سه‌ره‌تا وه‌رزش پارێزگارى هەولێر پێشوازى لە هەڵگری دوو میدالیای زێڕی پاڵەوانێتی تایكواندۆی جیهان دەكات

خەبات-سابير حوسێن:
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازی له هێمن مەهدی قادر، یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی و پاڵەوانی تایکواندۆی شاری هەولێر كرد. لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هه‌ولێر، بە بۆنەى بە دستهێنانى 2 میدالیای زێر له دوایين پاڵه‌وا‌نێتی جیهانی تایكواندۆ له سیئۆلى پایتەختى کۆریای باشوور، ستایشی ده‌ستكه‌وته‌كانی كرد و هیواى سەرکەوتنى زیاتر و بە دەستهێنانى ناسناوى گەورەترى بۆ خواست، هەروەها ده‌ستكه‌وتی یاریزانه‌ى، بە ده‌ستكه‌وتی شارى هه‌ولێر وەسفکرد.
دووپاتیشی كرده‌وه، وەک پارێزگاى هەولێر بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارى وەرزشەوانانین بە گشتیى و گوتى،: شانازییە بۆ شارەکەمان کە چەندین یاریزانى هاوشێوه‌ی یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی هێمن مەهدی قادرى هه‌یه و توانیویانە چەندین دەستکەوت و ناسناو لە سەرئاستى تاک و کۆ بۆ هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بەدەست بهێنن، ڕاشیگەیاند، «ده‌رگای پارێزگاى هەولێر، بۆ هه‌موو به‌هره‌مه‌ندێك كراوه‌یه و هاوكار ده‌بین له نه‌خشه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان»، دواتر له‌لایه‌ن پارێزگاری هه‌ولێره‌وه دیاریی ڕێزلێنان پێشكه‌شی بە یاریزانى ناوبراو كرا
جێگەى باسە، هێمن مەهدی قادر، خاوه‌نی پشتێن ڕەشی ( دان 5 ) تایکواندۆ نێودەوڵەتی کوکیوان و پشتێن ڕەشی (دان 6) تایکواندۆ جیدۆکوانە، هەروەها خاوەن بڕوانامەی ماستەری پلە 3 ڕاهێنەرایەتی نێودەوڵەتییه و یەکەم کەس بووه لە عێراق پلەی ماستەری لە یاری تایکواندۆ لەوڵاتی کۆریای باشوور بەدەست هێناوە، لەساڵی 2017 توانیویه‌تی لەسەر ئاستی جیهان پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت لە بەرامبەر 64 وڵات لە کۆریاى باشوور، هه‌روه‌ها لە ساڵی 2019 دووبارە بۆته‌وه بە پاڵەوانی جیهان لە بەرامبه‌ر 62 وڵات و هەر له ساڵی 2019 لە پاڵەوانیەتی ئاسیا بووە به پاڵەوانی ئاسیا لە جاکارتا لە ئیندۆنوسیا و لەلایەن ناوەندی تایکواندۆی جیهانى، لەبەرامبەر خزمەتکردنى بە کەلتووری تایکواندۆ لە عێراق و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان ڕ‌ێزلێنانى پێبەخشراوە.