خەبات: عامر فەرحان – هەڵەبجە:- خاتوونێک لە پارێزگای هەڵەبجە سەرپەرشتی پرۆژەیەک دەکات ،کە ماددە پلاستیکیەکان دەتوێننەوە و دووبارە بەرهەمی نوێی لێ دروست دەکەن. شنیار یادگار سەرپەرشتیاری پرۆژەی ڕیسایکیلین سەنتەری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە خەباتی ڕاگەیاند: ماوەی دوو ساڵە ئەم کارگەیەمان دامەزراند و ئامانجیشمان لە دامەزراندنی ئەم کارگەیە، یەکەم پاراستنی ژینگەی پارێزگای هەڵەبجەیە لەو ڕێژە زۆرەی پلاستیک کە ڕۆژانە لە لایەن هاووڵاتییانەوە فڕێ دەدرێت و دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، هەروەهاش دووبارە ئەو ماددە پلاستیکییانە بەکار دەهێنینەوە و بەرهەمی نوێیان لێ دروست دەکەین.

شنیار یادگار گوتیشی: ئامانجی دووەمیشمان پەروەردەییە، مەبەستمانە منداڵانی باخچەی ساوایان و قوتابییانی قۆناغی سەرەتایی لەوە تێبگەن کە شتێک هەیە بە ناوی ڕیسایکیلین، دەتواندرێت ئەو ماددە پلاستیکیانە دووبارە بەکار بهێندرێنەوە، دەمانەوێت تێیان بگەیەنین کە ئەگەر بێت و ئەو ڕێژە زۆرەی پلاستیک فڕێ بدرێتە سروشتەوە ئەوا لە داهاتوودا کاریگەرییەکی خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دروست دەکات.

شنیار یادگار سەرپەرشتیاری پرۆژەی ڕیسایکیلین سەنتەری هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ئامێرەکانی کارگەکەمان قەبارە بچووک و مامناوەندن ئەو پلاستیکانەشی کە ڕۆژانە لە قوتابخانە و باخچەی ساوایان و شوێنە گشتییەکان و کۆڵانەکان کۆی دەکەینەوە دوو جۆرن، بەشێکیان لە کارگەکەمان پرێس دەکەین و دەینێرین بۆ شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، بەشەکەی تریشیان لە کارگەی خۆمان بەرهەمی نوێیان لێ دروست دەکەین وەک جۆلانە و کورسی و تەبڵەک و هتد…

لەبارەی کاردانەوەی هاوڵاتییان بۆ کارەکەیان شنیار یادگار سەرپەرشتیاری پرۆژەی ڕیسایکیلین سەنتەری هەڵەبجە بە خەباتی گوت: لە سەرەتادا بە هۆکاری ئەوەی پێشتر کارگەیەکی لەم شێوەیەی لە پارێزگای هەڵەبجەدا نەبوو کارکردن کەمێک ئەستەم بوو، بەڵام ئێستا کاردانەوەی هاوڵاتییان زۆر زۆر باشە و خۆیان دێن داوای قەفەزی کۆکردنەوەی پلاستیکمان لێ دەکەن و خۆیان پلاستیکەکانیان دەهێنن بۆمان بۆ ئەوەی دووبارە بەکاری بهێنینەوە، گوتیشی: لە ئێستادا پێنج کارمەند لە کارگەکەمان کار دەکات، کە چواریان ئافرەتن و دانەیەکیان پیاوە، پلانیشمان هەیە لە داهاتوودا پرۆژەکەمان فراوانتر بکەین و خزمەتی زیاتر بە ژینگەی شارەکەمان بکەین.