سهرهتا وتار لە یادی ١٦ی ئاب چەمکی نەتەوەیی و نیشتمانی لەناو رێکخستنەکانی پارتیدا
مستەفا خۆشناو
گومانی تێدا نییە کەوا قەبارە و گەورەیی و بەهێزی هەر پارت و ڕێکخراوێکی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ پشت ئەستووری ئەو حزبە بە بنکە جەماوەرییەکەی و تۆکمەیی ڕێکخستنەکانی و چۆنییەتی کۆکردنەوەی جەماوەر لە دەوری ئەو ئاڵا و درووشم و پەیڕەو و پڕۆگرامەی کەوا ئۆڕگانەکانی ئەو حزبە سیاسییە هەڵیگرتوون و خەباتی بۆ دەکات، چونکە کاری ڕێکخستنی جەماوەر لەناو هەر حزبێک پێوەرە بۆ گەورەیی و بەهێزی ئەو حزبە و گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئیدارەدانی ئەو کۆمەڵگایە و هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتییە و لێکەوتەکانی بە چاک و خراپەوە. بۆیە لێرەدا دەتوانین ڕێکخستن بە بڕبڕەی پشتی هەر حزبێک و کۆڵەگەیەکی بەهێزی خۆڕاگری و سەرکەوتنەکانی ناوزەد بکەین، چونکە ئەگەر هەر حزبێک پشت ئەستوور بوو بە ڕێکخستنێکی جەماوەریی تۆکمە و ڕێکوپێک و بە پێی پەیڕەو و پڕۆگرامێکی پوختە و سەردەمیانە بنکە جەماوەرییەکانی ڕێکخست و توانی قاعیدەیەکی پتەو لە جەماوەر درووست بکات و جەماوەرێکی بەرفراوان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، واتە دواڕۆژێکی پڕشنگداری بۆ خۆی مسۆگەر کردووە و لە ململانێ سیاسییەکاندا پەکی ناکەوێ و دەتوانێ زۆر بە ئاسانی لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتدا کێبڕکێی پیادەکردنی سیاسەتی خۆی بکات و لە کۆتاییشدا گرەوی هەڵبژاردنەکان بباتەوە و سەرکەوتنی گەورە بۆ خۆی و جەماوەرەکەی و کۆمەڵگاکەی دەستەبەر بکات و جڵەوی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات و پێشڕەوایەتیکردنی گەل بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بگرێتەدەست.
لەم ڕوانگەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بە هۆی ئەو سیاسەتە حەکیمانەی کەوا دامەزرێنەرەکەی، بارزانیی نەمر دایڕشتووە و لە هەڵگرتنی درووشمە نەتەوەییەکانی ڕاستگۆ بووە لەگەڵ جەماوەرەکەی، پشکی شێری بەرکەوتووە بەوەی کەوا هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە پشتبەستن بە ڕێکخستنێکی جەماوەری تۆکمە و فراوان توانیویەتی جڵەوی پێشڕەوایەتی لە بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کورد بگرێتەدەست و ببێتە خاوەنی بنکەیەکی بەرفراوانی گەورەی جەماوەری نەوەک تەنیا لە باشوری کوردستان، بەڵکوو لە هەموو پارچەکانی تری کوردستانیش جەماوەری تایبەت بە خۆی هەیە و خەڵک ئازادانە باوەڕی خۆی بەو پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە هێناوە. ئێستاشی لەگەڵدابێت ڕۆژ بە ڕۆژ قاعیدەی جەماوەری پارتی فراوانتر دەبێت و جەماوەر بە گوڕتر بەرەو پیری ڕێکخستنەکانی پارتی دێن و ئەو بەرەوپیرهاتنەش لە ڕوانگەی پەرۆشیی جەماوەرە بۆ ئەو سیاسەتە حەکیمانەی کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان پیادەی دەکات و داناییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ حیکمەتی دامەزرێنەری پارتی و باوکی رۆحیی نەتەوەییمان، بارزانیی نەمر و پێشەوای سەردەمی ئێستا، سەرۆک مەسعود بارزانی .
