خەبات: عەلی بانیشاری:- جووتیارانی پێنجوێن لە بەرهەمی ئەمساڵی شووتی ناوچەكەیان ڕازین. جووتیارێك كە قسەی بۆ (خەبات) كردووە دەڵێت: شووتی ئەمساڵی پێنجوێن زۆر باشە، بەڵام پارە ناكات. بەو پێیەی زۆرینەی شووتی پێنجوێن لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ساغ دەبێتەوە، ڕێگەدان بە هاوردەكردنی شووتی لە دەروازە سنوورییەكانی نێوان عێراق-ئێران وایكردووە شووتی هەرێمی كوردستان بە گشتیی و پێنجوێن بە تایبەتی لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نیووەی نرخی ساڵی ڕابردوو پارە بكات و نرخی هەر كیلۆیەكی بۆ كەمتر لە 260 دینار دابەزێت.
یوسف عەلی، یەكێكە لە جووتیارە دیارەكانی قەزای و پێنجوێن و ساڵانە نزیكەی 100 دۆنم زەوی بە شووتی و كاڵەك و تەماتە دادەچێنێت. ئەو دەڵێت: ئەمساڵ بەرهەمی شووتی پێنجوێن زۆر باشە، بەڵام گرفتی ساغبوونەوەمان هەیە، لەئێستادا هەر كیلۆیەك شووتی ئەگەر زۆر باش بێت 180-250 دینار بۆ ئێمەی جووتیار دەكات، لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو دوو هێندەی ئەو نرخەی ئێستا پارەی دەكرد. دەشڵێت: هاوردەكردنی شووتی لە دەروازە سنوورییەكانی پارێزگاكانی عێراق، زیانێكی زۆری لە بەرهەمی شووتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان داوە و بووەتە هۆی ئەوەی بە ئاسانی لە بازاڕدا ساغ نەبێتەوە و پارە نەكات، یوسف كە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لە دەشتی پێنجوێن شووتی دەكات گوتیشی: شووتی پێنجوێن تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكوو 80%ـی لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ساغ دەبێتەوە و دانیشتووانی ئەو پارێزگا عەرەبنشینانە خواستێكی زۆریان لەسەر شووتی پێنجوێن هەیە.
ناوبراو ئەوەشی گوت: ساڵانە نەخۆشی كەڕوو زیانێكی زۆر بە شووتی ناوچەكە دەگەیەنێت، نەخۆشییەكەش لە بێهێزی خاك و زۆر ئاودانی زەوییە كشتوكاڵییەكانەوە دروست دەبێت و دەبێتە هۆی دامركانەوەی تەرز و گەڵای شووتی و بەتەواوی لەناوی دەبات. هێمای بۆ ئەوەشكرد، خاكی پێنجوێن بە پیتییەكەی جارانی نەماوە و بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەش جووتیاران بە ناچاری پەنا دەبەنەبەر بەكارهێنانی سەماد و كالیسیۆم و پۆتاسیۆم.
بەوتەی یوسف عەلی، زۆر كێڵانی زەوییەكانی پێنجوێن بۆ ماوەی چەند ساڵێكی یەك لە دوای یەك و كردنی بە بەرووبوومی هاوینە، هۆكاری سەرەكییە بۆ لاوازبوونی خاكی ناوچەكە. ئەو جووتیارەی پێنجوێن جگەلەوەی لە ڕێگەی كشتوكاڵكردنەوە بژێوی خۆی و ماڵ و منداڵەكەی دابین دەكات، ڕۆژانە هەلیكاریشی بۆ 15-20 كەس ڕەخساندووە. یوسف دەڵێت: جووتیار هەیە زۆر زیاتر لە من هەلیكاری ڕەخساندووە.
ڕاشیگەیاند: ڕۆژانە هەزاران كرێكار لە شارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە بەتایبەت (سنە، بانە، مەریوان) بۆ كاركردن ڕوو لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی پێنجوێن دەكەن. یوسف عەلی هەروەها باسیلەوەشكرد، ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار دۆنم زەوی لە پێنجوێن دەكرێت بە شووتی.
شووتی پێنجوێن ساڵانە لە 10 تاوەكو 20ـی تەمووزەوە پێدەگات و لە 20ـی ئەیلول تاوەكو 1ـی تشرینی یەكەم كۆتایی دێت.
جیهاد كەمال، كڕیار و فرۆشیاری شووتی پێنجوێنە و دەڵێت: ڕۆژانە نزیكەی 30 تۆن شووتی پێنجوێن ڕاستەوخۆ لە جووتیارانی سنوورەكە دەكڕم و لە عەلوەی سلێمانی ساغ دەكەمەوە. دەشڵێت: كڕیار هەیە بە تەنیا 100 تۆن شووتی لە جووتیار دەكڕێت و لە عەلوە دەیفرۆشێتەوە. گوتیشی: زۆرینەی ئەوانەی ڕاستەوخۆ شووتی لە جووتیار دەكڕن كوردن، بەڵام بەشێكی زۆری ئەوانەی لە عەلوەی سلێمانی لە دەستی دوو دەیكڕنەوە بەڕەگەز عەرەبن، هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، زۆرینەی شووتی پێنجوێن بۆ ڕومادی و ناسریە و بەسرە و نەجەف و كەربەلا دەڕوات، بەشێوەیەك كڕیارانی عەرەب لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێنە عەلوەی سلێمانی و شووتییەكە لە ئێمەی دەكڕنەوە و دەیبەن بۆ پارێزگا جیاجیاكانی عێراق.
جیهاد كەمال باسیلەوەشكرد، هەفتەی ڕابردوو هەر كیلۆیەك شووتی نمرە یەكی پێنجوێن 180 دیناری دەكرد، بەڵام ئەم هەفتەیە بۆ 250 دینار بەرزبووەتەوە. ئەوەشی گوت: دابەزینی نرخی شووتی، بەهۆی هاوردەكردنییەتی لە وڵاتی ئێرانەوە لەو دەروازە سنوورییانەی هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. ئەو ڕاشیگەیاند: ڕۆژانە 300-400 تۆن شووتی لەناو پێنجوێن بار دەكرێت، لەو بڕە 250-300 تۆنی بۆ عەلوەی سلێمانی دەڕوات.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی پێنجوێن، 24 هەزار و 459 دۆنم زەویی بەراو و 57 هەزار و 303 دۆنم زەویی دێم هەیە لە سنووری قەزاكە هەیە كە جووتیارانی ناوچەكە بۆ كشتوكاڵكردن سوودی لێ دەبینن. بەهۆی كەشوهەوا تایبەتەكەیەوە كە لە وەرزی هاویندا پلەكانی گەرما لە 35 پلە تێپەڕ ناكات لە پێنجوێن زیاتر بەرووبوومی هاوینە دەكرێت لەوانە (شووتی، كاڵەك، خەیار، تەماتە، كولەكە، بیبەر، باینجان).
هەر بەپێی ئامارەكان، زیاتر لە 10 هەزار جووتیار لە پێنجوێن بەكاری كشتوكاڵكردنەوە خەریكن. قەزای پێنجوێن بە دووری 96 كلیۆمەتر كەوتووەتە باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی. ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە 50 هەزار كەسە. هەردوو ناحیەی گەرمك و ناڵپارێز و 260 گوند لە خۆ دەگرێت.