەخۆیی بە ڕێبەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی ڕێپێوانێکی هیوا و ماندوونەناسانە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ کوردستان، ئایندەیەکی ئارامی و سەقامگیری، کە گەلەکەمان لە ژێر دەوڵەتێکی سەربەخۆدا دەژی کە ماف و ئازادیی خۆی زامن دەکات.
لەم ڕۆژە شکۆدارەدا، پابەندبوونمان بە پرەنسیپەکانی پارتی و دیدگای بەدیهێنانی خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، نوێ دەکەینەوە و بە دونیا دەڵێین، کە ئیرادەی گەلەکەمان ناشکێت و خەبات بۆ سەربەخۆیی بەردەوام دەبێت تا دەبینین ئاڵای کوردستانی ئازاد، بەرز دەكاتەوە. ساڵانە پارتە تێکۆشەرەکەمان و گەلەکەمان بەهێزتر و نزیکتر دەبێتەوە لە گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی.
شانازیی لەدایكبوونی سەرۆك بارزانی ڕابەری نەتەوەیی
جەنابی سەرۆک بارزانی، ٦٢ ساڵە لە پێشەنگی ڕیزەکانی پێشمەرگە وەستاویت، خۆت نەچەماندووە، خەمی میللەت و خواستەکانی گەلەکەت لەسەر شانی خۆت هەڵگرتووە. لەوەتەی چەکی خەباتت کردۆتە شان و شۆڕشت دەستپێکردووە، هەمیشە ڕەمزی خۆڕاگری و ئازایەتی بوویت، ڕابه‌رایه‌تی هێزی گەلی کورد دەکەیت لە بەرامبەر نادادپەروەری و داگیرکەرانی کوردستان .
ژیانت بە خزمەتی دۆزی رەوای گەلی کورد بەسەر برد، ماندوونەناسانە و بێ دوودڵی داکۆکیت لە مافەکانی گەلەکەت کرد، مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدان و سەرکەوتنت خوڵقاند. تۆ سەرکردەیەک بوویت و ئێستاش ئیلهامبەخشیت بۆ نەوەکانی پێشمەرگە کە شوێنپێی تۆ دەگرن، لەئێوە فێری خۆڕاگری و دڵسۆزی بۆ خاک و کەرامەت بووین.
لە ماوەی ئەم دەیان ساڵەدا سەلماندت کە پێشمەرگە تەنیا وشەیەک نییە، بەڵکو قوتابخانەیەکە دامەزراوە کە گوزارشت لە قوربانیدان و خەبات بۆ ئازادی دەکات. لە سایەی سەرکردایەتی ژیرانەتان پێشمەرگە بۆتە هێمای خۆڕاگری و سەرکەوتن لە بەرامبەر هەموو ئەو کەسانەی کە هەوڵی تێکدانی مافەکانی گەلەکەمانیان دا.
جەنابی سەرۆک بارزانی لە کاتێکدا یادی ساڵڕۆژ و ڕۆژی لەدایک بوونتان پیرۆز دەکەین، بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە شوێن خەباتی ئێوە بگرين، پابەند بین بەو بەهایانەی خەبات و ئازادی کە ژیانتان بۆ تەرخان کردووە. ساڵی نوێتان پیرۆز بێت، ئەی سەرکردە و رابەر و شانازیمان.