خەبات: ئامێز جاف:- ڕۆژی 7ـی حوزەیران، یاسادانەران لە هاوپەیمانی نیشتمانیی دیموكراتی هیندستان، بە فەرمی ناریندرا مودییان بۆ ماوەی سێیەمی لەسەریەك وەك سەرۆك وەزیرانی هیندستان هەڵبژارد، دوای ئەوەی گەورەترین وڵاتی جیهان لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، بۆ حكوومەتی هاوپەیمانی گەڕایەوە. مودی، ئێوارەی ڕۆژی 9ـی حوزەیران، سوێندی یاسایی خوارد، دوای ئەوەی خانمە سەرۆك، دروپادی مورمو، داواكارییەكەی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ پەسەند كرد.

ئەنجامەكانی هەڵبژاردن
لە ماوەی دە ساڵدا ئەمە یەكەمجارە پارتی (بەهاراتیا جاناتا) بە سەرۆكایەتی مودی (73 ساڵان) پێویستی بە پشتیوانی پارتە هەرێمییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەبێت. ئەو پارتە كە لە دوو خولی پێشوودا زۆرینەی بەدەست دەهێنا، تەنها 240 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێناوە، واتە كەمتر لەو 272 كورسییەی كە بۆ فەرمانڕەوایەتی بە تەنها پێویست بوو. هاوپەیمانی نیشتمانیی دیموكراتیش خاوەنی 293 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانە، كە لە 543 كورسی پێكدێت. هەروەها هاوپەیمانی گەشەپێدانی نیشتمانی سەرتاسەری هیندستانیش، بە سەرۆكایەتی پارتی كۆنگرەی سەر بە ڕەوتی ناوەڕاست، بە سەرۆكایەتی ڕاهول گاندی، 230 كورسی بەدەستهێنا، كە لە سەرووی چاوەڕوانییەكاندا بوو.

نائومێدیی
سەرەڕای سەركەوتنی مودی لە نوێكردنەوەی ماوەكەی، بۆ ماوەی سێیەمی مێژوویی، كە پێشتر تەنها یەكەم سەرۆك وەزیرانی دوای سەربەخۆیی، جەواهیرلال نەهرۆ، بەدەستی هێناوە، بەڵام كەمبوونەوەی ژمارەی كورسییەكانی پارتەكەی لە پەرلەمان، لە 303 كورسییەوە لە ساڵی 2019 بۆ 240 كورسی لە ساڵی 2024دا، بووە هۆی نائومێدیی و هەندێ لە بەرپرسانی (بەهاراتیا جانتا) نەیناتوانی بیشارنەوە. ئەم نائومێدییە دوو هێندە بوو، دوای ئەوەی مودی گرەوی لەسەر هێنانی 400 كورسی پەرلەمان دەكرد، بەڵام نەیتوانی 272 كورسی پێویستیش بۆ زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان بهێنێت. ئەم نشكێوەیە وای لە مودی كرد، بۆ پێكهێنانی حكوومەت پشت بە هاوبەشەكانی (هاوپەیمانی دیموكراسی نیشتمانی) ببەستێت، كە 293 كورسی بەدەستهێناوە. مودی پێی وایە دەستەبەركردنی ئەم ڕێپێدانە نوێیە دەستكەوتێكی مێژووییە؛ چونكە لە ساڵی 1962ـەوە، هیچ حكوومەتێك بۆ جاری سێیەم نەگەڕاوەتەوە دەسەڵات، ئاماژەی بەوەش كرد، لە هەندێ ناوچەدا ژمارەی دەنگەكانی پارتەكەی دوو هێندە زیادی كردووە. ئایا سیاسەتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی مودی، بە هاوپەیمانی میری كاریگەر دەبێت، یان سەرەڕای ئاڵنگارییەكان لە سەپاندنی بەرنامە یاسادانانییەكەی خۆی سەركەوتوو دەبێت؟

