سهرهتا وتار به دامهزراندنی پارتی كۆتایی به پهرتهوازهیی رێكخراوهیی هات
ژاڵەی خاڵە عەفان
رەوشی سیاسیی و هۆشیاریی نەتەوەیی و پەرەسەندنی هەستی نیشتیمانپەروەریی، هەستی ئازادیخوازیی و هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە بەرامبەر هەموو بێدادیی و ستەم و پەراوێزخستن و بەرنامەی سڕینەوەی دۆزی کوردستان لە کۆمەڵگەی باشوور لە لایەن دەوڵەتی پاشایەتیی عێراق و کۆڵۆنیالیزمی بهریتانیاوە، هەروەکو بەشەکانی دیكه لە باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، داینەمۆی ئەو هەوڵانە بووە کە کورد دژی دەسەڵاتی داگیرکاریی بیانی و چەوسانەوە و ستەمی نەتەوەیی پێی رابوون .
پاش دامەزرانی « مەملەکەتی عێراق»یش هەوڵ و تەقەلای نیشتیمانپەروەرانی کورد، بۆ داواکردن و سەندنی مافە نەتەوەییە ڕەواکانی هەر زیندوو بووە و ڕوو لە گەشەکردن و هەڵچوون بووە.
دامەزرانی حکومەتی کوردستان لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، ئاماژەیەکی ئاشکراو ڕاشکاوانە بوو لە بەرامبەر سیاسەتی پەراوێزخستن و سڕینەوەی داخوازییەکانی کورد و، وەڵامێکی زیندووی سیاسەتەکانی کۆلۆنیالیستیی بهریتانیا و نەخشە دوژمنکارییەکەی بوو بەرامبەر بە نەتەوەی کورد. پەیامێک بوو کە کورد دەست لەمافەکانی خۆی لە بەدهستهێنانی سەربەخۆیی هەڵناگرێ.
هەوڵی دامەزراندنی پارتێکی پێشڕەوی یەکگرتووی سەرتاسەری لە کوردستانی عێراقدا بە پێویستییەکی سەردەمیانە دەزانرا . سەرەتا لە دوای دامەزراندنی (لیژنەی ئازادی) و کشانەوەی هێزەکانی هەردوو شۆڕشی بارزان بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی بە ناچاریی لە ڕێکەوتی ١١ تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ بەرەو ناوچەکانی کوردستانی ئێران…. لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیشدا بە رابەرایەتی شەهید قازی محەمەد لە شاری مهاباد، لەبەر لێهاتوویی و ئەزموونی شۆڕشگێڕە بارزانییەکان، بوونە پێکهاتەی سەرەکی سوپای دامەزراوی کۆمار… هەروەها کاریگەریی بزووتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی ئێران لەلایەک و لەلایەکیتر ئەو پەیوەندییە بەردەوامییەی لە ناوەوەی کوردستانی عێراق و مستەفا بارزانی و هەموو ئەندامانی دامەزرێنەری لیژنەی ئازادی و حزبە نیشتیمانییەکانی کوردستان وەک ئەندامانی حزبی هیوا و حزبی شۆڕش و ڕزگاری هەبوو، هەست بەو بۆشاییە هەستیارە سیاسییە لە نێوان بەرەی شۆڕش و بزووتنەوە سیاسییە گشتییەکەدا دەکرا .
بە ڕوونی دەبینرا جوڵانەوەی رزگاریخوازیی لە کوردستانی عێراق، لە رووی ڕێکخراوەییەوە، حاڵەتێکی دابەشبوون و پەرتەوازەیی بە خۆوە گرتبوو. ئەم بارودۆخە نەخوازراوە پێویستیی بە راگرتن بوو، پێویستیی بە دەستپێکردن بە قۆناغێکی نوێ بوو، قۆناغێک کە یەکخەر و کۆکەرەوەی هەموو هێز و تواناکان بێت، قۆناغێک کە هەنگاونان بێت بەرەو بنیاتنان و بەهێزبوون کە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە تهرازووی هێزدا حسابی بۆ بکرێت . لە رووی کردەنییەوە بتوانێت ئەرکەکانی خۆی، وەک دامەزراوەیەکی سیاسیی بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان راپەڕێنێ.