ئەو کاراکتەرە بەهێزەی کەوا تاکەکان بەرەو ڕێکخستنی حزب ڕادەکێشێ بریتییە لە دروستبوونی هزر و بیری هاوبەش لە ناو ڕێکخستنەکانیدا و، تاکە سەرچاوەی بەیەکگەیاندنی ئەو هزر و بیرەش سیاسەت و پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەو حزبەیە کەوا هەموو تاکەکانی ئەو حزبە بەشداری لە داڕشتنیدا دەکەن، جا چ ڕاستەوخۆ بێت یاخود لە ڕێگای نوێنەرایەتییەوە، ئەمەشیان زۆر بە زەقی لە سیاسەتی ناوخۆی پارتی بەرچاو دەکەوێت کەوا لە هەموو کۆنگرەکان لە ڕێگای لێژنەیەکی پسپۆڕ و نوێنەرانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە نوێوە و لەسەر شێوازێکی سەردەمیانە ئەو پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆیەی پارتی دادەرێژرێتەوە و کەوا هەموو ماف و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی سەرجەم پێکهاتە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت و هەوڵ دەدات هزر و بیری هاوبەش لە بەرانبەر کێشە نەتەوەییە چارەنوسسازەکان لە نێوان هەموو تاکەکانی پارتی بەتایبەتی و کۆمەڵگا بەگشتی دروست بکات، کەوا گومانی تێدا نییە ئەمەشیان خاڵی نهێنی سەرکەوتنەکانی پارتییە و هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی ئەو هزرە لە بیری دامەزرێنەری پارتی و سەرۆکی نەمر مستەفا بارزانی هەڵقوڵاوە، چونکە بەڕێزیان بۆ کورد لە دایک بوو و هەر لە پێناو مافە ڕەواکانی کوردیش سەری نایەوە و ڕۆژێک لە ڕۆژان ئامادە نەبووە سازش لەسەر مەسەلە نەتەوەییە چارەنووسسازەکان بکات. تەنانەت لەسەر کێشەی کەرکووک ئامادەبوو قوربانی بە شۆڕشەکەی بدات، بەڵام ئامادە نەبوو سەر بۆ داخوازییەکانی دوژمنانی کورد نەوی بکات و واز لە کوردستانییەتی کەرکووک بێنێت کەوا ئەمەشیان وێنەیەکی ئاشکرای سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی بەدەر دەخات، کە درێژەپێدەری هەمان ئەو سیاسەتەیە کە بارزانیی نەمر بۆ پڕۆگرامی پارتی دایڕشتووە و پارتیش بەڵێنی بە جەماوەرەکەی داوە کە بەردەوام بێ لەسەر ئەو سیاسەتە حەکیمانەی دامەزرێنەرەکەی و باوەڕی پتەوی بە کێشە نەتەوەییەکەی و پاراستنی دەسکەوتەکانی گەل هەبێت، چونکە پارتی لەسەر ئەو ئەساسە دروست بووە و هەر لەم پێناوەشدا خەباتێکی دوور و درێژی ئەنجامداوە و گەورەترین شۆڕشی لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا بەرپا کرد، ئەویش شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو کە توانی پارێزگاری لە ناسنامەی کورد بکات و لە سڕینەوە بیپارێزێت و، توانی چۆک بە دڕەندەترین ڕژێمی سەردەمدا دابدات کە ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بوو و، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی دوور و درێژی ئەو گەلە ڕژێمێک ناچار بکات بە ئاشکرا دان بە مافە ڕەواکانی گەلەکەیدا بنێت و بە فەرمی ڕێککەوتنی لەگەڵ مۆر بکات کە ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری١٩٧٠ بوو.
