کاریگەریی کەسایەتیی سەرۆک بارزانی

154
ساڵح شێخ محەمەد کەسنەزانی بەرزنجی
ئەوەی دەبێ بگوترێ لەسەر کەسایەتیی بەڕێز مەسعود بارزانی، لە عێراق و دەرەوەی عێراق و لە هەر چوار پارچەی کوردستانیش، ئەوەیە، زیرەکی و لەسەرخۆیی و بەکارهێنانی سیاسەتی ڕاستگۆیانە بۆ بەرژەوەندیی کورد و عێراق و گشت مرۆڤایەتی، ئەوەیە کە ئەم سەرکردەیە ئەو شتانە وایلێکردووە، کە جێی ڕێز بێت لای گشت وڵاتانی دنیا، بەتایبەتی لەم ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتدا، ڕۆژانە ڕاوێژی پێ دەکەن و دێنە لای و شتی لێوە فێر دەبن.
دڵسۆزیی ئەم پیاوە بۆ گەلەکەی وایکردووە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا، دەوری هەبێت و کار بکات بۆ بەرژەوەندیی گەلی کورد.
لە تەمەنی لاوێتییەوە، کوردایەتی لە ژێر دەستی باوکیدا فێر بووە و ڕێڕەوی باو و باپیری بەرنەداوە.
لە تەمەنی لاوێتییەوە پێشمەرگەیە و ئاگاداری هەموو بزووتنەوەکانی کوردە هەر لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ و بە بەردەوامی یارمەتی زۆربەیان دەدا بەتایبەتی پارچەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور .
لە دوای ڕاپەڕینەوە سەرۆک مەسعود بارزانی دەوری پیرۆزی هەبووە لە پێکهێنانی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش زۆر جار وازی لە هەندێ لە بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەی خۆی هێناوە بۆ حیزبەکانی تر.
سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەو گەورە پیاوەیە کە سەرکردەکانی وڵاتان خۆشیان دەوێ و زۆر رێزی لێده‌گرن.
هەر ئەویشە کە زۆربەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا ئاسان دەکات و هەوڵی بەرژەوەندیی کورد و کوردستان دەدات.
گەورە بیرمەندی عەرەبی عێراقی حەسەن عەلەوی بۆ ئەم سەرکردە مەزنە دەڵێ: «بۆیە پێویستە لەسەر هەموو کوردێکی بەشەرەف و دڵسۆزی گەل و نیشتمان، کاک مەسعود بە سەرۆکی خۆی بزانێت و وەک سنبولی ئێستای گەلەکەمان تەماشای بکات، گەر ئەو و باوکی ئەو نەبوایە کورد نەدەگەیشتە ئەم ئاستەی ئێستای و هەر ئەوانن لە بوونیانەوە خزمەتی کورد و کوردستان دەکەن و لەم پێناوەشدا هەزاران گیانیان بەخشیوە و دەربەدەرییان بینیوە.»
جێی شانازییە ئێمەی کورد پیاوێک و سەرکردەیەکی وەک مەسعود بارزانیمان هەیە.
زۆر ده‌گمه‌نن ئەو سەرکردانەی کە هەموو ژیانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ تێکۆشان لە پێناوی سەربەستی و ئازادی و سەربەخۆییی گەل و نیشتمانیاندا.
لەسایەی کەسایەتیی کاک مەسعود و بە سیاسەتی دروستی ئەم پیاوە، ئەمڕۆ کوردستان پەرلەمانی هەیە و حکوومەتی هەیە و لە دونیادا ناسراوە، هەر لەبەر ئەمەشە کە کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق ڕۆژانە سەردانی دەکەن، بە هەموو کوتلەکانییانەوە گەورە و بچووک.