پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پێویستیی سەردەم لە مانەوە و پێشەنگیدایە

139
د.محمد خدر مولود
ئەو گۆڕانکارییانەی دوای دووەم جەنگی جیهانی و بەرەکانی شەڕ لە ناوچە جیاجیاکاندا هاتە ئاراوە، بۆ هەندێک وڵات و نەتەوە، گۆڕینی نەخشەی سیاسی و درووستبوونی دەوڵەتی تازەی لێکەوتەوە و بۆ هەندێکی تریش هاوپەیمانیەتی تازەی نێودەوڵەتی و پتەوکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری زیاتر.
هەمان ڕووداوەکانی دووەم جەنگی جیهانی لە ناوچەکە لە کوردستانی پەرتەوازەی نێو دەوڵەتانی ناوچەکە، جگە لە لاوازبوونی پێگە و پایەی “حزبی هیوا” لە کوردستانی عێراق، لاواز بوونی “ڕێکخراوی ژێ کاف” لە کوردستانی ئێران ئەو هەل و دەرفەتە زێڕینەشی هێنا پێش کە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پاشان کۆماری کوردستان- لە مەهاباد و هەروا پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دابمەزرێن.
ئامانج لە دامەزراندنی ئەم دوو حزبە لە ئان و ساتێکی زۆر نزیک لەیەک و لە شاری مەهابادی پایتەختی کۆمار، خەبات و تێکۆشان بووە بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی و ڕزگارکردنی کۆمەڵگە و تاکی کورد و کوردستانی لە پاشکۆیی و کۆیلەیی نەتەوە باڵادەستەکانی دراوسێ لە لایەک و لە لایەکەی تریش وەک وەڵامێک بۆ “چاڵدێران و لۆزان” تا چیتر کورد وەک نەتەوە لە دەرەوەی مێژووی خۆی بینەری یاریپێکراوی ژێردەستی نەتەوەی تر نەبێ.
لە ئان و ساتی لەدایکبوونی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەردوو حزبی “هیوا و ژێ کاف”ی فرە سەرکردە و فرە بڕیار کە توانای بەردەوامبوون و مانەوە و گرتنەخۆی جەماوەریان نامێنێ بەهۆی لەدایکبوونی ئەم دوو پارتە، بەدیاریکراویش پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، قۆناغی تازە لە خەباتی سیاسی و پارتایەتی دێتە ئاراوە و گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی و عێراقی مۆدێلێکی سیاسی تازەی وەک سەرکردەیەکی سیاسی تێکۆشەری وەک مستەفا بارزانی لێ سەرهەڵدەدات.
پارتی بە بەراورد لەگەڵ حزبەکانی پێش خۆی کاری ڕێکخستن و ئەلفبای ئەدەبیاتی پارتایەتی تەنیا لە نێو بازنەی دەستەبژێران و دەستەی سەرکردایەتی قەتیس ناکاتەوە بەڵکوو بە ڕێنمایی و ڕاسپاردەی سەرۆک و دامەزرێنەری، مستەفا بارزانی، لە شاری مەهابادەوە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ڕاسپارد وەک حزبێکی پێکهاتەی فرە توێژ و چین، هەنگاو بە هەنگاو، ئەدەبیاتی پارتایەتی و ئامانج لە دامەزراندن و فەلسەفەی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و پەرەوەردی هزری و سیاسی بە پاشخانی مێژوویی و فەرهەنگی دێرین و دەوڵەمەندی کوردەوە شۆڕکەنەوە نێو جەماوەرو کادیرانی خاوەن ڕەهەندی جیاو فرەپێکهاتەی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزای نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی.
ئەو خاڵەیان کە خاڵی بە جەماوەربوونی پارتییە لە کەمترین ماوەدا، نهێنی یەکەمی سەرکەوتن و بەهێزبوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی لێکەوتەوە. جگە لە دووری سەرۆک و ڕابەرو دامەزرێنەری ، مستەفا بارزانی، لە زێدی نیشتیمانەوە هەر لە سەرەتای دامەزراندنەوە لە مەهاباد و لە ساڵی 1946 تا بنیاتنان و بەردەوامی لە مۆسکۆ 1958 تا پەتای جیابوونەوەش لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولدا
پارتییان لە جەماوەر و بوون و ڕەوایی خەبات و تێکۆشان دانەبڕاند، بەڵکوو بوون بە هێز و خاڵی کۆکەرەوەی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و دژی کەنارگیری و لاتەریک کردنی لایەن و هێز وەستایەوەو لە هەوڵی کۆکردنەوەی هێزە ناکۆک و پەرتەوازەکانی کۆمەڵگەش لە خەباتدا بووە .
پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەرنامەو ڕێنمایی سەرۆک و ڕابەرو دامەزرێنەری مستەفا بارزانی، لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە شکستیان بە دوژمنان هێنا و خەون و پلان و نەخشەی دوژمنان و دووبەرەکیان گۆڕەوشار کرد.
بۆیە هەبوون و پیادەکردنی سیاسەت و هزرو فەلسەفە و کاری “تەبایی و کۆکردنەوە” نەک “پەرتکەو زاڵ بە” لای سەرۆک بارزانی نهێنییەکی دیکەی بەردەوامی و پێشکەوتنی پارتییەو سەرکەوتنە بە سەر سیاسەتی دووبەرەکی و ناوچەگەرێتی.
لەدوای ئەو مێژووەیەوە ،ئەمساڵ تەمەنی خەباتی شاخ و شارستانی و مەدەنی و یاسایی و دەستووری پارتی گەیشت بە 78 ساڵ، وەک پارتێکی نیشتیمانی و دیموکراتی هەڵگری بنەما و میتۆدی باوەڕبوون بە مافەکانی مرۆڤ و دادپەرەوەریی کۆمەڵایەتی و ئازادییەکانی کۆمەڵگەیە ، لە پێناو هێنانەدی مافی نەتەوەیی گەلی کوردو گەلان و نەتەوەکانی دیکەی کوردستان و بڕیاردان لە مافی چارەنووسسازی، کە خۆی لە مافی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی پرس و دۆزی کورد دەبینێتەوە، لەخەباتدا بووە.
نهێنیەکی دی بەردەوامی و پێشکەوتن و بەخششی پارتی و مانەوەی بە هێزو توانایەوە وەک دەسگایەکی نەتەوەیی نیشتیمانی لە قۆناغە جیاجیاکاندا، بە بوونی کەلتور و فەرهەنگی خەبات و تێکۆشانی سەرۆک و ڕابەرو کاریزما مستەفا بارزانی، وەک باوکی ڕۆحی نەتەوەیی بووە کە قبووڵی نەبووە “کورد سەپانی باوکی خەڵک” بێ و بە خەباتی سەبری ئەیوب و ئەزموون و ئایندەبینی، قۆناغەکانی خەباتی نیشتیمانی نەتەوەیی لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە بە ئەمڕۆ گەیاند.
بۆ ڕۆژی ئەمڕۆ دوای 78 ساڵ، هەردەم بوونی هەناسەو خوێنی گەرمی تازە بە بەر جەستەی پارتییەوە نوێبوونەوەی پێ دەبەخشن و پارتی بە فۆرم و شێوەی تازە و ناوەرۆکێکی پێشکەوتووترو کراوەتر فۆرمەلە و بارگاوی دەکەن و دەیهێننەوە نێو جەماوەرە شۆرشگێرە خۆڕاگرەکەی و لەگەڵ پارت و هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هێز و لایەنان و دەوڵەتانی هاوپەیمانیش ڕژدتر و تۆکمەتر لە جاران بۆ پرس و بابەتە چارەنووسسازەکانی نەتەوەیی لە سەرمێزی گفتوگۆیە وهەردەم بە گوتارو گفت و لوتف و کارو هەوڵ و کۆششی تازە، ئامادەی گۆڕەپانەکەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان ،لەسەردەمی ئێستایدا، لەسەردەمی پێشمەرگە و سەرۆک و ڕابەرو فریادڕەس و کاریزما مەسعود بارزانی لە کارو کردەوە باوەکان تێپەڕیوە، و ئێستا بەشێوەی (خیلافی موعتاد-باو) خەبات دەکا و سەردەمی دروشمی زل و زەبەلاحی سواوی بواردووە.
ئێستا پارتی لە ناوەڕۆکدا بە گوتاری “پۆست ڕیفراندۆم” لە پێشکەوتن و هەڵکشان و بەرزی دایە و بۆگەیشتن بە مەبەست و سەرکەوتن سڵ ناکاتەوەو ئامانج و بەرنامە و خاڵەکانی پەیڕەو و پرۆگرامی دامەزراندنی 16ی ئابی 1946 هەردێنێتە دی.