سیاسەتە نەتەوەییەكان
چاودێران پێشبینی دەكەن، مودی، بە گرتنەبەری ڕێچكەیەكی ئاشتەوایی زیاتر لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەكانی، خۆی لەگەڵ بارودۆخە سیاسییە نوێیەكەیدا بگونجێنێت و ئامادەكاریی باشتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بكات. مودی؛ بەدرێژایی كاروانە سیاسییەكەی، چ وەك سەرۆك وەزیرانی ویلایەتی گوجارات، یان لە دوو ماوەی وەك سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی، هەمیشە حكوومەتی زۆرینەی تەواوی بەڕێوەبردووە و هەرگیز ناچار نەبووە لەبەردەم هاوپەیمانەكانیدا بهەژێت. پاسكریت پاین، شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە: لە سەرەتاوە هەندێ بەربەست دروست دەبن، بەڵام مودی بەبێ هیچ بەربەستێك چاكسازییە سیاسییەكانی جێبەجێ دەكات و لە ڕێگەی خۆی لانادات. لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین پرسیاری وەك، ئایا مودی لە جێبەجێ كردنی ڕۆژەڤە هیندۆسییە نەتەوەییەكەی و ژمارەیەك چاكسازی ئابووری سەركەوتوو دەبێت، كە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا خۆی پێیانەوە پابەند كردبوو؟. لەم ڕووەوە ڕەخنەگرانی مودی پێیان وایە، گرەوكردنەكەی لەسەر (سیاسەتی نەتەوەیی هیندۆسی) شكستی هێناوە، سەرەڕای ئەو جەمسەرگەرییە توندەی كە ڕۆڵی لە بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان زۆرینەی هیندۆسی و كەمینە موسڵمان و ئەوانی دیكەدا هەبوو. قابیل شارما، بەڕێوەبەری ناوەندی باشووری ئاسیای سەر بە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیك لەم بارەیەوە گوتی: لەم قۆناغەدا دوو سوودی گەورە لەم هەڵبژاردنانەدا دەركەوتووە: یەكەم دۆخی دیموكراسی لە هیندستاندا باشە، دووەمیش دەنگدەری هیندی داوا لە حكوومەت دەكات، گرنگی بە ئابووری بدات نەوەك ئایین. شارما دۆڕانی پارتەكەی مودی لە ئەیودهیا؛ شوێنی پەرستگەی (ڕام ماندیر)ی بە بەڵگە هێنایەوە، ئەو پەرستگەیەی كە پارتی (بەهاراتیا جاناتا) بەڵێنی دروستكردنی لە شوێنی مزگەوتێك بەجێ گەیاند، كە مێژووەكەی بۆ سەردەمی مەغۆلەكان لە سەدەی شازدە دەگەڕێتەوە، ئەمەش موسڵمانانی هیندستانی زۆر تووڕە كرد و بووە هۆی چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناویی.

چاكسازییە ئابوورییەكان هەڵپەسێردراون
لە ڕووی ئابوورییەوە، مودی بەڵێنی دا تاكو ساڵی 2027 هیندستان بكاتە سێیەم گەورەترین ئابووری لە جیهاندا، ئەمەش لە میانی بەدیهێنانی ڕێژەی 8.5 لە سەدی گەشەكردن، ئەمەش وا لە وڵاتەكە دەكات، ببێتە خێراترین گەشەكردنی ئابووری گەورە لە جیهاندا. لەگەڵ ئەوەی ئەم ئامانجە ئەگەری بەدیهێنانی هەیە، سەرەڕای زۆرینە سادەكەی، بەڵام هەندێ لەو چاكسازییانەی كە دەڵێت، ڕێگە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەشەكردن دەدەن، ڕەنگە لە پەرلەماندا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەورە ببنەوە. هەوڵەكانی پێشوو بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری گەورەی ئابووری، بەتایبەتی ئەوانەی بە خاوەندارێتی زەوی و یاساكانی كشتوكاڵ پەیوەست بوون، بەتوندی ڕەت كرانەوە و مودی ناچار بوو هەڵیانپەسێرێت، سەرەڕای ئەوەی لە دوو ماوەی پێشوویدا، خاوەن زۆرینەی ڕەهاش بوو. سەبارەت بە ماوەی سێیەمی، گومانی تێدا نییە كە حكوومەتەكەی مودی، بۆ ئەوەی چاكسازییەكانی بە سەركەوتوویی جێبەجێ بكات، پێویستی بە كۆدەنگیی فراوانتر لە نێوان خاوەن بەرژەوەندییە جیاوازەكاندا دەبێت. سوشانت سارین، شرۆڤەكاری سیاسی و تەناهی، پێی وایە كە ئەوەی چاوەڕوان دەكرا، سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكان بۆ جاری سێیەم لەسەر یەك گەورە بێت، بۆ نشكیوەیەكی خراپ بۆ پارتەكەی مودی و لایەنگرانی لە هیندستاندا گۆڕا. لە كاتێكدا هێشتا لە سەری سەرەوەیە، كە ڕێگەی پێ دەدات هاوپەیمانی پێكبهێنێت، بەڵام دەستی بەستراو دەبێت، نەوەك تەنها لەلایەن نەیارە بەهێزەكانییەوە، بەڵكو لەلایەن هاوبەشەكانی هاوپەیمانییەتەكەشی، كە هەوڵ دەدەن ڕۆژەڤە تایبەتییەكانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن، لەوانە بەسەر سیاسەتی دەرەوەی لە ناوچەكە و لە دەرەوەشیدا. بە دڵنیاییەوە ئەنجامەكان، پەرۆشی ڕەخنەگرانی لە ڕۆژئاوا و دراوسێیەكانی هیندستانیش دەورووژێنێت، كە دوژمنایەتییەكی بەهێزی دەكەن، وەك چین و پاكستان.

