دانا بۆتانی
ئەگەر مێژوو و جوگرافیای شاری کەرکووک لەبەرچاو بگرین. دەبینین شاری کەرکووک لە دێرزەمانەوە، شوێنی پێکەوەژیانی هەر سێ نەتەوەی کورد و تورکمان و عەرەب بووە. هەمیشەش ئەو خێروبێرەی لەم شارەدا هەبووە، بووەتە مۆتەکەیەک کە بەرۆکی ئەم شارەی گرتووە. بە هۆی بوونی خامی نەوتێکی زۆر لەم شارە هەمیشە وای لە داگیرکەران کردووە چاوی تەماحیان لەسەر بێت و داگیری بکەن و لە سامانەکەی بخۆن و گوێش بە دانیشتووانە ڕەسەنەکانی نێو شارەکەش نەدرێت. هەر ئەمەشە وایکردووە دەسەڵاتداران یەک بەدوای یەک هەوڵیانداوە زاڵ بن و کوردی خاوەن خاک بێبەش بکەن.
ئەمەش بە ڕوونی لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقدا ڕوویدا. ئەو کاتەش کورد قوربانیی یەکەمی ئەو ڕاگواستنە بوون کە ڕوویدا کاتێک دانیشتووانی ڕەسەنی کەرکووک کە کورد بوون ڕاگوازران بۆ شارەکانی دیکەی عێراق و عەرەبی هاوردەشی خستە سەر ماڵ و حاڵی کوردی خاوەن خاک، ئەم کارەی ڕژێمی پێشووش بۆ ئەوەبوو تا ناکۆکیی زیاتر بخاتە نێو پێکهاتەکانی کەرکووک و لە هەمانکاتیشدا وابکات نەتەوەیەک زیاتر زاڵ بێت بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا. دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو تا ئەم هەڵبژاردنەی ئەم دواییەش نەتەوەکان گلەیی و گازەندەی خۆیان هەبوو تا ئەو کاتەی جەنابی سەرۆک بارزانی پێشنیاری بۆ هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد تا هەر سێ نەتەوەی کورد و تورکمان و عەرەب بەیەکەوە دەست لە ناو دەست شارەکە بەڕێوەبەرن و بۆ هەر ساڵێکیش لە نەتەوەیەک کاندیدێکی سەربەخۆی دانیشتووی شارەکە ببێتە پارێزگار و خزمەتی شاری کەرکووک بکات.
بەم جۆرەش هەموو لایەک ڕازی بوون بەم پێشنیارەی جەنابی سەرۆک بارزانی. هەر ئەمەش داواکاریی سەرۆکی حکوومەتی عێراق محەمەد شیاع سودانی بوو. کەچی لەولاوە بەهۆی دەستوەردانی دەرەکی لایەنێکی دیکەی هەڵبژاردن ڕاسپێردرا و بە خێرایی کۆبوونەوەیەکیان لە هوتێل ڕەشید لە بەغداد ئەنجام دا و تێدا پارێزگارێکیان بۆ شاری کەرکووک هەڵبژارد. تورکمان و عەرەب و بەشێکی کوردیش ناڕازی بوون. ئێستا دەبینین لە جیاتی پیرۆزبایی کردن لە پارێزگار کە مەرسوومی سەرۆک کۆماری بۆ دەرچووە. خۆپیشاندان لە دژی دەکرێت و سکاڵاشی لە دادگای فیدڕاڵی لە لایەن تورکمانەکان لە دژی تۆمار دەکرێت، لە لایەکی دیکەشەوە عەرەبەکان پێیان وایە ئەم کۆبوونەوەیە نایاساییە بەهۆی ئەوەی کە بەتەمەنترین ئەندام بانگهێشت نەکراوە تا بانگهێشتی لایەنە براوەکان بکات. لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە پێشەوە. ئیدارەدانی شاری کەرکووک بەم شێوەی ئێستا دەکرێت؟ دەتوانێت سەرکەوتوو بێت و خزمەتی شاری کەرکووک بکات کە چەندین ساڵە پشتگوێ خراون؟ یان بەشێوەیەکی دیکە ئەم پارێزگارە چۆن سەرکەوتوو دەبێت لە ئیدارەدانی شاری کەرکووک؟ لەکاتێکدا لە سێ نەتەوەی ڕەسەنی شاری کەرکووک دوو نەتەوە بەشدار نەبێت وەک تورکمان و عەرەبەکان، ئەمە جگە لە لایەنی دیکەی کوردیش. جاران کەرکووک هۆکارێک بوو بۆ پێکەوەژیان، هەندێک لە سیاسییەکان بە عێراقی بچووک ناویان دەبرد. ئێستا ئەم عێراقە بچووکە بەجۆرێک لەت لەت بووە. بەهۆی ئەم کۆبوونەوەی هوتێل ڕەشید لە بەغداد بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار بەهیچ شێوەیەک محەمەد شیاع سودانی دڵخۆش نەکرد، چونکە نەیدەویست هیچ لایەنێکی براوەی هەڵبژاردن پەراوێز بخرێت، کەچی نەک پەراوێزخران بەڵکوو دوو نەتەوەی بێبەش کرد.