هەڵبەتە شۆڕشەکانی بارزان و هەڵوێستە دوژمنکاریی و کاوڵکارییە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عێراق و دەوڵەتی ئینگلیز بەرامبەر بە تەواوی دەڤەری بارزان و ناوچەکانی نفوزی، هۆکار گەلێک بوون لە نانەوەی ئەو پشێویی و بەربڵاوییە ، لە دیویکی تریسەوە هەر یەک لەو هۆکارانە بوون بوونە ئەو فاکتەرە سەرەکییانەی زۆرینەی ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارو کەسایەتییە نیشتیمانییەکان بەرەو ئەو ئاواتە بچن، کە دامەزراندنی پارتێکی یەکگرتوو و سەرتاسەریی ببێتە وەڵامگۆی ئەو پرسیارە هەستیارو هەڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییە شۆڕشگێڕییەی دەتوانێت بەرانبەر بە هەژموونی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و هەنگاوە کاوڵکارییەکانی دەوڵەتی ناوەند ببێتەوە، کەوا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرانبەر دانیشتوانی کوردستان پەیڕەوی دەکردن .
هەروەها بوونی پارتێکی سیاسی کوردی وەک حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و جۆشوخرۆشی هەڵچووی هەستی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێراندا هەموو پێکەوە بووبونە سەرچاوەیەکی هەستیارو کاریگەر لەسەر رەوشی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان.
ئا لیرەوە بیرۆكهی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلای بارزانی و ئەندامانی لیژنەی ئازادی و دەستەیەک لە رۆشنبیران گەڵالە بوو. پاش ئامادەکردنی پەیرە و پرۆگرامی حزبی نوێ، بریاری ناردنەوەی نوێنەری دەستەی ئامادەکار و دامەزرێنەرانی حزب لە کوردستانی ئیرانەوە بنێرنەوە بۆ کوردستانی عیراق بۆ پەیوەندییکردن بە سەرکردایەتی حزبی شۆڕش و رزگاریی و کەسایەتییە نیشتیمانییەکان و گەیاندنی پەیڕەوی ئامادەکراو و ئەو چەند ڕاسپێرییەی سەرۆک بارزانی مستەفا . دوا بەدوای گەیشتنەوەی نوێنەری بارزانیی نەمر و لیژنەی ئازادی (هەمزە عەبدوڵا) لە کوردستانی عیراقیشەوە حزبی هیوا و شۆڕش و ڕزگاری بوونە خاوەنی ئەو دەستپێشخەرییەی زوو بەزوو ئەو دەنگۆو داوا سیاسییە یەکگرتووەی مستەفا بارزانی و لیژنەی ئازادیی هەیان بوو ببێتە بابەتی گفتوگۆو خۆئامادەکردن و هەڵوێست وەرگرتنیان. بۆ ئەو مەبەستە لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا هەردوو حزب هەڵوەشاندنەوەی خۆیان راگەیاند و زۆرینەی ئەندامانیان ئامادەیی خۆیان راگەیاند کەوا بچنە نێو ئەم حزبە نوێیەوە.
بە مەبەستی ڕاگەیاندنی حزبە نوێیەکەش لە رۆژی ١٦ ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ یەکەم کۆنگرەی خۆی سەرکەوتووانە لە شاری بەغدا بە ئامادەبوونی ٧٠ نوێنەر بەست. لە یەکەم رۆژی دامەزراندنی خۆیەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ئەو مینبەرە راستگۆ و گشتگیرییەی بە بەرنامەی سیاسی و شۆڕشگێڕیی سەردەمییانەوە بووە مەشخەڵی ئومێد و هیوای گەلی کورد بە تایبەتی و عێراقیش بە گشتی… هەر گەشاوە و شەکاوەبێت یادی 78 هەمین ساڵەی دامهزراندنی خۆی و لە دایکبوونی رابەرمان سەرۆک مەسعود بارزانی .