پێشنۆرەكانی سیاسەتی دەرەوە
ئەگەر بوارێك هەبێت كە حكوومەتی یەكەم و دووەمی مودی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ئاستێكی ناوازەی تێیاندا پێشكەش كردبێت، بێ گومان سیاسەتی دەرەوەی دەبێت، كە پێگەی هیندستانی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر كرد. سوشانت سارین دەڵێت: ئەگەر دە ساڵی كۆتایی دەسەڵاتداریەتی مودی شتێكی جیاكەرەوەی بێت، نموونەی سیاسەتەكەی دەرەوەی زۆر ڕوونە. مودی؛ لە هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی پتەوتر لەگەڵ ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت، بەڵام بەبێ ئەوەی دەستبەرداری سەربەخۆیی ستراتیژی هیندستان بێت. بەڵام ڕەنگە ئەمە كەمێك قورستر بێت؛ چونكە ڕێپێدانەكەی زۆر كەم كراوەتەوە. مودی، ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی لە ماوەی سێیەمیدا دیاری كردووە، ئەویش ئەوەیە، هیندستان ئەندامیەتی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بەدەست بهێنێت، هاوپەیمانیەتی ستراتیژی دروست بكات، مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگاریی چیندا بكات، پەیوەندییەكان لەگەڵ دراوسێیەكان چالاك بكات و ڕۆڵێكی سەرەكی لە سیاسەتی جیهانیدا بگێڕێت. دەستگرتنی مودی بە چاككردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئاڵنگارییەكی گەورە دەخاتەڕوو، كە خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی چین، ئەندام لە كۆمەڵی پێنج وڵاتە ئەندامە هەمیشەییەكە و بیرۆكەی چوونی نیودلهی بۆ ڕیزەكانی ئەم كۆمەڵەیە دەبینێتەوە.

پەیوەندییەكان لەگەڵ چین
ئاشۆك كیە كانتا، باڵیۆزی پێشووی هیندستان لە چین دەڵێت: هێشتا ئەو ئاڵنگارییەی چین نوێنەرایەتی دەكات گەورەیە. پارتەكەی مودی سەرنج دەخاتە سەر بەرزكردنەوەی تواناكانی بەرگریی هیندستان و بەهێزكردنی ژێرخانەكەی، بەدرێژایی سنووری هیندستان و چین. هاوزەمان كانتا، جەختیشی لەسەر گرنگی هاوكاری لەگەڵ پەكیندا كردەوە و گوتی: پێویستی بە بیركردنەوەیەكی قووڵ لە (هاوكاری) فراوانتر لەگەڵ چیندا هەیە. نابێت هیندستان ملكەچی ئەمەریكا یان ڕۆژئاوا بێت، بۆ ئەوەی لە دژی چین بیقۆزنەوە. هەندێ ئاماژە لە چاوپێكەوتن و گوتارەكانی مودی، لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا هەبوو. هەرچەندە زۆر باسی چینی نەكرد، بەڵام ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندییەكان لەگەڵیدا كرد، بەڵام جەختیشی لەسەر پێویستی چارەسەركردنی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی، بەدرێژایی هێڵی كۆنترۆڵی ڕاستەقینە، بۆ ڕزگاربوون لە ناهاوسەنگیی پەیوەندییە دووقۆڵییەكاندا كردەوە.

هاوكاری نێوان هیندستان و ئەمەریكا
دوور لە چین، پەیوەندییەكانی هیندستان لەگەڵ ئەمەریكا، لە دوو ماوەی مودیدا سەرەڕای ئاڵنگارییەكان بووژایەوە، نیودلهی ڕەتی كردەوە ملكەچی سزاكانی ڕۆژئاوا لەسەر نەوتی ڕووسیا بێت، پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ ئێران بەردەوام بوو. نیودلهی و واشنتۆن لە چەند مانگی ڕابردوودا هاوكارییەكانیان بەهێزتر كردووە، ئەویش لە ڕێگەی ڕێككەوتنەكان لە كەرتەكانی بازرگانی و تەكنەلۆژیادا. چاوەڕوانیش دەكرێت هاوكاری دوو قۆڵی نێوانیان لە ماوەی سێیەمی مودیدا، بە چاوپۆشین لەوەی كێ لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، لە مانگی تشرینی دووەمدا سەردەكەوێت زیاتر ببووژێتەوە. لەبەرامبەردا پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا، لەبەردەم بەهێزكردنی هاوكارییەكانی بەرگریی و بازرگانی هیندستان لەگەڵ ڕووسیا ڕێگر نابێت. نیودلهی دەستی بە (دیپلۆماسیەتی بێلایەنی و هاوسەنگی) لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، لەگەڵ ڕووسیا، چین و ئەمەریكادا گرتووە. مودی ئامانجی ئەوەیە، وڵاتەكەی ڕۆڵی سەركردایەتی لە باشووری جیهاندا هەبێت و وەك یاریزانێكی سەرەكیش بەڕووی زلهێزەكاندا پێشكەشی بكات.
سەرچاوە: www.aawsat.com