هەر بەوەش نەوەستا هەر زوو لێکەوتە خراپەکانی ئەم کۆبوونەوە نایاساییە دەرکەوت. لایەنی عەرەبی سوننەی کرد بە دوو کەرتەوە، بەشێکی لەگەڵ حزبەکەی خەمیس خەنجەر مانەوە و بەشێکی دیکەش لەگەڵ حزبەکەی حەلبوسی و تورکمانەکانن و بەشێک لە کوردەکان ناڕازین. تەنانەت خەمیس خەنجەر ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی لە حزبەکەی دەرکرد لەسەر لیستەکەی سەرکەوتبوو بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، چونکە بەبێ ڕەزامەندیی حزبەکەی خەمیس خەنجەر بەشداری کۆبوونەوەکەی هوتێل ڕەشیدی کردبوو. بەم شێوەیەش کورد و عەرەب و تورکمانی لە نێوخۆدا کرد بە دوو لەتەوە بەم لەت لەتبوونەش بێت دەبێت دانیشتووانی شاری کەرکووک بۆ جارێکی دیکەش چاویان لە خزمەتی شاری پێکەوەژیان نەبێت. برینەکانیش تا دێ قووڵتر دەبنەوە و ناکۆکییەکانیش زیاتر دەبێت لە نێو نەتەوەکانی شاری کەرکووک، بۆیە باشترین دەرمانی سیاسی بۆ ئەم دۆخەی ئێستا پێشنیارەکەی سەرۆک “بارزانی”یە کە هەر سێ نەتەوەی کورد و تورکمان و عەرەب بەشدار بن لە ئیدرەدانی کەرکووک و خزمەتکردنی شاری کەرکووک . بۆ پۆستی پارێزگاریش پێویستە بە نۆرە بێت و سەرەتا کوردێک و پاشان تورکمان و عەرەب بەڕێوەی ببەن، کەسەکەش سەربەخۆ بێت و هەموو لایەنەکانی براوەش لەسەری کۆک بن بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، بەم جۆرەش هیچ نەتەوەیەک پشتگوێ ناخرێت و ئەوەشی پۆستێک بەرێوە دەبات جگە لە خزمەتکردنی شارەکە هیچ بەرژەوەندییەکی نابێت و ڕێگاش بەهیچ لایەنێکی دەرکیش نادرێت دەستوەردان بکات لە ئیدارەدانی شارەکەدا، لە لایەکی دیکەوە هیچ نەتەوەیەک خۆی بە مافخوراو نابینێت.
هەمووشیان خۆیان بەخاوەنی شارەکە دەبینن. تا نەگەرێنەوە سەر سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەرێوەبردنی ئیدارەی شاری کەرکووک دڵنیام کەرکووک لەوەی ئێستا باشتر نابێت کە هەیە و دانیشتوانە ڕەسەنەکانی کەرکووکیش دووبارە تەماشای وێران بوونی شارەکەیان دەکەن و هیچیان بۆ ناکرێت!