ئێستاش کاروانی خەباتی پارتی لە پێشڕەوایەتی کردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتە جێگای باوەڕی جەماوەری کوردستان و هەنگاوی گەورەتر و پیرۆزتر دەهاوێژێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی گەل و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان، بەتایبەتی لەم قۆناغە ناسکەی ئێستادا کە بە ڕۆژگارێکی زۆر دژوار و نزیک لە ڕۆژە ڕەشەکانی سەردەمی بەعس و دیکتاتۆرییەت هەنگاو دەنێن، ئێستاش ئەو خەڵکە شۆڤێنی و داخ لە دڵە بە هاوکاریی چەند لایەنێکی سیاسی لە هەرێم خەون بە لەباربردنی ئەم قەوارە دەستوورییەی هەرێمی کوردستانەوە دەبینن و لە هەموو لایەک شۆڤێنیستەکان گورگئاسا دەمیان کردووەتەوە و دەیانەوێ ئەو بارودۆخە سەقامگیرەی هەرێمی کوردستان بشێوێنن و ئەو ئەزموونەی کە چەند ساڵێکە بە خوێنی هەزاران مرۆڤی کورد بەدەست هاتووە، ئەوان بە ئاسانی لە ناوی بەرن و ببنەوە دیکتاتۆر و حوکمی خۆیان بەسەر کورددا فەرز بکەن، کە ئەمەشیان لە خەونی حوشتر نەبێ لە هیچ ڕاستییەک ناچێ و تەنها پیلانی شۆڤێنیستەکان و کۆنەبەعسییەکانە، بۆیە لێرەدا ئەرکی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر قورسترە لە جاران و دەبێ زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەنگاوە تازەیەدا بکەن و بە ژیری و لێهاتووییی خۆیان بتوانن سیستەمی حوکمڕانی لەم کۆمەڵگا عێراقییە تاریک و وێرانە کە ئێستاش بۆنی دیکتاتۆرییەت و ملهوڕی لە هەندێکیان دێت؛ بگۆڕن بۆ سیستەمێکی دیموکراسی و سەردەمیانە کە جێگای هەموو نەتەوە و چین و توێژ و ئایین و مەزهەبێک و هەموو بیر و باوەڕێکی تێدا ببێتەوە و مافی هەموو لایەکی لەژێر سایەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تێدا ببێتەوە و کەس نەتوانێ مافە دەستوورییەکانی ئەوی تر زەوت بکات، تەنها بەم تاکە ڕێگایەش دەتوانرێ وڵات لەم گێژاوە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە ڕزگار بکرێت، تا ئەو کاتەی هەموو لایەک ئەگەنە ئەو قەناعەتەی کە تەنیا چارەسەر بۆ دەربازبوون لەم گێژاوە سیاسییەی ئەم وڵاتەی تێکەوتووە، درووستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی هەڵگر و داڕێژەری بناغەکەیەتی و ڕیفڕاندۆمێکی یاسایی و دەستووری و دیموکراسییانەی لە پێناو ئەنجامداوە و دەرەنجامەکەشمان بینی کە گەورەترین سەرکەوتنی تێدا بەدەست هێنا و گەلی کوردستان زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری تێدا کرد و، بە ڕێژەی ٩٣٪ دەنگی بۆ دا و، ئێستا دەرەنجامەکانی ئەم ڕیفڕاندۆمە وەک بەڵگەنامەیەک و قۆچانێکی ڕەشی دەستووری و یاسایی لەبەر دەستی خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دایە و ئومێدی داهاتووی گەلی کوردستانی لەسەر هەڵچنراوە و، هەموو تاکێکی کورد بە ئومێدێکی زۆرەوە چاوی تێبڕیوە تا ئەو ڕۆژەی جاڕی سەربەخۆیی بۆ نیشتمانێکی ئازاد و خاوەن سەروەری تێدا ئەدرێ و گەلەکەمان بە خەونەکەی دەگات.